ڕۆڵی تاک دەتوانێ کاریگەر بێت بۆ گۆران لە سیستمدا

شەهێن زادئەحمەد

دیارە لەهەر وڵاتێک و ناوچەیەک پەیوەست بوون بە جەریان و حیزبێکی سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنیەکان، بیرۆکە و زێهنییەت و زمینەیەکی فکریە یان پێداویستی بە ئاڵ‌وگۆری سەردەمیانەیە کە مرۆڤەکان ئەرکدار دەکات تا هەڵوێست بگرن و پرسیاریان هەبێت لە موزوعات و ڕووداوەکان. تاکەکان لەم بوارەدا ئازادن بۆ گەشە پێدانی کۆمەڵگەی خۆیان و هەلبژێرن لە چ مەیدانێکدا چالاک بن.
هەر سازمان ڕێکخراوەیک بۆ وەدیهێنانی ئامانج و ئاکامی پرۆسەی بەرنامەیەکی تایبەتە کە شکڵ دەگرێ و زۆریش سروشتییە هەر سازمانێک بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی موتلەق و تەنانەت مەتلوبیش نەگا، بەڵام هونەری ڕێکخراوەکان و بەتایبەت ژنان پێداگری لەسەر هەنگاوەکانیانە بۆ بەرەو پێش چوونی ئامانجەکانیان، هەرچەند کۆمەڵێک گرفت هەیە و ژنانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جودا لە ستەمی نەتەوەیی، ستەمی ئایینی، کولتوری پیاوسالاری، یاسایی ڕووبەڕووی زۆر ئاستەنگی دیکە دەبنەوە کە پرسی ژن و مافی ژنانی دژوارتر کردوە.
لە ئێران سەرەڕای سەرچاوەی پێداویستیەکانی فکری بۆ گەشە پێدانی کۆمەڵگە، لە ڕوانین بە زوڵم و زۆری خودی یاسا، ناعدالەتی، فەسادی ئیداری، ستەمی میلی، ناچارت دەکا هەڵوێست بگری و پەیوەست بێ بە جەریانێکی سیاسی یان مەدەنی دژی سیستم بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن و پاراستنی بەها دێموکڕتیکەکان .
دیارە چالاکی و خەباتی ژنی کورد، لە مەیدان مانەوە و ڕاوەستان لە بەرانبەر ئەم بێعداڵەتیانەیە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر فەرهەنگ و کولتورە سقەتەکانی کۆمەڵگە هەبێت کە حاشای لێناکرێت هێژموونی ئەم بارە مەنفیانە لە گۆشە و کەناری وڵات هەیە، بەڵام بێگومان ئال‌وگۆرەکانی سەردەم تەسیری خۆیان لەسەر ڕەفتار و ئەخلاقی کۆمڵگە دادەنێت. جودا لەوانەش کۆمەڵگەکەمان نەسلێکی تازە و سەردەمیانەی لەخۆگرتوە کە بە خۆشیەوە ئەو نەسلە بە ژن و پیاو هەستی بە کەمایەسی ڕۆلی ژن لە زۆر بواری جۆڵانەوەی سیاسی و کۆمەلایەتی کردوە، بۆیە گەشەی کۆمڵگە، شعوری سیاسی و فەهمی تاکەکانی کورد لە ڕۆژهەلات فەرمانبەری لە مەعلوماتی ناوەندەکانی مەنتق دەکەن و هاوتەریب بەو فەهمە ڕێزی کولتور و فەرهەنگی خۆجیی دەگرن.
کەوایە پێشکەوتن و ئاسوودەیی هەر وڵاتێک لەبەرچاوگرتنی هێز و وزە و تواناکانی گرووپ، ئیتنیک و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەیە.
بە بڕوای من لە ئێران، دەم‌ودەستگاکانی ئەم وڵاتە و حکومەتی ئەم نیزامە دیکتاتۆرە کە بنەمای یاسا بە هۆیی خەسڵەتی موستەبیدانەی ناتوانێت وەڵامدەری مافەکانی کۆمەڵگەکەی بێت، بۆ نمونە سەرەکیترین خواستی ژن بایەخ بە تواناکانیەتی کە وەک مرۆڤێک تایبەتمەندیەکانی لەبەرچاوناگیرێت، بەداخەوە ژنی کورد بەگشتی وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵگە بۆتە قوربانی بنەمای فەرهەنگی داسەپاوی مەزهەبی کە بەپێی عورف و شەریعەت مافەکانی پێشیل کراوە، بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان جیا لە کولتوری مەزهەبی، یاسای بنەرەتی سیستمی حکومەتیش گرفتەکانی زیاتر کردووتەوە تا ژن وەک پێکاتەیەکی زەعیف پێناسە بکرێت یان ببێتە فەرمانبەر و ئامرازێکی بەردەستی کۆمەڵگە، هەرچەند ئەم گرفتانە بۆ ژنی کورد تازە نین و بە درێژایی مێژوو بە دەست ئەم دیاردانە چەوساوەتەوە بەواتایەک ژنی کورد ژیانی ئازاد و سەربەخۆی تا ئێستاش ئەزمون نەکردووە، بەڵام بەخۆشیەوە لە سەردەمی ئێستادا ژنی کورد گرفتەکان و کۆسپەکان دەناسێت لە بەرانبەردا بۆ لابردنی ئەم بەربەستانە ڕۆژانە لە هەول دایە و فیداکاری بۆ ئەم نەریت نادروستانە دەکات. من پێم وایە ئەم دیاردانە کە بوونەتە مایەی پێشێلکردنی مافی ڕەوای ژنی کورد بە تایبەت لە ڕابردوودا دواکەوتویی و نەخوێندەواری کۆمەڵگە بەگشتی هۆکاری سەرەکی بووە، هەر بۆیە لێکدانەوەکانی کۆمەڵناسان لە بڕگەکانی مێژوودا ئەوەمان پێ دەسەلمێنێت کە بەرهەمی پێشکەوتنی زانست گەشەی کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیوە کە ژنان بە هەموو گیر و گرفتەکانەوە لەبەرانبەر مافەکانیان بێتەفاوەت نەبوون و لە هەر مەجالێکدا تواناکانیان دەرخستووە و چالاکیان نواندووە، ئەگەر جاران کۆمەڵگە نەخوێندەوار بوو ژنان بێدەرەتان مابوونەوە ئێستا بە پێچەوانەی ڕابردوو ژنانی کورد پێگەیشتوون، لە ڕیزی ئەحزاب و ڕێکخراوەکان بۆ مافی نەتەوایەتی و یەکسانیخوازی لە ڕیزی شۆڕش دان، لە جموجۆڵی فەرهەنگی، ئەدەبی و سیاسیدا بەشدارن، لە زۆربەی کۆروکۆبونەوەکاندا ڕۆلی بەرچاو دەگێڕن، لەسەر یەک هەموی ئەم ئەزمون و کردەوانە بۆ یارمەتیدان بە ئاڵوگۆرەکانی داهاتوو و گەیشتن بە ویست و مافەکانیان بە پێی دەرفەت چییان لە دەست هاتبێت کۆتاییان نەکردووە و ئەرکی خۆیان بە جێ دەگەینن. بەڵام ئاڵ‌وگۆرەکانی کۆمڵگە تایبەت بە دەستەیەک یان توژێک نییە و ئەرکی هەموومانە بە هەر شێوەیەک کە بتوانین هاوکاربین لە سەقامگیربوونی ئەم جموجۆلانەدا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*