مستەفا مەولوودی: چالاک کردنی مکانیزمی ماشە ئاکامی درێژنەکردنەوەی سزاکانی چەکۆچۆڵ لەدژی ئێرانە

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی “کوردستان”، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند کە کارا کردنی مکانیزمی ماشە ئاکامی درێژنەکردنەوەی سزاکانی چەکۆچۆڵ لەدژی ئێرانە کە لە کۆبوونەوەی مانگی ئاگوستی رابردوودا شوڕای ئەمنیەتدا بڕیاری لەسەر درا.
کاک مستەفا مەولوودی گوتی بڕیاری حکومەتی ئەمریکا بۆ چالاک کردنی میکانیزمی ماشە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سزاکانی شوڕای ئەمنیەت بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لێکدانەوەی جۆراوجۆری سیاسی و بە تایبەت حقووقیی تایبەت هەڵدەگرێ. ڕاستە کە لە باری قانوونییەوە ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام کشاوەتەوە، بەڵام لە ڕووی حقووقی و یاساییەوە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شوڕای ئەمنیەت کە زەمانەتی ئیجرایی داوە بە جێبەجێ کردنی بەرجام، لەودا باسی مافی وڵاتانی بەشداری کردوە. لەوێ بەڕوونی دەڵێ هەرکام لە وڵاتانی بەشدار ئەگەر تەنەخی یان لادانێک لە ئێران و بەڵێنەکانی ببینێ، دەتوانێ یەک لایەنە لەو پەیمانە بێتە دەرێ و لە ماوەی سی ڕۆژدا سزا هەڵپەسێردراوەکانی دژی ئیران بگەڕێنێتەوە جێی خۆیان؛ بێ ئەوەی ئەندامانی خاوەن مافی ڤێتۆ بتوانن ڤێتۆی بڕیارەکە بکەن. بەڵام بەم حاڵەش ئەم بڕیارەی ئامریکا لە باری قانوونییەوە ئاڵۆزی و لە بواری سیاسییەوە گرفتی خۆی هەیە، چونکی هاوبەشەکانی دیکەی لە بەرجام لەگەڵی کۆک نین.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لەبارەی کاردانەوەی سێ وڵاتی ئورووپایی بەشدار لە بەرجام گوتی: ئەگەر وا دابنێین هەڵوێستی ئورووپاییەکان لە باری حقووقییەوە کەمێک بە هێزتر دەنوێنێ، بەڵام ئورووپاییەکان لە باری عەمەلی و جێبەجێ کردنەوە زۆر دەست‌کراوە نین، بۆیە تەنانەت سکرتیری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو بەرچاوڕوونیە نادا کە لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی ئەمریکادا وەڵام و ڕێکاری بەکردەوە دەبێ چی بن؟
کاک مستەفا تیشکی خستە سەر ئەوە کە ئەمریکا بە پێی توانا و دەرەتانی خۆی دەتوانێ هەندێک کار بکا کە نە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و شوڕای ئەمنییەت و، نە هاوبەشە ئورووپاییەکانی ناتوانن بەئاسانی پێشی پێ بگرن. چونکی ئەمریکا لە غەیری ئەوەدا دەتوانێ بە پشتبەستن بە یاسای “داماتو” سزایان بەسەردا بسەپینێ.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لەبارەی هۆکارەکانی دەست بردنی ئەمریکا بۆ ئەو بریارە گوتی: ئەگەر لە مانگی ئاگۆستی ڕابردوودا و لە کۆبوونەوەی شوڕای ئەمنیەتدا، ئەندامانی شوڕای ئەمنیەت لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سزادانی چەکوچۆڵ بەسەر ئێراندا هاوڕا بان، ئەو بەرگژەیە نەدەهاتە پێش. بۆیە ئەمریکا بە ناسینێک کە لەسەر ڕێژیمی ئێرن هەیەتی، حەقی بوو پێداگری لەسەر درێژکردنەوەی سزاکانی ئێران بکا. بەتایبەت کە لە گۆشەنیگای کۆنتڕۆڵی ئێران و بە سەرنجدان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران لەسەر سەقامگیری و ئاشتی ناوچەیی و جیهانی، هاوبەشە ئورووپاییەکانی ئەمریکاش بۆچوونیان لە بۆچوونی ئەمریکا نیزیکە.
کاک مستەفا مەولوودی لەسەر کاریگەریی ئەم بڕیارە ئەمریکا لەسەر ستاتوی ئێران لە دەرەوە و بارودۆخی وڵات لە نێوخۆ ڕای وایە: حکومەتی ئێران بەو بڕیارەی ئەمریکا هیندەی دیکەش تووشی قەیران دەبێ و ئەوە هەر لە یەکەم ساتەکانی دوای ئەم بڕیارە بە دابەزینی زیاتری نرخی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران و بورسی وڵاتەوە دیار بوو. لەلایەکی دیکەوە پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمریکا بە جۆرێکە کە کۆمپانیا زەبەلەحەکان مەرج نیە بە مەیل و دڵی وڵاتانی ئورووپایی بجووڵێنەوە و ئەوان بۆ پاراستنی قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان ناچارن سیلەی چاوێکیان لە پێگەی ئەمریکا لە ئابووریی جیهاندا بێت. ئەوەی هەموومان دەیزانین ئەوەیە سزا تاکلایەنەکانی هەتا ئێستای ئەمریکا لە دژی ئێران نیزامی سیاسی و وڵاتی ئێرانی بەرەوڕووی زۆر قەیرانی سیاسی، ئابووری، ژینگەیی جۆراوجۆر کردوە و گەڕانەوەی سزاکانی شوڕای ئەمنییەت یان قورستر کردنی سزا تاکلایەنەکان هیندەی دیکە ئەم ڕێژیمە دەخاتە تەنگانەوە.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لەبارەی لێکەوتەکانی بڕیارەکەی ئەمریکا لەسەر خەڵکی ئێران تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دروست کردنی ناڕەزایەتیی خەڵک لە دژی ئەمریکا. بەڕێزیان گوتی ڕوون و ئاشکرایە کە کۆی سزاکان هیندەی دیکەش ئابووری ئێران دادەتەپێنێ و سروشتییە کە ئەمە شوێنەواری لە سەر بازاڕ و ژیانی خەڵکیش دەبێ، بە تایبەت کە حکوومەتی ئێران لە کاتی وا دا قەیرانەکان جۆرێک مودیرییەت دەکا کە دووکەڵەکەی زیاتر بچێتە چاوی خەڵک، بۆوەی کاردانەوەی دژ لەلایەن خەڵکە بەدژی سەرچاوەکانی ئەم بڕیارە دروست بکا، لە حاڵێکدا خەڵکی ئێران ئەگەرچی بەهۆی ئەم بارودۆخەوە دەکەونە ژێر گوشاری زیاترەوە، بەڵام بەرپرسایەتیی ئەو دۆخە و تاوانەکەی دەخەنە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی حکوومەت.
کاک مستەفا مەولوودی دواجار ڕای وایە کە حکومەتی ئێران توانای بەگژداچوونەوەی ئەم بڕیارەی ئەمریکای نییە و وانییە بۆچوونی جیاوازی ئورووپاییەکانیش دەفریای بێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*