کوژران و بریندار بوونی ٥٨ کۆڵبەر، ئێعدامی ١٧ بەندکراو و گیرانی ١٩٢ کەس لە سێ مانگی هاوینی ١٣٩٩دا

[ڕاپۆرتی به‌شێک له‌ پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هۆی کۆماری ئیسلامی له‌ سێ مانگی هاوینی ١٣٩٩ی هه‌تاویدا]
لە ماوەی سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا (١٣٩٩ی هەتاوی) زیاتر لە ٣٥٩ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون.
به‌ پێی بانکی زانیاریی “چاونیوز”، ماڵپەڕی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان له‌ سێ مانگی هاوینی ئه‌م ساڵدا هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان لانیکەم ٦٨ كۆڵبه‌ر و کاسبکاری کوردیان داوه‌ته‌ به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی چه‌که‌کانیان. له‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌دا ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون و ٤٨ که‌سیش بریندار بوون. هەر لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ٥ شوانکارە و چۆدار لە ناوچە سنوورییەکان بەئانقەست لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستێندراوە.
بە سەرنجدان بەوەش کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا ٥٨ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستانیان دابووە بەر دەستڕێژ، ژمارەی ئەو کاسبکارانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کوژراون و بریندار بوون گەیوەتە ١٢٦ کەس کە ٤٩ کەسیان کوژراون و ٧٧ کەسیش بریندار بوون.
هەر لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ١٧ زیندانیی کورد له‌ زیندانه‌کانی ئێراندا له‌ سێداره‌ دراون کە دوو که‌س له‌وان بە تاوانی ئەندامەتیی حیزبە کوردییه‌کانی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی لەدار دراون و، زیندانییەکانی دیکە بە تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کوشتنی بەئانقەست و بازرگانیی مادەی هۆشبەر ئێعدام کراون. جیا لە ئێعدامی ئەو ١٧ بەندکراوە کوردە، سێ زیندانی لە شارەکانی ورمێ و کامیاران بە هۆی نەخۆشیی کۆڕۆنا و پێڕانەگه‌یشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە. بە سەرنجدان بەوەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە سێ مانگی بەهاریشدا ١٥ زیندانیی کوردی لەدار دابوو، ژمارەی ئەو بەندکراوە کوردانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ئێعدام کراون ٢٢ کەس بووە کە ٤ کەس لەوان زیندانیی سیاسی بوون.
ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی زاندراوە، لانیکه‌م ١٩٢ که‌سیان به‌ تۆمه‌تی چالاکیی سیاسی و هاوکاریکردنی حیزبه‌ کوردییه‌کانی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی قۆڵبه‌ست کردوه‌. ژماره‌یه‌ک له‌و گیراوانه‌ تا کاتی دادگایی کردنیان به‌ بارمته‌ی قورس ئازاد کراون و لانیکه‌م ٥٦ که‌س له‌وانه‌ دوای به‌ناو دادگایی کرانیان سزای لە ٣ مانگ زیندان‌ڕا تا ١٧ ساڵ زیندان و تەنانەت حوکمی ئێعدامیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌. لەو ٥٦ بەندکراوە دوو کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لە دادگای تێهەڵچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە. ئەو ٥٢ بەندکراوەی دیکەش سەرجەم بە ٢٤٨٠  مانگ ( 206 ساڵ و ٨ مانگ) زیندان مەحکووم کراون.
دەزگای ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وەرزی بەهاریشدا  ١٠٦ کەسیان لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی دژی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کردبوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گیراون گەیشتە ٢٩٨ کەس.
تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵیشدا لانیکه‌م ١٤ قوربانیی لێکەوتەوە که‌ ناوه‌ندی مافی مرۆڤ شوناسی ٨ که‌س له‌وانی ئاشکرا کردووه‌. له‌و ٨ که‌سه که‌ له‌ ناوچه‌کانی کرماشان، مەلەکشاهیی ئیلام و مەریوان بوونه‌ته‌ قوربانیی ته‌قینه‌وه‌ی مین،‌ ٤ کەسیان بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و ٤ کەسیش به‌ سه‌ختی بریندار و نقوستان بوون.
“چاونیوز” لە ڕاپۆرتی وەرزی بەهاریشدا ناسنامەی ٩ هاووڵاتیی کوردی ئاشکرا کردبوو کە بە ببوونە قوربانیی تەقینەوەی مین، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون و بە ناو و شوێنی ژیانیان زاندراوە بووەتە ١٧ کەس. لەو ١٧ کەسە ٥ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ١٢ کەسیش بریندار بوون.
هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٧ کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار کە شوناسی ٢٨ کەس لەوان لەلای ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە کە ١٥ کەس لەوان بەهۆی جۆراوجۆری وەک بەربوونەوە لە بەرزایی و بڕق‌ گرتوویی و … گیانیان لە دەست داوە. بە سەرنجدان بەوەش کە لە بەهاری ئەمساڵیشدا لانیکەم ١٠ کرێکاری کورد بەهۆی جۆراوجۆری وەک سووتان، بەربوونەوە لە بەرزایی و بڕق‌ گرتوویی گیانیان لە دەست دابوو؛ ژمارەی قوربانییانی کار لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٣٨ کەس بووە کە ٢٥ کەس لەوان لە سۆنگەی نەبوونی ستانداردەکانی ئیمەنیی کار گیانیان لەدەست داوە
ئاماری خۆکوژییەکانیش لە کوردستان بەهۆی پەرەسەندنی خەمۆکی و قەیرانەکانی بێکاری و ئابووری هەروەها؛ کەمتەرخەمیی دامودەزگا دەوڵەتی‌ و حکومییەکانەوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەی هاویندا دیار و بەرچاو بوو.
لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا هەر نەبێ ٤٤ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٣٢ کەس لەوانی بە ڕوونی تۆمار کردوە کە که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی ١٢ ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان ژنێکی ته‌مه‌ن ٦٠ ساڵ بووه‌.
“چاونیوز” لە ماوەی سێ مانگی بەهاریشدا شوناسی ٥٩ کەسی لەو دەیان کەسەی بە هۆکاری جۆراوجۆر خۆیان کوشتبوو، تۆمار کردبوو. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە هۆی خۆکوشتنەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، لانیکەم ٩١ کەس بووە.
شایانی باسه‌ ئه‌و ئامارانه‌ ته‌نیا به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ ئاماده‌ کراوه‌ که‌ به‌ ده‌ستی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ گه‌یشتوون و ناو و نیشانیان به‌ روونی ئاشکرا کراون، ئه‌گینا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ قوربانیانی سیاسه‌تی توندو تیژی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان زۆر له‌وه‌ زیاترن که‌ لێره‌ دا ناویان هاتوه‌ و ئاماژه‌یان پێ کراوه‌.

خشته‌ی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان به‌ هۆی کۆماری ئیسلامی له‌ سێ مانگی هاوینی ئه‌مساڵدا:

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*