ئایا کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی شکست خواردوو و مایەپووچە؟

شاهـــۆ مەتین

ئەگەر دەوڵەتانی ناکارامە بەسەر سێ دەستەی لاواز، شکێنەر و مایەپووچدا دابەش بکەین، لە سەدەی بیستەم قاڕەی ئەفریقا ناوەندی دەوڵەتە مایەپووچەکان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەمریکای باشووریش ناوەندی دەوڵەتە لاواز و شکێنەرەکان بوون.
بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیست‌ویەک دەوڵەتە لاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دۆخی گوازتنەوەیان بۆ دەوڵەتە مایەپووچەکان گرتە بەر .هەرچەند دەتوانین مێژووی مایەپووچ‌بوونی دەوڵەتەکان بۆ سەدەکانی پێشوو بگەڕێنینەوە، بەڵام تەنیا لە ساڵەکانی پاش شەڕی سارد بوو کە چەمکی “دەوڵەتی مایەپووچ” سەرنجی دەستەیەک لە بیرمەندانی بۆخۆی ڕاکێشا. بۆ دەوڵەتی مایەپووچ پێناسەی جۆراوجۆر دەکرێ، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی لەم مەیدانە توێژینەوە دەکەن، دەوڵەتی مایەپووچ لە بەرامبەر دەوڵەتی سەرکەوتوو پێناسە دەکەن.
دەوڵەتە سەرکەوتووەکان ئەرکی خۆیان لە بەرامبەر شارۆمەندانی وڵات جێ‌بەجێ دەکەن، سنووری خۆیان کۆنتڕۆل دەکەن، لەگەڵ دەوڵەتانی تر پێوەندیی دیپلۆماسییان لەسەر ئەساسی پاراستنی بەرژەوەندیی یەکتر هەیە، مۆنۆپۆلی کردەوەی ڕەوایی‌بەخشی هێز و توانای دابین‌کردنی خزمەتگوزاریی گشتییان بۆ شارۆمەندان هەیە. لە بەرامبەردا دەوڵەتانی مایەپووچ ئەم تایبەتمەندییانەیان نییە، یا لەم بوارەدا زۆر لاوازن و توانای سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابورییان بۆ شارۆمەندان نییە و ناتوانن بۆ هاووڵاتییان خزمەتگوزاریی پێویست دابین بکەن .
لەسەر ئەساسی ئەم پێناسەیەی بۆ دەوڵەتی مایەپووچ کرا، ئەگەر دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هتدی ئەمڕۆی حکوومەت و کۆمەڵگەی ئێران هەڵسەنگێنین، دەبینین کە ئێران سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی زۆری ژێرزەوی و سەرزەوی، هێزی مرۆیی کارا و ئەکتیڤ، چونکە پاوانی ئەو جومگە هەستیارانە لە دەست تاقمێکی مافیایی‌دایە، دۆخی ئابووریی کۆمەڵانی خەڵک لە خراپترین پێوانەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەسەر ئابوورییە و ڕێژەی گەندەڵی لە ئێران بە پێی پێوەرە جیهانییەکان لە پلەی حەوتەم‌دایە، لە ئاکامی ئەو گەندەڵییە بەربەرینەی ڕانت‌خۆرانی سپای پاسداران و ئاخوندەکان،کۆمەڵگەی ئێران بەسەر دوو چینی هەژار بە ڕێژەی ٩٠٪ و کەمینەی دەوڵەمەند بە ڕێژەی ١٠٪ کە باڵی نیزامی و ڕۆحانیەتی شیعە لە خۆ دەگرێ، دابەش بووە و؛ ئاکامەکەی دیاردەگەلی قیزەونی کۆمەڵایەتی وەک دزی، بێ‌ئەخلاقی، گیرۆدەبوونی مادەی هۆشبەر، تەڵاق و هتدی لێ‌کەوتوەتەوە.
هاوکاتیش بۆتە هۆکارێک کە خەڵک لەبەر بێ‌دەرەتانیی ئابووری و کێشەکانی کە بەم هۆیە هاتوونەتە ئاراوە نەتوانن وەک پێویست بەرەوڕووی دەسەڵاتی پاوان‌خوازی ڕێژیم ببنەوە و هەموو سەرهەڵ‌دان و ڕاپەڕینێک لە نیگا و مانیفێستێکی ئابووری‌تەوەرانەوە ببینن.
دەزگاری ڕۆحانیەت و هێزی نیزامیی پاسدارانیش لە مێتۆدی برسی‌کردنی خەڵک بۆ درێژە پێ‌دان بە پاوان‌خوازیی خۆیان باشترین کەلکیان وەرگرتوە .
تەناهیی شارۆمەندانی ئێران لە هەموو سێکتەرەکان بە جۆرێکە کە بە پێی پێناسە و مێکانیزمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمنیەتی تاک لە ئێران چ بە شێوەی ڕێکخراو کە دەزگا داپڵۆسێنەرەکان دەیکەن و چ بە شێوەی خۆڕسک کە تاکەکانی بەرامبەر یەکتر دەیکەن لە نزم‌ترین ئاستی خۆی‌دایە.
بە پێی ئەم لێکدانەوەیە، کۆماری ئیسلامی کە هەموو ژێرساختەکانی حکوومەت و دەوڵەتێک بۆ هەناردەی شۆڕش و دەستێوەردانی لە کاروباری وڵاتان بە کار دێنێ و، لە ئاستی نێوخۆییش نافەرمانیی مەدەنی، نەچوونە سەر سندووقی دەنگدان، بە دەنگەوە نەهاتنی خەڵک بۆ بانگەوازەکانی ڕێژیم و دیکتاتۆرییەتی سیستم بکەینە پێوەر، تووشی داڕمانی مانایی و واتایی و ڕەوایی هاتوون و لە ڕیزبەندی وڵاتانی مایەپووچ جێ‌ دەگرێ.
ڕەچەڵەک‌ناسیی دەوڵەتی مایەپووچ:
وشەی دەوڵەتی مایەپووچ لەژێر ناوی یەک چەمک لە سەرەتای دەیەی ٩٠ـی زایینی لە وێژمانی زانکۆیی و سیاسی پەیدا بوو و پەرەی گرت.
ئەم چەمکە لە لایەن “هێلمن و ڕاتنێر”، لەژێر ناوی “ڕزگاریی دەوڵەتە مایەپووچەکان” هاتە بەرباس .
بە بۆچوونی ئەوان چەمکی دەوڵەتی مایەپووچ بە باشی دەتوانێ پێناسەی دۆخی وڵاتێک بێ کە تێیدا ژێرساختی حکوومەت بە شێوەی جیدی تووشی داڕمان هاتوە و پاش ڕووداوی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ دەوڵەتە مایەپووچەکان وەک مەترسییەکی جیدی و جێگای سەرنج بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە وێژمان و ڕاڤەی تەناهیی نێودەوڵەتی گرینگیی بە خۆیەوە گرتوە و، ئەم دیاردەیە تەنیا پێوەندیی بە قۆناغی سەردەمەوە نییە و لە کاتی دروست‌بوونی سازمانێک بە ناوی دەوڵەتەوە لە سەدەی شازدەهەم ،کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام شاهیدی لێک‌هەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکان بووە. بەڵام ئەوەی هۆکار بوو کە ئەم چەمکە لە سەدەی بیست‌و‌یەک بایەخ و گرینگیی زیاتر لە ڕابردوو، لە لێدوانە ئەمنیەتییەکان بە خۆوە بگرێ، ئەو ئاڵوگۆڕە هەمەلایەنانە بوو کە لە جیهاندا ڕوویان دا.
بە شێوەی گشتی دەتوانین دوو تایبەتمەندیی “ڕەوایی و لێ‌هاتوویی” وەک ئەساس و پێوەری سەقامگیریی دەوڵەتەکان بزانین .
لێ‌هاتوویی دەوڵەت ئاماژە بە دۆخێک دەکا کە دەوڵەتەکان ڕەسالەتی خۆیان وەک؛ دابین‌کردنی تەناهی، بردنە سەری گەشەی ئابووری، یاسا دانان و سیاسەتگوزاری و پێشکەش‌کردنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بە باشی ئەنجام دەدەن .
ڕەوایی دەوڵەتیش ئاماژە بە دۆخێکە کە تێیدا بەجێ‌گەیاندن و کردەوەکانی دەوڵەت لە بۆچوونی دەستەبژێران و خەڵکی گشتی وەک کردارێکی پەسەندکراو لە ڕوانینی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگە لێی دەڕوانرێ.
بە سەرنجدان بەو دوو چەمکە لە دۆخی حکوومەتی ئێران دەبینین کە تەناهیی تاک، بنەماڵە و جڤاک بە گشتی لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کار، خوێندن و هتد، وەک مافی ڕەوای هەر شارۆمەندێک ئەرکی سەرشانی ڕێژیمە و بە یاسا دانانی گونجاو بۆ خزمەت‌کردنی هاووڵاتییانی لە ڕێگەی گەشەی ئابووری و خولقاندنی فەزایەکی ئازاد بۆ مومارەسەی بەها و بایەخەکانی، دەبێ شارۆمەندان ئەرکدار بکا.
بەڵام ڕێژیمی ئاخوندی و دەزگای بەڕێوەبەرییەکەی (ڕۆحانیەت و سپا) بە پاوانی بەڕێوەبەریی حکوومەت و ژیان و گوزەرانی خەڵک، لە ڕێگەی باج وەرگرتن و ڕانت‌خواردنەوە ژیانی گەلانی ئێرانیان تووشی گرفت و قەیرانگەلی جۆربەجۆر کردوە و، ڕەوایی خۆیان ئاسمان وەرگرتوە .
دەنگی شارۆمەندان بۆ ئەوان تەنیا شانۆکارییەکە و لە هیچ کام لە یاساکانی حکوومەت مافی چاودێری و لێ‌پرسینەوەی کۆمەڵگە لە دەسەڵات و حکوومەت جێگیر نەکراوە و بۆ خەڵکی بە ڕەوا نازانرێ. چەمکی ڕەوایی و لێ‌هاتوویی لە ئەندێشەی ئەم پاوان‌خوازانەدا تەنیا وشەیەکی ساکاری نێو وێژمانی کتێبەکانن و هیچی ‌تر.
بەم جۆڕە لەسەر ئەساسی ڕاڤە و ئەندێشەی توێژەر و و بیرمەندانی کلاسیک و مۆدێرنی حکوومەت پێنج پاڕادایمی تایبەت بە ئاڵوگۆڕ و شکستی دەوڵەتەکان هەیە، کە لە کۆتاییدا دەبنە هۆکاری شکستیان و هەر کام لەم ڕێگەیانە پەیام‌گەلێک لە حکوومەتەکانەوە بۆ کۆمەڵگە دەنێرێ کە لەسەر ئەو ئەساسە لێ‌هاتوویی و ڕەوایی حکوومەت بە شێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێ یا دەیخاتە بەردەم گۆڕانەوە.
ئەم پاڕادایمانەش بریتین لە:
١- چڕبوونەوەی کێشە ئێتنیکی و مەزهەبییەکان
٢- دزی و گەندەڵی لە نێو حکوومەت و دەوڵەتدا
٣- شۆڕشی نێوخۆیی و چەکداری
٤- نەمانی هەڵسوکەوتی دێموکراتیک، نەمانی ئۆتۆریتەی دەوڵەت و ئەگەری شەڕی نێوخۆیی یا کوودەتا
٥- کێشەگەلی ڕێفۆرمیستی لە نێو ڕێژیم
لە هەموو ئەم سێناریۆیانە، دەوڵەت ڕەوایی و لێ‌هاتوویی لە ڕوانگەی گشت خەڵک یا گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لەدەست دەدا .
بە سەرنجدان بە ڕوانگەی مێژوویی لە هەمبەر شکست و مایەپووچ‌ بوونی دەوڵەتەکان کە شەڕی نێوخۆیی ئێتنیکی و مەزهەبی، سیمای دیاری ئەم هۆکارەیە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە لە ساڵی ٥٧ـی هەتاوییدا لە ڕێگەی یاسای گشتیی وڵات کە بە تەواوی شیعەییزمە، شەڕی نێوان ئایین و ئایینزاکانی بە شێوەی یاسایی لە ڕێگەی دەستووری بنچینەیی وڵات داڕشتوە، بە جۆرێک هەر تاکێکی شیعە ئەوانی تر بە کافر بزانێ و لەژێر بەیداخی مەلاکانی مەشهەد و قوم حوکمی کوشتنیان بەسەردا بسەپێنێ. ئەم هۆکارە مێژووییە ئاراستەی ڕوانگەی سیاسیی حکوومەت و کۆمەڵگەی بە نیسبەت یەکتر گۆڕی، بە جۆرێک حکوومەت، شارۆمەندان بە “خودی و غیرخودی” و جڤاکیش حکوومەت بە پارێزەر و بەرپرسی خۆی نازانێ .
لە ئاکامدا دەتوانین بڵێین کە کۆماری ئیسلامی بە پێی ڕوانگەی زانستی و لە ئەمری واقیعی حکوومەتداریی خۆیدا کە بە درێژایی چوار دەیە، بە هۆی یاسای بنەڕەتیی نیزام کێشەی جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی، ئێتنیکی لێ‌کەوتوەتەوە، لە لایەک ناتوانێ و نای‌هەوێ چارەسەریان بکا. لە لایەکیشەوە دزی و گەندەڵی ناهێڵێ هەنگاوی باش هەڵ‌بێنێتەوە، هەرچەند پێم وایە ئەم دزییانە، سازمان‌دراون و پڕۆژەی ستراتێژییان لە دەرەوەی ئێران پێ جێبەجێ دەکا. دەور لێ‌دانەوەی گەمارۆکان و دزی و قاچاخی تێکنۆلۆژیی بەرهەم‌هێنان و … لەم ڕێگەیەوە و بەم پووڵانە دەکرێ.
ئەو نیزامەش چۆن ژیان، ئازادی و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤەکانی ئێرانی بۆ گرینگ نییە، ڕێفۆرم لە ساختار و سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی بە کوفر دەزانێ و هەموو ئەو هەوڵ و تەقەللا نالۆژیکییانەی لە پێناوی ئۆتۆریتەی خۆی دەیدا بە دروست دەزانێ، بۆیەش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو شکست و مایەپووچیی زیاتر هەنگاو دەنێ .

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*