کۆمەڵگەی ئێران و شەرعییەتی نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی

د. کوێستان گادانی

ساڵی ١٣٩٧ لە لایەن هیندێک لە کۆمەڵناسان، سیاسەتمەداران و ئەنیستیتوو و ناوەندەکانی لێکۆلینەوە و پلاندانانی سیاسی، بێمتمانەیی خەڵک بە سیستمی بەڕێوبەری وەک قەیرانێکی بێمتمانەیی جیهانی کە بەرۆکی سیستمی دەوڵەتداری و بەڕێوبەریی گرتۆتەوە، دەستنیشان کرا.  ئەوان لەو بڕوایەدا بوون کە وشەی متمانە لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە شتێکی بەدەگمەن لە جیهاندا و دەسکەوتن و دەستنیشان کردنی دژوار دەبێ. لە ڕاپرسییەکدا کە لە ٣٦ وڵات کرابوو، تەنیا ١٤٪ لەو باوەڕەدا بوون کە دەوڵەت، سیاسەتمەدارن و نوخبەکانیان لە وڵاتەکەیان لە بەرژوەندیی وڵات و خەڵکدا کار دەکەن. ئەوانی دی زیاتر بە گلەیی و گازەندە بوون و لە بە کەم گرتنی توانای کارزانی و لێزانیی سیستمی بەرێوبەریی وڵاتەکەیان دەدوان. لە هیندێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان تا ڕادەیەک دەست بە لێکۆلینەوە لە بواری متمانەی خەڵک بە سیستمی بەڕێوەبەریی وڵات کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بتوانن پێش بە بێمتمانەیی بگرن و سیستمی بەرێوبەریی وڵاتیان بپارێزن.
ئەم لێکۆلینەوانە بە پشتبەستن بە هیندێک چەمکی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی هەوڵیان داوە هۆکارەکانی ئەم بێمتمانەییە بە نیزام و دەسەڵاتی بەڕێوبەری شی بکەنەوە. لە ڕوانگەی توێژەرانەوە متمانەی سیاسی بە یەکێک لە ئەساسیترین پاڕامێتر و سەرمایەی کۆمەڵگە بۆ هەر شێوە حکومەت کردن و نیزامێک دادەنرێ. بێمتمانەیی سیاسی دەبێتە هۆی نەمانی ئەنگیزەی بەشداریی کاری سیاسی، هەروەها دۆخێک کە خەڵک هەست بە ئەمنییەت نەکا و ئەمەش بە نۆرەی خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانێ ڕۆڵ و ئەرکی خۆی وەک هاووڵاتییەک بەجێ بگەیەنێت.
لە زانستی سیاسیشدا پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و حاکمییەت وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی باس دەکرێ و لەسەر ئەم ئەساسە خەڵک متمانەیان دەخەنە بەر دەستی دەسەڵاتداران و لە بەرامبەردا چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی گونجاو و کرداری شیاو لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەن.
متمانە وەک ئەمانەتییەک لە لایەن خەڵکەوە لە لای نیزام دادەندرێ و ئەگەر دەسەڵات بتوانێ لە ئاستی ئەم متمانە پێکردنە ئەمنیەت، خۆشبژیوی و گوزەرانی باش بۆ خەڵک دابین بکا، متمانەی خەڵک بە دەسەڵات زیاتر دەبێ و دەسەڵاتیش لە ستاتووی خۆیدا بەردەوام دەبێت. لە پێچەوانەی ئەمەدا متمانەی سیاسی ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێ و خەڵک مل بۆ بڕیارەکانی دەسەڵات و نیزامی بەرێوبەریی وڵات ڕاناکێشن، ئەمەش لە نیهایەتدا لێک ترازان و گۆڕینی نیزامی سیاسیی بەدوودا دێت. لەلایەکی دیکەوە لە پەرەئەستاندنی بێمتمانەیی سیاسیدا، بێمتمانەیی ئابوورییش دێتە کایەوە و، بۆ ئەم وڵاتانەی سیستمێکی ئابووریی سەقامگیریان نییە، بێمتمانەیی ئابووری زیاتر لە بێمتمانەیی سیاسی کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەبێ کە لە نیهایەتدا هەموو جومگەکانی حاکمییەت لەکار دەخا و دەسەڵاتی سیاسی شەرعییەتی بەڕێوبەریی و ئۆتۆریتەی خۆی لەدەست دەدا.
یەکێک لەم وڵاتانەی لە بێمتمانەیی کۆمەلگە  لە ئاست حاکمییەتی سیاسی لە فازی هەلدێردایە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بێمتمانەیی خەڵک بە دەسەڵات بە ڕادەیەکە بەردەوام ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا نیزامی سیاسیی ئێران شەرعییەتی خەڵکیی هەیە و ئەگەر نا ئەدی چۆنە هەر بەردەوامە؟
بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئێستای ئێران لە سێ گۆشەنیگای ئابووری، شەفاف نەبوون، و بە هێند نەگیرانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانین بڵێین کە بێمتمانەیی شەرعییەتی نیزامی سیاسی لە ئێرانی بەتەواوی هێناوەتە ژێر پرسیار.
دوای هاتنەدەرێی ئامریکا لە بەرجام و گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران،  بایەخی دراوی نیشتمانیی ئێران دابەزینێکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و بووەتە هۆکاری هەڵاوسانێکی زۆر. لە مانگی ڕەشەمەی سالی ١٣٩٨ تا  مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩ لانی کەمی بژیوی ژیان لە  ٤،٩٤٠،٠٠٠ تمەن ڕا گەیشتووەتە ٧،٥٠٠،٠٠٠ تمەن؛ یانی لە ماوی ٦ مانگدا لانی کەم نیزیک بە ٣ میلیۆن واتە٦٠٪ زیادی کردوە. “سبد معیشت” کە پێناسەیەکە بۆ لانی کەمی بودجەی ژیان، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بوون‌دایە، بێکاری زیاتر بووە و پێڕاگەیشتن کەمتر. هاوکات بارودۆخی کرۆنا ئەوەندەی دیکەش ناکارامەیی حاکمییەت و دژی‌گەلی بوونی ئەم ڕێژیمەی دەرخست کە چۆن لە کاتێکدا خەڵک بۆ سەرەتاییترین پێداویستیی وەک دەمامک و پاککەرەوە داماون، بەڵام سامان و دارایی وڵات لە دەرەوەی سنوورەکان بۆ مەرامە ئیدۆلۆژیکییەکانی ڕێژیم خەرج دەکرێ.
متمانە لە پێوەندیی دوولایەنەدا کاتێک جێگیر دەبێ کە شەفافییەت هەبێ و شەفافییەتی نێوان خەڵک و دەسەڵات بە یەکێک لە بنەما گرینگەکانی متمانەی کۆمەڵایەتی دادەنرێ. بەڵام هەر ئاماژەدان بە چەند ڕووداوێکی ساڵانی ڕابردوو وەک پەراوێزەکانی خۆپیشاندانەکان، بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە و بڵاوبوونەوەی کرۆنا و بڵاوکردنەوەی ئاماری ناڕاست لە ئێران پێمان دەڵێن کە ڕێژیم چەندە لەگەڵ خەڵک ناڕاست و خەڵکیش چەندە بە نیسبەت حاکمییەت بێ‌متمانەن.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتدا مەگەر زانیارییەکی زۆر تایبەت کە پێوەندیی بە ئەمنیەتی نیشتمانییەوە هەبێ، ئەگینا زۆربەی ئامار و زانیارییەکان بە دەقیقی دەخرێنە بەردەستی خەڵک و ئەوەش لە پێناو متمانەی کۆمەڵگە بە دەسەڵاتە کە دەکرێ. بەڵام لە ئێران بە پێچەوانە، ئەوەی جێی بەقا نییە قسە و لێدوانی کاربەدەستان و ئامارە ڕاگەیەندراوەکانی حکوومەتە.
کە باس لە وڵامدانەوەی چاوەڕوانییەکانی خەڵک لە سیستمی دەسەڵاتدار دەکرێ، یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکان سەرنجدان بە خواستی کۆمەڵگە و بایەخ‌دانان بۆ ویستی گشتییە. لە وڵاتێکی وەک ئێران بە هۆی باکگراوندی دانیشتووانی و مێژووی ئەم وڵاتە، بەو هەموو پێکهاتە  نەتەوەیی و جۆراوجۆریی مەزهەبی و چینایەتی، ویستی خەڵک مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییە دانپێدراوەکانیانە، ئەو ماف و داخوازە ڕەوا و بەرحەقانەی لە بیاڤەکانی ئەندێشە، کۆمەڵگە و هاوبەشی سیاسیدا هەیانە بەڵام دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەک بۆ خەڵکی بەڕەوا نابینێ، بە هەموو شێوەیەکیش لەدژیان دەوستێ.
کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی بە جموجۆل و زیندوویە، لەوە تێپەریوە کە گوێ بۆ بەرپرسی نابەرپرس و دروشمی پر باق و بریقی بێ کردەوە  ڕابگرێ. ئەم کۆمەڵگەیە لە ڕێبەر و بەڕێوبەری تێگەیشتوو، خەڵکی، لێزان و بەتوانا دەگەڕێ کە بتوانێ متمانەی پێ بکا و جڵەوی ئیدارەی وڵاتی بداتە دەستی. لە سیستمە دێموکراتیکەکاندا چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوە غەیرە دەوڵەتییەکان و حیزبەکان نەخش و ڕۆڵێکی تایبەت و بەرپرسانەیان لە سەقامگیریی حکوومەتدا هەیە و ئەگەر پێویست بێت لە بەرژەوەندیی خەڵک و کۆمەڵگەدا شوێنکاری بەهێز و دیاریان لە ئاڵوگۆڕی سیستمی دەسەڵاتی وڵاتیشدا دەبێ. بەڵام لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵات دەستی لە بینەقاقای کۆمەڵگەی مەدەنی داوە و بە قەدەغە و سنووردار کردنی تێکۆشانی سیاسی ڕێگەی لە هاوبەشیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک گرتوە.
ڕێژیمی سیاسیی ئێران بۆ ڕاگرتنی جەماوەر هەر جارە و بە وادە و بەڵێنێک، خەڵک چاوەڕوان دەکا و بە پیدانی دڵۆپەهیوای گۆڕانکاری لە هەڵبژاردنە موهەندیسی کراوەکانیدا هەوڵ دەدا بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان وا نیشان بدا خەڵکی لەگەڵە. لێرەدا بۆ نموونە تەنیا تیشک دەخەینە سەر پرسی ژنان و موهەندیسی کردنی دەنگی ژنان لە هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدا.
ڕوون و ئاشکرایە کە ژنان لە نەبوونی کۆمەڵگەیەکی کراوە، یەکسان و دێموکراتدا، چەند قاتی پیاوان دەچەوسێنەوە و ئەم دیاردەیەش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هۆی کۆمپلێکس بوونی ناوچەکە و ناسەقامگیریی دەسەڵات زیاتر بەرچاوە. لەو نێوەدا بارودۆخی ژنان و مافەکانیان لە ئێران لە چاو وڵاتانی دراوسێشی زۆر لە پاشترە. ژنان لە ئێران بە هۆکاری سیاسی، نەتەوەیی، داب و نەریت، ئایین و ڕوانگەی پیاوسالاریی دەسەڵاتی سیاسییەوە پتر لە بەشمەینەتی دابوون، بەڵام چونکی کۆمەڵەیەکی زیندوون و دەستیان بەرنەداوەتەوە، ماتەوزەیەکی هیندە بەرچاون کە ڕێژیمیش ناتوانێ نادیدەیان بگرێ و هەموو کات هەوڵی داوە ئەم ماتەوزەیە بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆی مودیرییەت بکا.
هەر دوو باڵی ڕێژیم لە گەمە سیاسییەکانی خۆیان و بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەوڵیان داوە بە قامک‌دانان لەسەر ماف و خواستەکانی ژنان سەرنجی ئەم بەشە یەکلاکەرەوەیەی کۆمەڵگە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و دەنگەکانیان وەرگرن. دیارە بەشداریی ژنان و هیوا هەڵچنینیان لەسەر وادە و بەڵێنی باڵە سیاسییەکانی دەسەڵات (بەتایبەت لە بەرژەوەندیی ڕێفۆرمخوازەکان) لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا دیار و بەرچاو و تەنانەت یەکلاکەرەوە بووە. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە باڵە سیاسییەکان چۆن دەتوانن سواری شەپۆلی مافخوازیی ژنان بن و ژنان بە پێی ئەزموونی دەیان ساڵەی هەوڵی لەو چەشنەیان، چۆن دەتوانن خاڵی کۆتایی لەسەر ئەم سووڕی باتڵە دابنێن؟ ژنان کە بەشخوراوترین توێژی کۆمەڵگەی ئێرانن و لە چوارچێوەی نیزامی ئیدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییدا ناتوانن کەمترین ماف و داواکانیان هەبێ، بۆچی دەبێ متمانە بە دەسەڵات بکەن و ڕێگە بدەن بۆ مەرامە سیاسییەکانیان بەکاریان بێنن؟ سروشتییە کە ژنانیش وەک بەشێکی کۆمەڵگە فریوی دروشمەکانی ڕێفۆڕمخوازەکانیان خوارد. کاتێکیش دەرکەوت هیچ کام لە باڵە سیاسییەکانی ڕێژیم ناتوانن ماف و داخوازە سیاسی، مەدەنی و ڕەگەزییەکانی ژنان لە بەرنامەکانی خۆیاندا بگونجێنن، ئەوانیش پشتیان تێ کردن. بەشداریی یەکجار کەمی خەڵک لە تازەترین هەڵبژاردنەکانی “میان دەورەیی”ی مەجلیس و ئاماری زۆر کەمی بەشداریی ژنان لەو هەڵبژاردنانە دەری دەخا کە دەسەڵاتی سیاسی بەتەواوی متمانەی خۆی لە دەست داوە.
ئێستا سەرباری ئەوەی باس کرا متمانەی خەڵک بە دەسەڵات و حاکمییەتی سیاسی لەو پەڕی لاوازیی خۆی‌دایە، ئەدی هۆکارەکانی مانەوەی ڕێژیم لە دەسەڵات بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
لە وەڵامی کورتی ئەم پرسیارەدا دەتوانین ئاماژە بەم سێ خاڵەی خوارەوە بکەین: جەناحە سیاسییەکان لە ئێران لە پلاندارێژی و ئیدارەی وڵاتدا یەکتر خەتابار دەکەن، سووچی قەیران و نەهامەتییەکان دەخەنە پاڵ یەکتری و هەم لە نێو دامودەزگا نێوخۆییەکاندا یارگیری دەکەن و هەم لە پێوەندیی نێودەوڵەتیشدا بەو گەمەیە چاوەڕوانیی گۆڕان دروست دەکەن و بۆ ئەو گۆڕانەش _کە ناکرێ_ سەرنج و پشتیوانیی لایەن و وڵاتەکان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. ئەو دابەشینەی کار و گوتارەی دوو قۆڵی ڕێژیم هەتا ئێستا بووەتە هۆی لەخشتە بردنی خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانی و لە بەرژەوەندیی نیزامی سیاسیی ئێراندا شکاوەتەوە. بە واتایەکی دی یەکێک لە هۆکاری بەردەوامیی ئەم نیزامە سیاسییە یەکگرتوویی ستراتیژیی جیناحەکانی نێو دەسەڵاتە.
دووهەم، نەبوونی ئالترناتیڤ لە نێوخۆی ئێران کە ئەم ئالترناتیڤە تا ئێستا شتێک نەبووە بێجگە لە جێگۆرکێی باڵەکانی نێو ڕێژیم. واتە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا نەیتوانیوە ئەوەندە هێزمەند بێ کە خۆی وەک جێگرەوەی دەسەڵاتی سیاسی وێنا بکا و وەک بەدیل بتوانێ هەم پشتیوانی دەرەکی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و هەم زەرفییەتەکانی کۆمەڵگە لە پشت خۆی بەسیج بکا.
سێهەم هۆکار بۆ شێوەی مامەڵەی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە. ئەو کایە بەناوبانگەی وڵاتانی دەرەوە دەگەڵ ئێرانە کە بریتییە لە یەک هەنگاو بۆ پێش و دوو هەنگاو بۆ دواوە. بەرژەوەندخوازیی وڵاتانە بەهێزەکان و پێک‌ناکۆکیی بەرژەوەندیی ئەم وڵاتانە وای کردوە کۆماری ئیسلامی بتوانێ هەتا ئێستاس بە قۆستنەوە و مودیرییەتی ئەو ناکۆکییانە ڕێژیمەکەی خۆی لەسەر پێ ڕابگرێ کە “بەرجام” یەک لەو لێکەوتانەیە.
ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم پارامێترە دەرەکی و نیوخۆییانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەستاندنەوەی یەکجارەگیی متمانەی خەڵک و بەردەوامی زیاتری ئەم حکومەتە؟
بێگومان هەر نیزام و دەسەڵاتی سیاسی مانەوەکەی بەندە بە سێ پارامێتر: سەلماندنی هێز، نەهادینە کردنی هێز و مەشرووعییەتی هێز؛ کە ئەم سێ پاڕامیترە لە نێوخۆی وڵاتدا دەبێ پشتیوانیی لێ بکڕێ کە ئەمەش لە ئێراندا لەوپەڕی لاوازیی خۆی‌دایە. هەل و کات و بواریش بۆ کۆکردنەوەی متمانە لەبەردەستی ڕیژیمدا نییە. ئەم متمانەیەی کە ڕێژیم بە سیاسەت و کردەوەکانی لە چوار دەیەدا نەیهێشتوە و لەبەینی بردوە، نە بە هیوا و بەڵێنی نوێ دروست دەبێتەوە و نە خەڵک چیدی ئامادەن ئەم دەرفەتە بە ڕێژیم بدەنەوە، بە واتایەکی دی ژمارە پێچەوانەکانی تەمەنی ڕێژیم دەستی پێ کردوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*