ئادرەسی ڕوونی قەیران و چارەسەر

عەلی بداغی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆی دەدا کە ژیان و مانی خەڵکی وڵات پتر لە هەر کاتێکی دی دژوار و تاقەت‌پڕووکێن بووە. ڕێبەرانی ڕێژیم لە لایەک هەوڵ دەدەن بارودۆخەکە ئەوەندەی دەکرێ ئاسایی پیشان بدەن بۆوەی چەندی دەکرێ پێش بە تەقینەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بگرن، تا ئەو ڕادەیەی سەرۆک‌کۆمارە مەشرەف‌خۆش و عەیارەکەیان! عەیاری ڕێژیمەکەی بە باڵای ئاڵمان دەگرێ و ئیدیعای ئەوە دەکا لە بارودۆخی ئێستاشدا ئابووریی ئێران گەلێک لە ئی ئاڵمان لەپێشترە! ئەولاتریش ئەوە ڕێبەری ڕێژیمە کە خەڵک بۆ خۆڕاگریی پتر هان دەدا و سووچی هەموو مەینەتییەکانی خەڵک لە ئەستۆی خۆی و ڕێژیمەکەی دادڕنێ و تاوانەکەی دەخاتە پاڵ “دوژمن” و ئەو سزا ئابوورییانەی بە سەریاندا سەپاندوون.
هەوڵی ڕێبەرانی ڕێژیم بۆ ون‌کردنی ئادرەسی هۆکارەکانی دۆخی کارەساتباری ئێستای ئێران لەخۆڕایە و ئاو دەبێژنگ کردنە، چونکی لای کەس شاراوە نییە کە کۆی قەیرانەکانی ئێستای وڵات بەرهەمی چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەم ڕێژیمەیە.
ڕێبەرانی ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە بە گوتاری ئیدۆلۆژیکی “هەناردەی شۆڕش”، بانگەوازی شەڕ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیان جاڕ دا، دواتریش کە تووشی شەڕ لەگەڵ عێڕاق‌ بوون و دەکرا هەر لە ساڵی یەکەمدا کۆتایی بەو شەڕە بێنن، بەئانقەست و بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان _کە یەکدەست کردنی دەسەڵات بە پاساوی هەلومەرجی شەڕ بوو_ پتر لە ٧ ساڵیان درێژ کردەوە، شەڕێک کە ئاسەواری وێرانییەکەی دوای سێ دەیە ئێستاش بە ڕوخساری وڵاتەوە دیارە.
لە چوار دەیەی ڕابردوودا بایەخی دراوی نیشتمانی ساڵ بە ساڵ و مانگ بە مانگ و لە ئێستادا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دادەڕمێ. ئابووریی وڵات لە سۆنگەی ناکارامەیی و گەندەڵی حکوومەتییەوە لەقوڕ چەقیوە و بەردەوام چووکەتر دەبێتەوە. وەبەرهێنانی بیانی بە هۆی پاوانخوازیی سپای پاسداران و سیاسەتی شەڕەنگێزیی ناوچەیی و جیهانیی ڕێژیمەوە بەردەوام لە کەمی داوە و هەرەس‌هێنانی کەرتی تایبەت و دابەزینی بازرگانیی دەرەکییش، هیندەی دیکە ئابووریی وڵاتی خستۆتە ئاویلکەدانەوە.
بۆیەشە کاتێک ڕێبەرانی ڕێژیم داڕمینی ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵات لە چوار دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتەکەیان دەبینن و نە توانا و نە ئیرادەی چارەسەر لە خۆیاندا شک دەبەن؛ دێن و وەباڵی هەموو ئەو بارودۆخە دەخەنە ئەستۆی فاکتەری دەرەکی!
ئەو فاکتەرە دەرەکییانەی کۆماری ئیسلامی بە ماکەی قەیرانەکانی وڵاتیان دادەنێ، وێدەچێ لە داهاتوودا پتر لە ئێستاش بەربینگی پێ بگرن. چونکی باسکی بەڕواڵەت بەهێزی کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان کە خۆی لە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە و تەیار کردنی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ شەڕی نیابەتیدا دەدیتەوە، هەتا دێ کورتتر دەکرێتەوە. بۆ نموونە لە عێڕاق حکوومەتی ناوەندیی ئەم وڵاتە چیدی نایەوێ لە سۆنگەی نەرمی‌نواندنی بۆ حەشدی شەعبی و دەسەڵاتی سێبەری کۆماری ئیسلامی بەرژەوەندییە ستراتیژیکییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ئورووپا بخاتە مەترسییەوە. لە سووریەش کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی نەک مەیدانداری، بەڵکوو توانای جووڵە و بزووتنیشیان پێ نەهێشتوون. وڵاتانی عەڕەبیی ناوچە و ئەمریکا و ئورووپاش سەرەڕای تێگەیشتنی جیاوازیان لەگەڵ یەکتری، بەڵام لەپێناو ڕاگرتنی پێوەندییە بنگەییەکانیان پاڵ وێک دەدەن و ناچارن وێگڕا لە بەرامبەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوەستن.
لەو کاتەدا کە ئاڵقەی گوشارەکان هەتا دێ زیاتر ڕێژیم ڕێک دەگوشێ، ڕێبەرانی ڕێژیم لەپڕ خەڵکیان بیر دێتەوە و دەیانکەن بە قەڵغان و داوا دەکەن زیاتر بەرگە بگرن! بەڵام ناپرسن کە پشکی خەڵک لە دروست‌بوونی قەیرانەکانی وڵات چەندە کە ئێستا دەبێ ئەو خۆڕاگرییە بەشی وان و ئەرکی ئەوان بێ؟ ئایا ئەوە خەڵکن کە شەڕ بە دنیا دەفرۆشن یان بۆ خۆیان؟ خەڵکن بە میلیارد میلیارد گەندەڵی دەکەن یان کاربەدەستە ورد و درشتەکانی خۆیان؟ ئەوانەی خەڵکن بیانییان بۆ هاوردەی دەرمان و کاڵا سەرەتاییەکانی ژیان دەدرێتێ کەچی یان دراوەکان ناگەڕێنەوە، یان دەدرێ بە پۆرشە و ئۆتۆمبیلی لوکسی دیکە؛ خەڵکن یان دەست و پێوەندییەکانی خۆیان؟ خەڵک لەبەر بێکاری و لە برسان شۆڕشیان نەکرد، بەڵام ئێستا برسی و بێکار و نەدار، ئەمە سووچی کێیە جیا لە خۆیان و چۆنە پشکی ئەم خەڵکە لەو دەسەڵاتە تەنیا مەینەتی و هەژاری و بێ‌ئەنوایی بێ کەچی ئێستا دەبێ خەڵک ببنە قەزا و بەڵاگێڕەوەی ئەوان و دەسەڵاتە نگریسەکەیان.
جەوهەری باسەکە ئەوەیە کە لە نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامیدا گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نییە هەتا ئەوان پێبەند بە دەروەستییەکانیان بکا. کۆماری ئیسلامی بەدەر لەو بەڵایەی بەسەر خاک و وڵاتی هێناوە و دنیای لێ کردووەتە نەیار، خەڵکی خۆیشی لێ دوژمنە. ئەم ڕێژیمەی چوار دەیەیە بۆ شەڕی ئازادیخوازان، ماف‌ویست و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان شمشیری لە ڕوو بەستوە و ئاستی سەرکوت و ناڕەزایەتییە گشتییەکان گەیوەتە ڕادەیەک کە خەڵک ئیدی ئامادەن گیانیان بدەن بۆوەی داهاتوویەکی گەشتر بۆ نەوەی دواتر چێ ببێ.
کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا کەوتۆتە تەنگانەترین ڕۆژەکانی تەمەنی. لە لایەک حکوومەتی دینی بە خەسڵەتی دەمارگرژی و پاشکەوتوویی خۆی ناتوانێ لەگەڵ هەلومەرجی بەجیهانی بوون هەڵ بکا، لە لایەکی دی بەهۆی ناکارامەیی لە ئیدارەی وڵات و گەندەڵیی سەرتاپاداگیر بووەتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرەها قەیران کە توانای چارەسەر کردنیانی نییە؛ لەگەڵ ئەوانەشدا چوار دەیە سیاسەتی هێژمۆنیخوازیی شیعەگەری سەرەڕای تەرخان کردنی بەشی هەرە زۆری سامانی گشتیی وڵات ئەم ڕێژیمەی لەسەر ساجی عەلی داناوە. ئەوەی ڕێژیم لەو ڕۆژانەدا پشتی پێ بەستوە یەکەم کارامەیی هێزی سەرکوت و داپڵۆسینە و گەورەترین نەخشیان لە بەردەوامیی تەمەنی دەسەڵاتدا بووە، دووهەم هیوایەک کە بە گۆڕانکاری لە ئیدارەی سیاسیی کۆشکی سپی هەیەتی تا لەو سۆنگەیەوە ئاهێکی بێتەوە بەر و ڕێگایەک بۆ خۆقوتار کردن لەو تەنگانەیە بدۆزێتەوە کە بێگومان ئەگەری ئەم گۆڕانکارییەش دادی ڕێژیم نادا؛ چونکی کێشە جەوهەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکان هەروا لەجێی خۆیانن.
کۆمەڵگەی ئێران وەک عەمباری باڕووتە و چاوەڕوانی لێ هەڵبوون و پڕیشکێکە کە ئاکامەکەشی چاوەڕوان‌ نەکراوە، ئەو بارودۆخەش تەنیا کاتێک لە بەرژوەندیی خەڵک دەشکێتەوە کە هێزێکی پێشکەوتووی دێموکراتیک و خاوەن متمانە بەدیلی ئەم ڕێژیمە لە مەیدانەکەدا بێ و بیەوێ ئەم گۆڕانکارییانە مودیرییەت بکا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*