بەڕێوەچوونی وێبنیارێكی سیاسی له‌سه‌ر دۆخی كۆماری ئیسلامی بۆ کومیتەکانی ئەمریکا و کانادا‌

‌ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی ئۆكتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی وێبینارێكی سیاسی کە بە هاوئاهەنگی لە نێوان کومیتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتانی ئەمریکا و کەنادا ڕێکخرابوو، بۆ به‌ڕێز ناسر باباخانی مامۆستای زانكۆ و شرۆڤه‌كاری سیاسی به‌ شێوه‌ی ئانلاین به‌ڕێوه‌چوو. ئەو وێبیناره‌ كه‌ به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستان له وڵاتانی‌ ئه‌مریكا و كانادا به‌ڕێوه‌چوو یه‌كه‌م ئاڵقە لە زنجیره‌ به‌رنامه‌ داڕێژاوه‌كانی كومیته‌ی ئه‌مریكا بوو کە بۆ باس وخواس له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی ڕۆژ و په‌یوه‌ندیدار به‌ كوردستان و ئێران بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.
سەرەتای وێبینارەکە به‌ ڕاگرتنی خوله‌كێک بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان ده‌ستی پێكرد. پاشان لە لایەن بەڕێوەبەری وێبینارەکە بەڕێز ئەنوەر کەریمی بەخێرهاتنی ئامادە بووان کرا. بە دوای ئەو دا بەڕێز خه‌بات ئیبڕاهیمپوور به‌رپرسی كومیته‌ی حیزب له‌ ئه‌مریكا بۆ ده‌سپێكی وێبیناره‌كه‌ چەند وتەیەکی پێشكه‌ش كرد. کاک خەبات سه‌باره‌ت به‌ ئه‌رک و چالاكییه‌كانی كومیته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات دوا و داوای کرد کە هەموو هاوڕێیانی حیزبی و بە تایبەتی کومیتەکان به‌ شێوه‌یه‌كی جیددیتر له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیدا ده‌ژین خۆیان ده‌رخه‌ن.
به‌رپرسی كومیته‌ی حیزب له‌ ئه‌مریكا له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا كوتی: ئێمه‌ وه‌ك كومیته‌كان پێویسته‌ خوێندوه‌یه‌كی دووباره‌مان هه‌بێ بۆ ئه‌رك و چالاكییه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پرسی كورد له‌ مێدیاكانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ پارله‌مانه‌كان، له‌ ناو پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان، له‌ ناو دۆستانی كورد، له ناو ڕێكخراوه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكه‌ین به‌ ڕۆژه‌ڤ.
پاشان كاك ناسر باباخانی وه‌ك کۆڕگێری سەرەکی وێبناره‌كه‌ بابه‌تێكی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر دۆخی كۆماری ئیسلامی پێشكه‌ش كرد و ئه‌و پرسیاره‌ی كرد به‌ چه‌قی سه‌ره‌كی باسه‌كه‌ی كه‌ بۆچی كۆماری ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ چل ساڵه‌ له‌ دۆخێكی قه‌یراناویدایه‌ به‌ڵام تا ئێستا نه‌ڕووخاوه‌؟
كاك ناسر بۆ وڵامی ئەم پرسیاره‌ سێ خاڵی پۆلێن به‌ندی كرد كه‌ وه‌ك هۆكاری مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌وریان گێڕاوه‌:
  • لایه‌نی ڕه‌ق ئامێری: ده‌زگای سه‌ركوت و ئه‌شكنجه‌ و ئێعدام و هه‌روه‌ها تیرۆری سیستماتیكی جیابیران لە ده‌ره‌وه‌ی و ناوخۆی ولات
  • لایه‌نی نه‌رم ئامێری: ئالترناتیوسازی بۆ به‌لاڕێدا بردنی هێز و پتانسییه‌لی ئۆپۆزیسیۆن و خه‌ڵك، ساز كردنی كه‌لێنی سیاسی، ئایینزایی، چینایه‌تی و جێندێری و هتد له‌ ناو گه‌لانی ئێران، درێژ كردنه‌وه‌ی هێڵه‌كانی قووڵایی ستراتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌نارده‌ كردنی شۆڕش
  • گرفتی پێكهاته‌یی: نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی جیددی وه‌ك ئاڵترناتیوێكی باوه‌ڕپێكراو، بەردەوام نەبوونی خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكی ئێران
 بەڕێز باباخانی له‌گه‌ڵ ئه‌م خاڵانه‌شدا ئاماژه‌ی به‌و خاڵانه‌ كرد كه‌ كۆماری ئیسلامی بۆ به‌ره‌و هه‌ڵدێری نه‌مانه‌ و ئه‌م هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كاڵ بوونه‌ته‌وه‌
  • ناڕه‌زایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی گه‌لانی ئێران و به‌ خاوه‌ندارێتی كردنی شه‌قام
  • بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆشیال مێدیا
  • داڕمانی ئابووری و له‌ناوچوونی ژێرخانه‌كانی ئابووری
  • گوشار و گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا ٥- كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و نه‌مانی قووڵایی ستراتیژیك
  • ٦- ته‌ریك كه‌وتنه‌وه‌ی زیاتری كۆماری ئیسلامی به‌ تایبه‌تی به‌ هۆی ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی.
پێویست بە گوتنە کە ئەو سمینارە دوای دوو کاتژمێر، بە پرسیار ئامادەبووان و وڵامەکانی مامۆستا ناسر کۆتایی پێهات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*