لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، کومیتەی بریتانیای حیزب وێبینارێکی بەڕێوە برد

رۆژی یەکشەممە ١٦ی ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی، کومیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، وێبینارێک سیاسی لەژێر ناوی “کاریگەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر پەرەگرتنی هەستی نەتەوایەتی گەلی کورد” بۆ بەڕێز کاک “خالید حەسەنپور”، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە برد.
سەرەتا لە لایەن بەڕێز “ئەدیسۆن فەرامەرزی” بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیای حیزبەوە وێڕای پێشکەشکردنی کورتەیەک لەسەر کەسایەتی بەڕێزیان و هەروەها بەخیرهێنانی ئەندامانی بەشدار لە وێبینارەکەدا، رێزبەندی بەرنامەکان پێشکەش کرا. بەڕێزیان سەرتا وێڕای پیرۆزبایی رۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، ۷٥مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدان و دوایین کۆستی گەورەی ئەو حیزبە واتا کۆچی دوایی کاک “جەلیل گادانی”، ئیشارەی بە هۆکار و پێویستی دروستبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمەدا کرد.
وێبینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی” ئەی رەقیب” و پاشان راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی وێبینارەکەدا، بەڕێز کاک “خالید حەسەنپوور” وێڕای ئاماژەکردن بە چۆنیەتی و بەستێنی دامەزرانی کۆمەڵەی “ژێکاف” و پاشان بوون بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە درێژەی خۆیدا بە دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی ئەو حیزبە، تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات و تێپەڕکردنی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی لەو کاتەوە تا ئێستای کە جێژنی یۆبیلی ئەڵماسی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی بۆ دەگیرێ. .
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر رۆڵ و کاریگەریی رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی پێشەوا “قازی محەممەد” وەکوو دامەزرێنەری ئەو حیزبە و ھەروەھا دکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو و دکتور شەرەفکەندی کە چۆن توانیان پەرە بە حیزبی دێموکرات بدەن و ئێعدام و تێرۆرکردنیشیان لە لایەن رژیمی شا و کۆماری تێرۆریستی ئێسلامیی ئێران، نەیتوانی حیزبی دێموکرات لەناو بەرێت و بەڵکو رێگا و رێبازیان لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبەوە درێژەی پێ دراوەو زیاتر لەناو دڵی خەڵکی رۆژھەڵات جێگا و پێگەی پەیدا کرد.
بەڕێز “حەسەنپوور” لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی حیزبی دێموکرات لە کاتی دروستبوونی و ھەروەھا ئەو کێشە و بەربەستانەی کە رژیمی پێشووی ئێران و رژیمی ئێستای ئێران بۆ گەلی کورد لە رۆژھەڵات بە گشتی و بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی دروست کردووە، بەڵام ئەو حیزبە ھەموو کات توانیویەتی بە پشتیوانی گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان ئەو بەربەستانە بشکێنێت و بۆ مافە رەواکانی گەلەکەمان ھەوڵ بدات.
لە بەشێکی دیکەدا، بەڕێز “حەسەنپوور” باسیان لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕینی رژیم لە عێراق بۆ ناوچەکە بە گشتی و بە گەلی کورد بە تایبەتی کرد و رۆڵی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یارمەتیدان بە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیان بۆ بەشداربووان روون کردەوە کە حیزبی دێموکرات چۆن توانیویەتی وەکوو یرکەم حیزبی کوردی پشتیوانی پارچەکانی دیکە بێت و زۆر جار بەرژەوەندی حیزبی فەدای بەرژەوەندی گشتی کردووە.
ھەروەھا بەڕێز “حەسەنپوور” بە پێویستیان زانی کە حیزبی دێموکرات دەبێ خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئێران تازە بکاتەوە و بە داڕشتنی سیاسەتێکی گشتگیر بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان، بتوانێ لەو ھەلومەرجە باشترین کەڵک وەربگرێت بۆ خزمەتی گەلی کورد.
برگەی کۆتایی وێبینارەکە تایبەت بوو بە پرسیارەکانی بەشدار بووان کە لە لایەن بەڕێز “حەسەنپور “ەوە بە وردی وڵام درانەوە.
شایانی باسە وێبینارەکە بە بەشداریی بەڕێزان کاک “حەمە ڕەسووڵ کەریمی” و کاک “مەولوود سوارە” ئەندامانی رێبەریی حیزب بەڕێوە چوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی بریتانیا

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*