خالید عەزیزی: خەبات و تێکۆشانمان لەپێناو وەدیهاتنی ئامانجەکانی کاک جەلیل گادانی‌دا درێژەی هەیە

هەیئەتێکی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوڕێیەتی لەگەڵ کاک شێرکۆ گادانی، کوڕی نەمر کاک جەلیل گادانی سەردانی مەزاری شەهیدانی حیزبی دێموکرات و گڵکۆی کاک جەلیل گادانی‌یان کرد.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ی گەلاوێژ، کاک شیرکۆ گادانی، کوڕی کاک جەلیل گادانی سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان و مەزاری شەهیدانی کرد.
لەو سەردانەدا وێڕای دانانی چەپکەگوڵ و ناردنی سڵاو بۆ ڕوحی نەمری کاک جەلیل، لەگەڵ ئامانجەکانی کاروانی نەمرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڵێنی وەفا نوێ کرایەوە.
لەو سەردانەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەسەر مەزاری کاک جەلیل گادانی وتەیەکی کورتی پێشکێش کرد. کاک خالید عەزیزی وێڕای وەبیرهێنانەوەی چەند تایبەتمەندییەکی دیاری کاک جەلیل و مێژووی پڕشنگداری خەبات و نەوەستانی کاک جەلیل، مەرگی ئەو سیما ناسراوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە خەسارێکی گەورە بۆ حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد ناو برد.
کاک خالید عەزیزی هەروەها بە پێداگری لەسەر خەباتی ڕەوا و ئامانجی بەرحەقی جووڵانەوەی کورد، ڕایگەیاند کە تێکۆشان و هەوڵدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەتا گەیشتن بە ڕزگاری و وەدیهاتنی مافەکانی کورد کە ئامانجی کاک جەلیل و شەهیدانی دیکەی حیزبی دێموکراتە؛ درێژەی دەبێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*