کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزب لە گوندی نستانی ناوچەی ڕەبەت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢ی رەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی کاک عومەر شێخەپوور بە هۆی نەخۆشی مالئاوایی لە کۆری هاورێیانی کرد. کاک عومەر لە ساڵەکانی سەرەتایی جووڵانەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵ بە ریزەکانی شۆڕش و بزووتنەوەی کوردستان بوو و چەکی بەرگری لە ماف و داخوازیەکانی گەلەکەی کردە شان. لە عەمەلیاتێکی هاوبەشی پێشمەرگەکانی حیزب و سازمانی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان دا کە بە تۆڵەی شەهید محەممەدی قادرزادە ” نستانی ” بەڕێوە چوو، کاک عومەر بە توندی بریندار بوو، بەڵام دوایی سارێژ بوونەوەی برینەکانی لەسەر بریاری حیزب گەرایەوە نێو ماڵ و منداڵی و وەک ئەندامی نەهێنی سازمان درا و هەتا دوایین هەناسە وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان و حیزب مایەوە. پێویست بە ئاماژەیە کە برایەکی دیکەی کاک عومەر بە ناوی کاک محەممەد نستانی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب دا قاچێکی لە دەست داوە و ئیستا نیشتەجێی وڵاتی سویدە. جێگەی باسە کە بنەماڵەی کاک عومەر و کاک محەممەد لە سەردەمی خەباتی پێشمەرگانە دا، بوێرانە بە گژ دوژمن دا چوونەوە و دواتریش موچە و مەزرایان جێگەی حەوانەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، وێرای بەداخ بوون بۆ کۆچی دوایی کاک عومەر شێخەپوور، سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری گوندی نستان، بنەماڵە و کەس و کاری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاورێی ئازیزمان کاک محەممەد نستانی و بنەماڵەی بەرێزیان دەکات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*