‎پیکهێنانی وێبینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزران و یۆبیلی ئەڵماسی ح.د.ک لە لایەن دوو کۆمیتەی فینلەند و دانمارک

سەرلەئێوارەی رۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، بە بۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێبینارێک لەژێر ناوی “کاریگەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر پەرەگرتنی هەستی نەتەوایەتی کوردستان” لە لایەن هەر دوو کۆمیتەی دانمارک و فینلاند و بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو حیزبە لە هەر دوو وڵات، بۆ بەڕێز کاک “عومەر باڵەکی”، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕێوە چوو.
سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامەکە بەڕێز “وریا مەللاک”وە وێڕای بەخێرهێنانی کۆڕگێر و پێشکەشکردنی کورتەیەک لەسەر کەسایەتی بەڕێزیان و هەروەها بەخیرهێنانی ئەندامانی بەشدار لە وێبینارەکەدا، رێزبەندی بەرنامەکان پێشکەش کرا.
بەرنامەکە بە سرودی نەتەوەیی “ئەی رەقیب” و پاشان راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکەدا پەیامی هاوبەشی هەر دوو کۆمیتەی فینلاند و دانمارک بە بۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن بەرێز کاک “کەریم رەسوڵی” بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی فینلاند پێشکەش کرا.
بەرێزیان وێڕای ئاماژەکردن بە چۆنیەتی و بەستێنی دامەزرانی کۆمەڵەی “ژێکاف” و پاشان بوون بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ئیدامەی خۆیدا بە دامەزراندنی یەکەم کۆماری میللی دێموکراتیکی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر دەستی ئەو حیزبە، تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانی ئەو حیزبە و تێپەڕکردنی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی لەو کاتەوە تا ئێستا کە جیژنی یوبیلی ئەڵماسی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی بۆ دەگیرێ .
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وێڕای دەستخۆشی لە پزیشکان و پەرستارانی نەخۆشخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەمەڕ بە هاناوەچوونی ئەو بەڕێزانە لە کاتی هاتنی پەتای کۆڕۆنادا ماندوونەناسانە و دڵسۆزانە بوون بە پشت و پەنای خەڵک و هاوکات رەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی نابەرپرسی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت کە لەوەها کاتێکدا خەڵکیان تەنیا هێشتووەتەوە.
“کاریگەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر پەرەگرتنی ھەستی نەتەوایەتی لە کوردستان” ناونیشانی باسێکی پوخت و پاراو بوو کە لەلایەن کاک “عومەر باڵەکی” ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٥مین ساڵی دامەزرانی ئەو حیزبەوە واتە یۆبیلی ئەڵماس پێشکەش کرا.
باسەکەی بەڕێز “باڵەکی” لەسەر رۆڵ و کارگەرییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو.
بەڕێزیان سەرتا وێڕای پیرۆزبایی رۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، ۷٥مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدان و دوایین کۆستی گەورەی ئەو حیزبە واتا “کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی”، ئاماژەی بە هۆکار و پێویستی دروستبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمەدا کرد.
ناوبراو بە هێنانەوەی چەند فاکتەری سەرەکی بۆ پێویستی دامەزراندنی حیزبێکی مۆدێرن لە ئاست چاوەڕانییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئاماژەی بەوە کرد کە سیستەمی نوێی بەڕێوەبەری ئەوکاتی چوارچێوەی جوغرافییای ئیران کە بە شێوەی”دەوڵەت ـ نەتەوە” کاری پێ دەکرا و لە هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە و یەک لەوان نەتەوەی کورددا بوو، حیزبی دێموکرات وەکوو پەرچەکردارێک لە ئاست ئەو هێژموونیخوازییە هاتە مەیدان و هەوڵی دا تا لە رێگای ئەو بە مۆدێرنیزەکردنی حیزبییەوە کاریگەری لەسەر ئاستی هوشیاریی خەڵکدا هەبێت و لە نەهایەتدا بە دامەزراندنی حکومەتی کۆماری کوردستان و بە دەسنیشانکردنی چەندین هێمای نیشتیمانی وەکوو سرودی “ئەی رەقیب”، سوپای میللی و ئاڵای کوردستان سنووری خۆی لە نەتەوەکانی دیکەی ئەو چوارچێوە جوغرافیاییە جیا رابگرت. هەروەها بە پێناسەیەکی کورت، “قازی محەممەد” بە دامەزرێنەر و “قاسملوو”ی بە درێژەدەر و “شەرفکەندی” بە سووربوون لەسەر ئەو رێبازە پێناسە کرد و درێژەدەرانی ئەو رێگایەی بە پارێزەرانی ئەو رێگا و رێبازە وەسف کرد کە ئەمڕۆ ئێمە یادی ۷٥ ساڵەی بەرز ڕادەگرین.
برگەی کۆتایی وێبینارەکە تایبەت بوو بە پرسیارەکانی بەشدار بووان کە لە لایەن بەڕێز “باڵەکی”یەوە بە وردی وڵام درانەوە.
شایانی باسە وێبینارەکە بە بەشداریی بەڕێز “حەمە ڕەسووڵ کەریمی” بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو و پاشان بە چەند وتەیەک لە لایەن شەهیدی زیندووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕێز “محەممەد شاروێرانی” کۆتایی وێبنارەکە ڕاگەیەندرا .
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەکانی دانمارک ، فینلەند

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*