سەر لە نوێ پێناسەی گوتاری دێموکراسی*

* ئەم نووسینە دەقی گوتاری د. جەواد کاشییە کە لە شەوی بیستی جۆزەردانی ١٣٩٩ لە کۆبوونەوەی مەجازی یەکیەتیی ئەنجومەنەکانی زانستە سیاسییەکان بە زمانی فارسی پێشکەشی کردوە.

وەرگێڕانی: شاڕوخ حەسەن‌زادە

کاتی ئەوە هاتوە وێژمانی دێموکراسی جارێکیتر و سەر لە نوێ پێناسە بکرێتەوە. هەتا ئێستە ئێمە دێموکراسییمان تەنیا وەک نوێبوونەوەی گرێبەستی سیاسی دەزانی. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە نوێبوونەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی وەک پێشمەرجی گرێبەستێکی نوێی سیاسی بزانین. ئەگەر چاوێک بەسەر شابۆچوونەکانی “تۆماس هابز” و “جان لاک”دا بخشێنین، دەتوانین زۆر بەسانایی دوو شێواز لە وێژمانی دێموکراسی وێنا بکەین، یەکیان بە ناوی “هابز” و ئەوەی تریان بە ناوی “لاک” و ڕابگەیەنین کە ئێستا کاتی ئەوە هاتوە واز لە گوتاری هابزی بێنین و خۆ دە گۆمی مەندی وێژمانی لاکی لە خواستی دێموکراسی بهاوێین.
توێژەرانی زانستە سیاسییەکانی سەردەم، تۆماس هابز و جان لاک وەک دامەزرێنەرانی بیرۆکەی دەوڵەتی مۆدێرن دەناسن. هابز باوەڕی بە گرێبەستێک هەبوو، ئەو پێی‌وابوو تاکەکان لە ڕەوشی سروشتی لەسەر پەیمانێک ڕێک‌ دەکەون و دەگەڵ ئەو گرێبەستە لە ڕەوشی کۆڤێتی دەگەنە دۆخی سروشتی و لەوێشەوە دەگەنە ڕەوشی مەدەنی و خۆیان بە حکوومەتێکەوە دەلکێنن. کەچی جان لاک باوەڕی بە دوو گرێبەست هەبوو، سەرەتا تاکەکان بۆ پێک‌هێنانی کۆمەڵگە دەبنە هاوپەیمان و دوای ئەمە یان هەر ڕێک دەگەڵ ئەمە گرێبەستێکی سیاسی بۆ دامەزراندنی حکوومەت شەقڵ دەگرێ. هەرچەندە هابز باوەڕی بە دێموکراسیی ڕاستەقینە نەبوو، گوتاری دێموکراسی دەتوانێ ڕەنگ و بۆنی هابزی پێوە بێ، هەر لەبەر ئەوەی تەنیا بیری لە دامەزراندن و کۆتایی‌هێنان بە حکوومەت دەکردەوە و هیچ مەزنایەتییەکی بۆ کۆمەڵگە بە ڕەوا نەزانیوە.
وێژمانی دێموکراسی لە ئێران لەسەر دووانەی ملهوڕی و دێموکراسی هەڵ‌چنراوە. حکوومەت ئەگەر دێموکراتیکە دەبێ پشتیوانیی لێ بکەین و ئەگەر سەرەڕۆشە دەبێ بەدژی هەستینەوە، تەنانەت شۆڕش و پیلان بکرێ و بگێڕدرێ، دەبێ خۆڕاگر بی هەتا حکوومەت دەڕووخێ و تۆ سەر دەکەوی جا ئەو جار بەستێن بۆ بەستنی گرێبەستێکی نوێی گشتی و دامەزراندنی دێموکراسی دەخولقێ. لەم باسەدا هەموو شتێک بە پێکهاتەی حکوومەت بەستراوەتەوە و وێژمانی دێموکراسی ئەم تایبەتمەندییانە لە خۆ دەگرێ:
– نوێکردنەوەی باڵادەستی و گەورەیی نەتەوە بە تەسلیم‌کردن یان ڕووخاندنی حکوومەتێک کە سەرەڕۆیانە کار دەکا.
– نوێکردنەوەی ڕێکخراوەکانی دەسەڵات وەک هەڵبژاردنی ئازاد، سەربەخۆیی سێ هێزە سەرەکییەکە لە یەکتر، دامەزراندنی یاسا و سەروەر بوونی یاسا.
– چاودێریی بەردەوام بەسەر کردەوەی حکوومەت لە لایەن چاپەمەنییەکان و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و مافی ڕابوون و شۆڕش و ناڕەزایەتی‌دەربڕین.
ئەم شێوازە لە گوتاری دێموکراسییدا گرنگییەکی ئەوتۆ بە چەند و چۆنیی کۆمەڵگە نادا، شتێک بە ناوی نوێبوونەوەی پەیمانی کۆمەڵگە و سەر لە نوێ داڕشتنەوەی دێموکراتیکی، بوونی نییە. جا نەک هەر تەنیا باسی کۆمەڵگە ناکا و بۆی گرنگ نییە بەڵکوو هێرشیشی دەکاتە سەر. بایەخی هەر شتێک بە ڕوانگەی ئەو دەسەڵاتەی کە لە هەڵبژاردن بەرهەمی هێناوە هەڵدەسەنگێنێ، هیچ ژان و کۆسپێک لەنێو کۆمەڵگەدا بە هێند وەرناگرێ مەگەر ئەوەی کە بتوانێ ئیمکانێک بۆ کۆکردنەوە بەرهەم بهێنێ. پێوەندییە سەرکوتکەرانەکانی کۆمەڵگە لە بەرچاو ناگرێ تەنانەت تەشەنەی زیاتری پێ ‌دەدا و بەهێزتری دەکا.
ستراتێژیی دووبارە هەڵچنینەوەی حکوومەتی خەمسارد و کەمتەرخەم بە نیسبەت کۆمەڵگە، وردە وردە بۆ هەموو لایەک دەسەلمێنێ کە دێموکراسی هیچ دەردێکی هەست‌‌پێکراو و ڕۆژانەی ئەو خەڵکە چارەسەر ناکا. حکوومەت دەتوانێ دێموکراتیک بێ، بەڵام هەژاری، هەڵاواردن، تاراندن و سەرکوت و زوڵم بەرقەرار بێ و تەنانەت زیاتریش بێ، ئەو کاتەیە کە ئەوەی بە جۆرێک بۆ لایەنەکانی بیرۆکەی دێموکراسیی هابزی دەگەڕێتەوە هەر بەڕاستی یارمەتی بە خوڵقانی لێڤیاتان دەکا. چونکە جلوبەرگی بریقەدار و شلک و لەباری تێچووی دێموکراسی زۆرتر وەک شانۆیەکی گاڵتەجاڕی قەشمەرانە دەچێ و هەموو لایەک پەسنی ئەوە دەکەن کە وێ‌ دەچێ پاڕادایمی کۆجێ (متمرکز) و لێڤیاتانی کۆمەڵگەی سیاسی باشتر وەردەگیرێ، لانی‌کەم لەم بوارە کە تەکلیفی گشتمان ڕۆشن ئەبێ و کاروبار بە ناوی دێموکراسی و بە قازانجی ملهوڕان ناچێتە پێش.
ئێستا کاتی ئەوە هاتوە جارێکی تر پێناسەیەکی نوێ بۆ گوتاری دێموکراسی دابنێین، بەڵام دەبێ ئەو تێڕوانینە بە چاویلکەی هەمەڕەنگی جان لاکییەوە بێ، وێڕای دانوستان لەسەر بنەما و پێکهاتەی حکوومەت، بیر لە کۆمەڵگەش دەکرێتەوە و نوێکردنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی زیاتر لە دووبارە پێناسە کردنەوەی تەکوزیی سیاسیی دێموکراتیک قسە دێتە گوتن. ڕەوایەتی جان لاک تێک‌چندراو و دژوارترە لە خوێندنەوەی هابزی، لەم شێوە تێڕامانە کە ئێمە وەک وێژمانی لاکی باسی دەکەین، دەبێ هاوکات بیر لە سێ لایەنی ناتەبا و نەگونجاو بکەینەوە: بۆ تاک، مافی تایبەتی ئەو، نەقدی کۆمەڵگە و کارکردی بێ‌ئاکاری و سەرکوتکەرانەکەی و، هاوکات بۆ کۆمەڵگە وەک گشتایەتییەکی ڕێکوپێک و هێژا کە ئیمکانی ژیانی مرۆڤ دابین دەکا.
ڕیوایەت و گێڕانەوەی هابزی باوەڕی بە هیچ‌کام لەو لایەنانە نەبوو، گرنگ بە قەناعەت گەیاندنی خەڵک بوو بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنەکان، ئەوەش پڕ گرنگ نەبووە ئاخۆ دەنگ‌دەرەکان تاکن یان ڕەوەیەکی هاودەنگ. لە ناخی کۆمەڵگەدا چ ڕوو دەدا و باوەڕی بە گشتایەتیی کۆمەڵگەش نەبوو، پرسەکە تەنیا بردنە پێشی سەرکەوتووانەی کێبرکێیەکی سیاسی بوو، هەتا زیاتر دەچووە پێش زۆرتر وەک یاری تۆپێنێی لێ‌ دەهات کە هەمووکات دۆڕاوێکی قین لە دڵی لووت‌ئاژن و براوەیەکی شادی سەرکەوتووی هەبوو. سوان و لێک‌خشانی بەردەوام لە نێوان دوو لایەنی دۆڕاو و براوە درێژەی دەبوو هەتا ژوانی دواتر.
تێڕوانینی جان لاکی لە گوتاری دێموکراسی لە هەمبەر هەڵاواردن، تاراندن و چەوساندنەوە و لە بەرچاو ‌نەگیرانی سنووری تاکەکەسی هەستیارە و ڕەخنەگری ئاکاری بە کۆمەڵە، بە جێگای خەڵک دۆستی چەواشەکارانە و بە فرت ‌و فێڵ، پێوەندییەکانیان بەردەوام ڕەخنە و شرۆڤە دەکا و لە هەمان کاتدا، بەستێنی هاندانی هەموو لایەک بۆ بەستنی گرێبەستێکی هاوبەشی گرووپی، سێنفی، ئێتنیکی، ڕەگەزی و لە ئاکامدا نەتەوەیی پێک دێنێ. لە هێماکان و میراتی کولتووری هەتا ئەو جێگایەی کە یارمەتی بە پێکەوەبوون بدا کەلک وەردەگرێ هەتا گشتایەتیی ئاکاری هەموو ڕۆژێک بە لەونێکی نوێ سەر لە نوێ بگۆڕێ. هاوکات دەگەڵ نوێکردنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی، بۆ نیاز و پێویستیی نوێکردنەوەی گرێبەستێکی دێموکراتیکی سیاسییش بیر دەکاتەوە. بەڵام هیوا بە سەرکەوتن لە حەوزەی سیاسەت بە ڕادەی سەرکەوتنی خۆی بە بەستێنی نوێکردنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی دەسپێرێ، بە جێگای ئەوەی کە سازکردنەوەی کۆمەڵگە و لابردنی هەڵاواردن و تاراندن بە سەرکەوتنێک لە هەڵبژاردن بسپێرێ، بایەخی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان دەگەڵ ڕادەی سەرکەوتن لە چاک‌سازیی نێو کۆمەڵگە و بەستێن‌سازی بۆ نوێ‌بوونەوی پەیمانی ئاکاری کۆمەڵگە هەڵ‌دەسەنگێنێ و بەراورد دەکا.
وێژمانی دێموکراسیی جان لاکی خاوەن ئەو تایبەتمەندییانەیە:
– ڕەخسانی بەستێنی هەراش بۆ ئیمکانی تاک لە گەیشتن بە تایبەتییەکانی خۆی.
– داڕشتنەوەی دێموکراتیکی دامەزراوە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەکان.
– نۆژەن‌کردنەوەی شرۆڤەیەکی گشتی لە کۆمەڵگە بە وێنەی گشتایەتییەکی ئاکاری، خۆش ویستن و، دڵنیادەر.
بێ‌گومان دوو مەڵبەندی کۆمەڵگە و دەسەڵات پێک گرێ‌ دراون، کەم‌ و کووڕییەکانی هیچ‌ کامیان نابێ جیا لەوەی تر پێناسە بکەین، بەڵام پرسەکە چەقی قورسایی باسەکەیە و ئەوەی کە چاک‌سازی لە کامەیان، زیاتر لە چاکسازیی بەردەوام لەوەی تر ژێدەر و کاریگەری بەرهەم دێنی، کامەیان کەمتر بەرەوڕووی گێژاوی هەڵ‌خەڵەتاندنی خەڵکین و کامەیان زیاتر دەتوانێ لەژێر کاریگەریی سەنگەڵا (نوسان)ـی ڕۆژانەی مەیدانی سیاسەت بمێنێتەوە.
خاڵێک کە لەم بەینە دەبێ لە بەرچاوان هەڵ‌داشرێ، ئۆل و ئایینە. لە ئێران، هەر دووک پاڕادایمی هابزی و جان لاکی بە لایەنی خواستی دێموکراسی لەتەک ئۆل پێوەندییەکی پتەویان هەیە. ڕوانگەی هابزی لە دین بە مانای کەلکوەرگرتنی لە ڕادە بەدەری بەسیجی سیاسی و دووبارە بەرهەم هێنانەوەی مەشرووعیەتی نەزمی سیاسییە وەک کەرەستەیەک کەلکی لێ‌ وەردەگرێ. گرینگ نییە پێت‌وابێ ئیسلام دژ یان دەگەڵ دێموکراسییە، گرینگ ئەوەیە کە ئیسلام هیچ بایەخ و ئێعتبارێکی نییە تەنیا ئەو پێوەندییەی کە وێڕای نەزمی سیاسی دەیخولقێنێ، یان بەرگری دەکا، یا دەنا پشتیوانییەکان ڕادەکێشێ. فەزایەک وەک حوسێنییەکان لە مێشکماندا وێنا دەکا. خەڵکێکی زۆر یەک شکڵ و ڕەنگ، کە جار جارە ڕوو لە ئەملا و جاریش ڕوو لە لایەکی تر شایی یان شین دەکەن. بەڵام ڕۆڵی ئۆل لە ڕوانگەی جان لاکی، شتێکی وەک فەزای مزگەوتە ئەویش مزگەوتە کۆنەکان، بانێکی لە خۆگری هەیە و لە هەمان کاتدا دەیان هۆدە و چاوە و ژووری تەنیایی هەیە، تەژی لە قوژبنی تاریک و نەبینراو، پڕ لە کۆڵەکە و دەلاقە. وا بڕیارە تاک لە بەر ڕۆشنایی باوەڕی بە خوای خولقێنەری شەو و ڕۆژی قیامەت جێگیر بکا و پێش بە داڕمان و ڕووخانی کۆمەڵگە بگرێ و تەنانەت بیپارێزی و لە هەمان کات بنەبانێکی تەژی لە متمانە و تەناهی بۆ هەموو لایەک بخولقێنێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*