دابەشکاریی دیرۆکیی مافی مرۆڤ

شاڕوخ حەسەن‌زادە

لە بەشی پێشوودا گوتمان کە هەتا ئێستا دەستەبەندی جۆربەجۆر لەمەڕ ڕەوتی گەشەی مافەکانی مرۆڤ کراوە کە گرینگترینیان دابەشکاریی دیرۆکی و بەپێی جیلەکانی مافی مرۆڤە. دواتر لەو دابەشکارییەدا هاتینە سەر قۆناغی لەسەرەتاوە هەتا دەسپێکی سەدەکانی نێوەڕاست و ئەو کەسانەی لەو پێوەندییەدا شوێن‌پەنجەیان دیار بووە. باسمان لە «حاموڕابی» خونکاری مەزنی بابیلۆنییەکان، مووسا و کوروش (سایرووس) کرد.  لە درێژەی ئەم رەوتەدا دواتر ئەوە ڕۆمییەکان بوون کە بە بڵاوکردنەوەی ١٢ سواڵەتەکە، بناخەیان بۆ مافەکانی مرۆڤ داڕشت؛ کە دواتر زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی چاویان لەم شێوەیە کرد و وەک ژێرخانێکی تۆکمە بیناکەیان لەسەر دانا.
ئەم سواڵەتانە بەرلە هەموو تشتێک ئاماژەیان بە نایەکسانیی چینی دەرەبەگ و دەوڵەمەند و ناڕەزایەتیی چینی ڕەشۆکی لەهەمبەر خوێندن و پێگەیشتن دەکرد. ئەم سواڵەتانە لە ساڵەکانی ٤٥٠ و ٤٥١ی بەر لە مەسیح لەلایەن دەستەیەکی دە کەسی ئامادە کرابوو. مافی مرۆڤی یۆنانی لە بەستێنێکی بیروهزری فەلسەفیی پێشڕەو خۆی دەرخست. ماکی وەک بەشداری و شەڕاکەت، دەسەڵاتی یاسا، دادپەروەریی قەزایی، مافی خاوەنداریەتی و ئازادیی ڕادەربڕین هێمایەک لە بوونی مافەکانی مرۆڤ و پێناسەیەیەک بوو لای یۆنانییە قۆجییەکان. یاساگەلی «سۆلۆن» بیرمەندی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین سیلەی چاوێکی بە ئازادی و دادپەروەری هەبووە. یۆنانییەکان، مافی تیۆری وەک هەوێنێک لە سرووشتی ئینسان و هاوڕێ دەگەڵ خودی مرۆڤ و ڕێساکان و پێویستییەکانی جیا لە شێواز و یاسای حقوقی بابەتەکە دەزانی و پێناسەیان دەکرد.
لەوکاتەوە مافەکانی مرۆڤ، لە ڕوانگەی فەیلەسوفان بە دەوری چەمک گەلی تر ڕاڤە دەکران. «ئاڵپین» لە پێشەکی کتێبی «ژۆستینین»، مافی مرۆڤ وەک پاراستنی ڕەوشی خەڵک و هەڵبەت بۆ هەموو گیانلەبەرەکان نەک هەر ئینسان دەزانی. «سوقڕات» پێی وابوو مرۆڤ بەرئەمری یاسای سرووشتییە و مافی جێ باسی مرۆڤ وەک مافی ئازادییش دەبێ چاو لەم ڕێسایە بکا. «ئەرەستوو» بەرامبەری لە گوێڕایەڵی و دەسەڵاتداری بە یەکێک لە گرنگترین باسەکانی مافی مرۆڤ دەزانی. «زێنۆن» فەیلەسووفی یۆنانی نیوەی دووهەمی سەدەی چووارەم (پ.ز) لەسەر چییەتی مرۆڤەکان پێداگری دەکرد و سیستەمی چینایەتی ڕەد دەکردەوە.
«سیسرۆن» لە بیرمەندانی ڕێبازی «ڕەواقییون»، تیشکی دەخستە سەر ئازادی وەک گرنگترین مافی ئینسانی. لەم دەورە مێژووییە، ڕوانگەکانی «لائۆتێسێ» و «بوودا» لەمەڕ مافی بەختەوەری و ئازادی، هەروەها پێداگری «کۆنفۆسیووس» لەسەر دادپەروەری جێگای سەرنج و بایەخە.
بە چاوخشاندنێکی خێرا بە باوەڕەکانی مافەیلی مرۆڤ، لەم دەورانە دیرۆکییەدا ڕۆڵی داگیرکاری و شەڕی وڵاتان، بۆشایی پێویستیی مافەکانی مرۆڤ بەرچاوە. جگە لەمەش بۆچوونە فەلسەفییەکان وەک یەکەم هەوڵەکانی بنچینەیی بۆ دەرکی مافی مرۆڤ زیاتر خۆ دەنوێنێ. بیر و ڕوانین و باوەڕەکان دەگەڵ شوێنەواری مافەکانی مرۆڤی ئەم چاخە نەتەنیا بەستێن‌خوڵقێنی دەورانەکانی مێژوویی دیکەیە، بەڵکوو بناخەی فەلسەفی ناسینی مافەیلی بەشەر لە ماوەی سەدەکانی دواتریش وێنا دەکا.
لە سەرەتای سەدەکانی نێوەڕاست هەتا سەرهەڵدانی ڕێنسانس
سەدەکانی نێوەڕاست کە مێژوو هەمووکات وەک «چاخی ڕەش» ناوی دەبا، دەورانێکی دوورودرێژ بە درێژایی هەزار ساڵ لەخۆ دەگرێ؛ چاخێک لە نێوان سەدەکانی ٥ هەتا ١٥ی زایینی کە بە داڕمینی ئیمپڕاتۆریی ڕۆمی ڕۆژئاوایی لە ساڵی ٤٧٦ی زایینی دەست پێدەکا و هەتا گرتنی قوستەنتەنییە بە دەستی ئیمپڕاتۆری عوسمانلی لە ساڵی ١٤٥١ درێژەی هەیە. بڵاوبوونەوەی ئۆلی کریستییان، هێزگرتنی کلیسا و ماموستایانی ئایینی، دامەزرانی سیستەمی ئاغا و ڕەعیەتی هەروەها سنووردار بوونی ماف و ئازادییەکانی کەسی بە تایبەتمەندییەکانی ئەم چاخە دادەنرێن.
سەدەکانی سێهەم و چوارەمی زایینی کۆمەڵێکی زۆری خەڵک لە دەوری مەسیحییەت هاڵان، تشتێک کە وردە وردە بووە هۆی کەڵکی نابەجێ وەرگرتنی پێشەوایانی ئایینی لەو دەسەڵاتەی کە هەیانبوو بۆ وەدەست هێنانی هێزی سیاسی و ئۆلی. لەم دەورانەدا هەوڵ درا جێگە و پێگەی کلیسا وەک دامەزراوەیەکی بان مرۆڤی و خوایی جێگیر بێ و لەم ڕێگایەشەوە پاساو و بەڵگەی فەلسەفی لووس و چەور کەڵکی لێ وەرگیرا. پێشێل کردنی مافە ئینسانییەکان لەژێر سێبەری هێزی خوایی دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئۆلی، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکان ئەم چاخە دەژمێردرێن. دەسەڵات و ‌هێز وەرگرتنی کلیسا و پاپ، مافی خوایی بوونە جێگرەوەی مافەکانی مرۆڤ و پاساوێک بوو بۆ پێشێل کردنی هەموو ئەو بایەخ و باوەڕە ئینسانییانە. کلیسە پێی وابوو هێز و دەسەڵاتی خۆی لە خواست و ئیرادەی خوا وەردەگرێ کە ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ دەستێوەردان لە ژیانی مرۆڤەکان. بێبەش کردنی خەڵک لە خواستە سەرەکییەکانی وەک ئازادی، (ئازادیی ڕا دەربڕین، ئازادی بیروباوەڕ) ئاکامی ئەم شێوە بیر کردنەوەیە بوو.
دەگەڵ هەموو ئەو ڕەوش و بەسەرهاتانە، لەم چاخەدا هەوڵدان بۆ هەبوونی مافەکانی ئینسان هەر بەردەوام بووە. گرنگترین ڕووداوی جێی سەرنجی ئەم چاخە لە بواری مافەکانی مرۆڤ، بڵاوکردنەوەی جاڕنامەی مەزن (کبیر) لەلایەن «جان»ی یەکەم خونکاری ئەوکاتی بریتانیا بوو. ئەم بەڵگە مێژووییە کە لە ١٥ ژوئییەی ساڵی ١٢١٥ی زایینی (٢٥ی جۆزەردانی ٥٩٤ی هەتاوی) واژۆی لەسەر کرا، ئاماژە بە هەندێک خاڵ دەکا کە هەتا ئێستاش لە سیستەمی حقوقی و بەڵگەی قازییەکان بۆ دانی حوکم لە کەیسی گرینگی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی شوێندانەرە و کاریگەری خۆی هەبووە. دەقی ئەم جاڕنامەیە لەلایەن نوێنەری پاپ بەناوی «ستیفان لێنگتۆن» نووسراوە و وردی و زیرەکیی مێژوویی تایبەتی تێدا بەکار براوە. هەرچەندە ئەم مانیفێستە مەزنە لە سەدەکانی نێوەڕاست لە قوڕنەی ئورووپا لەبیر کرا، بەڵام لای بریتانیاییەکان زۆر جار لەلایەن لایەنەکانی سکالا و لە دادگادا وەک بەڵگە بەکار بردرا. ئەو ڕاگەیەندراوە ڕووداوێکی گرنگ بوو لە ژیانی مافەکانی مرۆڤ، لەم جاڕنامەیەدا هەرچەندە بەردەنگەکە سەرەکییەکەی چینی سەروو بوو(ئاغاوەت)، بەڵام ماف و ئازادییەکانی خەڵکیشی لەبەرچاو گرتبوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*