بەڕێوەچوونی ئاکسیونێک لە شاری بێرلین،ی ئاڵمان، لە ٢٨ ساڵەی شەهیدانی میکۆنۆس دا

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٩ی سێپتامبر، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان، لە ٢٨ ساڵەی کردە تیرۆریستیەکەی دیپڵۆمات تیرۆریستەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رستوورانی مێکونووس، بۆ لەقاو دانەوەی دووبارەی ئەو جینایەتە کە بوو بە هۆی شەهید بوونی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان ،کاک دوکتور سادق شەرەفکەندی، کاک فەتاح عەبدوولی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی دەرەوەی وڵات، کاک هومایون ئەردەڵان بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان ‌و کاک نووری دهکوردی کەسایەتی سیاسی ئێرانی‌ و دۆستی حدک‌، بوونە قوربانی، بە بەشداریەکی پڕ شکۆی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاڵمان، ئاکسیۆنێکیان بەڕێوە برد و کۆبوونەوەیەکی عەهد و وەفایان لەسەر مۆنومێنتی شەهیدانی میکۆنووس، گرت.
ئاکسیۆنەکە بە خولکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان لە لایەن هونەرمەندی ژەنیاری دیوان کاک مەناف مەجیدی، سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لێدرا.
پاش خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب، بەڕێوەبەری بەرنامەکە کاک بێهروز کلینیک، بە هەردووک زمانی ئاڵمانی و کوردی، بەخێر هاتی بەشداران کراو و داوا لە کاک بێهزاد کارساز‌ کرا کە بە زمانی ئاڵمانی، پەیامی کۆمیتەی ئاڵمان بخوێێتەوە.
باش خۆیندنەوەی پەیامی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان، کاک سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کومیتە چەند وتەیەکی سەبارەت بە شەهیدانی میکونووس و ٤١ ساڵ تیرۆری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بە  زمانی ئاڵمانی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە درێژە دا  هەردووک بەڕێزان، خاتوو زۆما و هاکان تاس، ئەندام پاڕڵەمانی ئاڵمان و ئەندامی حیزبی لینکە پاڕتای، سەبارەت بە تیرۆری میکونووس، چەند قسەیەکیان بە بەشداربووان کرد.
هەر لە درێژەی ئاکسیۆنەکەدا خاتوو فەرزانە ڕەشیدزادە، پەیامی خانمی “تیما” پارێزگاری پێشووی هەرێمی شارڵۆتبۆرگی بێڕڵین کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی میکونووس، بڕیاری دانانی مونومێنتی دەرکردبوو، بۆ جارێکی تر بۆ ڕێز گرتن لەو بڕیارە بوێرانەی ئەو پارێزگارە خوێندەوە.
پاش تەواو بوونی قسەکانی خاتوو ڕەشید زادە، کاک کاوە شەریفیان و کاک یەعقووب ڕەوا، پەیامی حدک ـ کۆمیتەی ئاڵمانیان بە زمانەکانی کوردی و فارسی خوێندەوە و چەند پارچە شێعرێک لە لایەن هاوڕێیان، ئەیووب فەرامەرزی، سۆران مەحموودی و عادڵ هەمزە زادە، پێشکەشی ئامادە بووان کرا.
لە درێژەی ئاکسیۆنەکەدا و بۆ پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ شەهیدانی میکونووس و بە خوێندنەوەی سروود شۆڕشگێری بۆ دانانی چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا، بە ڕێپێوان بەرەو مۆنومێنتی شەهیدانی میکونووس وەڕێ کەوتن و بە نوێنەرایەتی لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئاڵمان، کاک سوڵتان دێمە و خوشکە فاتمە قادری، دەستەگوڵی ڕێزیان لە بەر مۆنۆمێنتی میکۆنۆس دانا.
لە بەشێکی دیکە لەو کۆبوونەوەیە لەسەر مۆنومێنتی شەهیدانی میکونووس، هونەرمەند ڕافا شنۆیی، بە هاوکاری گروپی موسیقای لاوان، سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیبی‌ پێشکەش به بەشداربووان کرد.
لە درێژە دا، کاک پویا بەهرامی، سەرپەرەستی، پێوەندیەکانی کۆنگرەی ڕەهایی ئێران، وتارێکی پێشکەش کرد و پاش تەواو بوونی وتاری بەهرامی، نوێنەری کۆدرار چەند قسەیەکی بۆ بەشداربووان کرد.
بەشی کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە دا بەڕێز دیتلف واگنا لە حیزبی سوسیال مەسیحی ئاڵمان، چەند وتەیەک سەبارەت بە، داکۆکی لە جووڵانەوەی دێموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و روو بە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەشدارانی ئەو ئاکسیوونە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئاڵمان ئیزن ناداتەوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، جارێکی تر دیپڵۆمات تیرۆریستەکانی بنێرێتەوە ئاڵمان و ئازادیخوازان تیرۆر بکات و پاش تەواو بوونی قسەکانیشی، دەستە گوڵی ڕێز لێنان لە شەهیدانی میکونووسی لەسەر مونومێنتەکە دانان.
ئەم ڕێوڕەسمە، کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ دەستی پێکرد و کاتژمێر ٤ی ئیوارە کۆتایی پێهات.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- ئاڵمان

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*