سپاس بۆ عەبدوڵڵا ئەبریشەمی و ڕەحیم فەرەهمەند!

مەنسوور مروەتی

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەر دوو بەڕێزان عەبدوڵڵا ئەبریشەمی و ڕەحیم فەرەهمەند لە چەند کورتە نووسینێکدا وێڕای بردنە ژێر پرسیار و بەهەڵە زانینی خەباتی چەکداریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، داواشیان کردبوو کە ئەم باسە لێکدانەوەی پتر و قسەی زیاتری لە سەر بکرێ.
لەگەڵ ئەوەی ورووژاندنی ئەم بابەتە باسێکی نوێ نییە و پێشتریش لە فۆڕمی پڕۆژەی وەک “چشم‌انداز″ەکەی لوتفوڵڵا مەیسەمیش‌دا خراوەتە بەر باس و لەنێو حیزبی دێموکراتدا بێگومان قسەی زۆری لەسەر کراوە، بەڵام دەبێ لە پێشدا سپاسی ئەم بەڕێزانە بکرێ کە دیسان دەستیان بۆ ئەم بابەتە هەستیار و گرینگە بردوە؛ بەڵام بۆ؟ چونکە بەداخەوە ڕوو بە دەرەوە چ خاوەنانی ئەو مێژوە پڕسەروەرییە و چ نووسەران و قەڵەمەبەدەستان کەمتر باسیان لەو قۆناغە هەرە هەستیارەی بزووتنەوەی کوردستان کردوە. جگە لەوەش بە تایبەتی لەم دوو دەیەی ڕابردوودا بەئانقەست یا نەزانستە هەندێ باسی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی کوردستان و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کراون کە تێیاندا هەوڵ دراوە بزووتنەوەی کورد و ڕوانگە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە سەر لایەنە جۆربەجۆرەکانی دوای شۆڕشی ٥٧ بە هەڵە و بەراوەژوو نیشان بدرێ و، لە کۆتاییدا بەرپرسیاریەتی هەموو ئەو نەهامەتی و کارەساتانەی لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمەوە بەسەر خەڵکی کوردستان هاتوە؛ بیخەنە ئەستۆی حیزبی دێموکرات و بە تاقە ڕستەیەکیش باسی شەڕانخێوی و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک لایەنی بەرانبەری بزووتنەوەی کوردستان ناکرێ. هاوکات داخی گران ئەوەیە کە زۆربەری ئەو کەسانەی لە پشت ئەم چەواشەکارییانەن، کوردن. ئەمەیان گوتنەکەی بۆیە گرینگە، چونکی بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی بە بەرفراوانی و لە هەموو ڕەهەندەکانەوە _تەنانەت سینەما و شانۆوە_ دەستی بۆ ئەو چەواشەکارییانە بردوە بەشکم بتوانێ کار لە سەر بیروڕای کوردستان بکا و هێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات بە سوچبار و خۆیان بە فریشتە و دڵسۆزی خەڵکی کورد نیشان بدەن. پێویست بە هیچ بەڵگە و لێکدانەوەیەک ناکا کە لەو کارەدا هیچ کە سەر نەکەوتوون بگرە خەڵک گاڵتەشی پێ کردوون، چونکە دەزانن کە ڕاستیی ڕووداوەکان ئەوە نییە کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ دەرخواردی خەڵک بەتایبەت نەوەی نوێی بدا. ئێستاش داخەکە لەوەدایە کە ئەم باسە لە لایەن خودی کوردەوە بێتە بەرباس و لۆمە و سەرزنشی هێزی پێشمەرگە بکرێ کە بۆ چەکیان هەڵگرت و دایان نەناوە؟!
باسی ڕووداوەکانی پاش شۆڕشی ٥٧ مێژوویەکی کۆن و دوور نییە کە نەکرێ بەباشی لێکدانەوەی بۆ بکرێ و ڕێگا بدرێ کە بە ئاسانی بەراوەژوو بکرێ. تەنانەت بۆ نەسلی ئێمەش کە ئەو کات تەمەنێکی واشمان نەبووە، هەر کەسە و چەند دیمەن و وێنەیەکی لە دڕندەیی و جینایەتەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە شار و گەڕەک و گوندەکەی خۆی لەبیرە و دواتریش زۆری نەخایاند کە نەسلی ئێمەش بۆ خۆی بوو بە بەشێک لەم مێژووە کە ڕووداوەکانی بە چاوی خۆی بینی!
لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ زۆر ڕووداو لە کوردستان پێش هات کە ڕەنگە ئەوەی زیاتر فۆکۆسی لە سەر دەکرێ باسی خەباتی چەکداریی کوردە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی و هێزە هەمەچەشنەکەی. لەوەشدا ناپڕژێنە سەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی چۆن و بە چ شێوەیەک شاڵاوی بۆ کوردستان هێنا، بەڵکوو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە هێزە کوردییەکان بۆچی دەستیان دابووە چەک؟ بە جۆرێک کە خوێنەری نائاشنا بە ڕووداوەکانی ئەوکات ئەگەر چاوی بەم قسە و نووسراوانە دەکەوێ لە یەکەم ڕوانیندا وای دێتە بەرچاو کە هەر دەڵێی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە دەستە گوڵەوە بۆ چارەسەریی پرسی کورد بەرەو کوردستان هاتوون و ئەوە هێزی پێشمەرگەیە پێشی گرتوون و شەڕی پێ فرۆشتوون. هەر دەڵێی ئەوە کوردە فەرمانی جیهادی بە دژی ئێرانییەکان دەرکردوە و ئەوە کوردە پەلاماری ئیسفەهان و تاران و شارە غەیرە کوردەکانی داوە و ئەوە کوردە چووەتە سەر ماڵ و حاڵی وان و ڕەحمی بە منداڵی نێو لانکەش نەکردوە! یان ئەوە کوردە دادگای چەند دەقیقەیی داناوە و شار بە شار گەڕاوە و خەڵکی تیرباران و ئیعدام کردوە! یان چما ئەوە کوردە هەتا ئێستاش کار بەو فتوایە دەکا و تەنانەت بەزەیی بە مرۆڤ کە نا، ڕەحم بە ژینگەی وڵاتەکەش ناکا و ئەوانە کە خەمیشی لێ دەخۆن لە ئاگری ڕق و قینی ئەواندا دەسووتێنێ!
بەو حاڵەش هەر لەسەر ئیزنی ئەو بەڕێزانە و هاوبیرەکانان، با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕش و هەڵوێستی دەسەڵاتی تازە بەرانبەر بە کورد و خواستەکانی.
لە ڕاستیدا بە وتەی هاشم سەباغیان، وەزیری نێوخۆی ئەوکاتی ئێران و بەرپرسی هەیئەتی تاران بۆ وتووێژ (وتووێژێک کە هیچ کات نەکرا) ئەوان هیچ کات هیچ بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێران نەبوو، بەڵکوو هاتبوون تا بە هەرشێوەیەک کە دەکرێ بزووتنەوەی کوردستان بە چۆکدا بێنن و کۆتایی بەو بابەتە بێنن. دەنا خۆ هەوڵەکانی ڕێبەری ژیر و لێزانی  کورد دوکتور قاسملوو پێش سەرکەوتنی شۆڕشیش بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێرانی داهاتوودا دەستی پێ کردبوو، بەڵام بەداخەوە هیچکام لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد سەری نەگرت، بۆچی؟ چونکە دەسەڵاتی تازە هیچ باوەڕی بەو پرسە و چارەسەر کردنەکەی نەبووە و نییشە.
دوکتور قاسملوو لە پاریس دوو جار بە مەبەستی دیتنی خومەینی دەچێتە نوفل لوشاتوو، بەڵام خومەینی ئامادە نییە چاوی پێی بکەوێ (بڕوانە بیرەوەرییەکانی نەسرین قاسملوو).  پاش سەرکەوتنی شۆڕش چەند جار لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە هەیئەت سەردانی قوم و تاران دەکا بەڵام دەسەڵاتی تازە هیچ کات بە جیددی گوێ بۆ داواکانیان ناگرێ و ئامادە نییە هیچ چارەسەرییەک بۆ ئەو پرسە ببینێتەوە. سەرەتا پاش فتوای جیهادی خومەینی و شەڕی سێ مانگە و ستۆپ پێکردنی هێزەکانی ڕژیم لە کوردستان و پاشان پەیامە زەبوونانەکەی خومەینی لە ٢٦ی خەزەڵوەر، کە گوایە خراپ حاڵییان کردوە! ئەوە قاسملووی بە بیروباوەڕ چەپی خوێندەوار و لێزانە کە لەببەیک بە پەیامی ئاخوندێکی چەقبەستووی دەمارگرژ دەڵێ، بەڵکوو بکرێ پێش بە درێژەی ئەو شەڕە وێرانکەرە بگرێ. ئەوە قاسملووی خەمخۆری خەڵکە کە هەوڵ دەدا بەڵکوو ئەگەر بکرێ تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش بووبێ شەڕ وەدوا بکەوێ. خۆ قسە بە ناوبانگەکەی هێشتا هەر دەوترێتەوە کە: ئەگەر تەنیا یەک ڕۆژیش شەڕ وەدوا بکەوێ بە قازانجی خەڵکی کوردستانە. بە جۆرێک کە هێندەی پێداگریی بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە کوردستان دەکرد، کە تەنانەت لە لایەن هێزە کوردییەکانی دیکەوە بە “سازشکار” تاوانبار دەکرا و دروشمی مەرگ بۆ سازشکاریشی بە دژ گوترایەوە.
دواتریش کە لە درێژەی ئەمری واقعی پرسی کورد و دەستەوەستانیی ڕێژیم و هەوڵدان بۆ مودیرییەتی کاتدا، باس لە پێدانی خودموختاریی ئیسلامی کرا، ئەوە هەر قاسملوو بوو کە گوتی گەلی ئێمە موسوڵمانە و ئەوەشمان هەر قەبووڵە. بەڵام کوا ئەو وادە و بەڵێنیە درۆیینانەی کە تەنانەت سەری خوالێخۆشبوو ئەحمەدی موفتیزادەشی خوارد کە باوەڕی پێیان کردبوو.
دەی مادام دەسەڵاتێک باوەڕی بە هیچکام لەوانە نەبێ و لە بنەڕەت‌ڕا باوەڕی بەو بابەتە نەبێ و هاتبێ تا بە فەرمانی جیهادی ڕێبەرەکەی گەلێکی کافر لەنێو ببا، دەبێ لە بەرانبەریدا چی بکرێ؟ ئایا جگە لە دەست بردن بۆ چەک و بەرگرییەکی ڕەوای پیرۆز ڕێگایەکی دیکە بۆ کورد دەمێنێتەوە؟ لەو حاڵەتەدا ئەگەر پێت وابێ کە دەست بردن بۆ چەک و خەبات و بەرگریی چەکدارانە هەڵە و ناڕەوایە، هیچ زیادەڕەوی نییە کە بڵێی ئەو قسەیە ڕێک لەوە دەچێ کە بڵێی ئەگەر داعش پەلاماری کوردستانی دا هەڵەیە دەست بۆ چەک ببەی و بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆت بکەی.
خۆ ڕاستە و هەموان دەزانن کە شەڕ چەندە خراپە و ڕێبەران و خەڵکی ئێمەش ئەوەیان نەویستوە بەڵام بەڕاستی ئەگەر هەموو ڕێگایەکت لێ گیرا، بەرگری کردن و گیان بەختکردن هەزار جار لەوە باشتر نییە کە سەرت شۆڕ کەی و خاک و خەڵکی خۆت تەسلیمی هێزی داعش ئاسای کۆماری ئیسلامی ئێران بکەی؟
خۆ حیزبی توودەی ئێران بەو پاساوەی کە پێکەوە خەبات بە دژی ئیمپریالیزمی ئامریکا دەکەن پاڵی بە کۆماری ئیسلامیەوە دا، دەی خۆ هەموو لایەک دیتمان ئەو ڕێژیمە چیی لێ نەکردن. گرتن و زیندانی کردن و شکەنجە و ئیعترافە زۆرە ملێیەکانی ڕێبەرانی حیزبی توودە و پاشان لە بەین بردنی حیزبێک کە تا ئەو کات گەورەترین حیزبی گۆڕەپانی سیاسی ئێران بوو.
کەواتە بەرگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەو هەموو حەماسە و قارەمانەتییە کەم وێنەیەی وان، زێڕینترین دەورانی خەباتی بزووتنەوەی کوردە، کە مان و مەوجوودیەتی ئێستای گەلی ئێمە قەرزداری تێکۆشان و عارەقە و خوێن و چەکی شانی ئەوانە.
لە گەڵ ئەوەی کە شەڕ بە سەر بزووتنەوەی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا سەپا بەڵام پابەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکانیش دیسان بۆ خۆی کارنامەیەکی سەربەرزانەیە. لەو ماوەیەدا بە پێی بەڵگەکانی ئەو کات بە هەزاران دیلی شەڕ لە سپای دوژمن لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ئازاد کران بەڵام زۆر بە دەگمن دەبینرێ کە پێشمەرگەیەک بە دیل گیرابێ و لە دەستی ئیعدام و تیرباران و دواتر بێ ڕێزی بە تەرمەکەی لە لایەن سپای پاسدارانەوە ڕزگاری بووبێ. خۆ هەر لەو ساڵانەدا دەیان لاوی ئەم نیشتمانە تەنیا بە تاوانی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردی لە زیندانەکاندا لەدار دراون، کوا تەرمی یەک لەو کەسانە بە بنەماڵەکانیان دراوەتەوە و کەس بە کێل و گۆڕیشیان دەزانێ؟
هەر وەک لە پێشدا باس کرا، باس کردن لەو دەورانە مێژوویەکی دوور نییە کە توانا و بەڵگەی پێویستمان بۆ لێکدانەوە و قسە لە سەر کردن لە بەردەستدا نەبێ. لە لایەکی دیکەشەوە زۆر ئاساییە کە هەموان بیروڕای خۆیان لەو پێوەندییەدا بخەنە ڕوو و تەنانەت لەگەڵ خەباتی چەکداریش نەبن. بەڵام ئەگەر دە جار ڕوانگە و سیاسەت و بەرگریی هێزی پێشمەرگە و هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەبەنە ژێر پرسیار، دەی با جارێکیش بوێریی ئەوەتان هەبێ کە بە کۆماری ئیسلامی بڵێن بەسە و چیدیکە ڕۆڵەی کورد مەکوژن، بڵێن ڕێبەرانی کورد لە سەر مێزی وتووێژەوە تیرۆر مەکەن. بڵێن تێرۆر و تەقینەوە و مووشەکباران و بۆمباران بوەستێن. بڵێن بەسە ڕۆڵەکانمان لە زیندان ئیعدام مەکەن. بڵێن بەسە پاشی چوار دەیە کۆتایی بەو فەرمان و فتوا بەدناوە بهێنن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*