ئاگادارییەک لە لێژنەی بەڕێوەبەریی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە

بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماس، جێژنی ٧٥ ساڵەی یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایی بە خەڵکی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و هەموو تێکۆشەرێکی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەڵێین.
حیزبەکەمان و حیزبەکەتان، حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ ٧٥ ساڵ تەمەنی تێپەڕ کرد. حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆرترین کاریگەریی لە سەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان، وەرچەرخانە مێژووییەکان و خەباتی مافخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. ئەو ئامانجانەی حیزبی دێموکرات بۆ وەدیهێنانیان دامەزرا، ئێستاش ئامانجی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە و، ئەو سامان و پاشخانە مێژوویی و بەبایەخەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕەوتی خەباتی دەیان‌ساڵەیدا بۆ بزووتنەوەی کورد و کۆمەڵگەی کوردستانی دەستەبەر کردوون، هەنووکەش جێی شانازین و تێکۆشانی کورد بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو دەسکەوتانەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا خاوەن متمانە و پێگەیەکی بەرزی سیاسییە و، هەم لە کوردستان و لە ئاستی ئێراندا ناوێکی پڕ شکۆیە، شکۆیەک کە لە ٧٥ ساڵ خەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی و دێموکراسی و بایەخە مرۆییەکان و مانەوە لە مەیدانی ئەم خەباتە خوێناوییەدا وەری دەگرێ.
ئەم مێژووە دوورودرێژەی خەبات لە پێناوی ئازادی و، ئەم جێگەوپێگە دیار و تایبەتەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکی کوردستان، ئێران، ناوچە و جیهاندا هەیەتی؛ دەیخواست لە یوبیلی “ئەڵماس″ـیدا بە شکۆیەکی مەزن یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی بکرێتەوە. لێژنەی بەرێوەبەریی ئەم یادەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر بەرنامە و پلانی دیاریکراوی دەستنیشان کرد، بەڵام هەلومەرجی تایبەتیی کۆرۆنا شوێنی خراپی لەسەر زۆربەی زۆری چالاکییە مەیدانییەکانی ئەم یادە مەزنە دانا. بەم هۆیە زۆر لەو چالاکییانە کە خۆیان لە میتینگ، کۆڕۆکۆبوونەوە، پیشانگا، سمینار و پێکهێنانی ڕێوڕەسمی تایبەتدا دەدیتەوە، بەداخەوە نەکران و، “کۆرۆنا” کار و چالاکییەکانی لێژنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی لە چوارچێوەی کاری میدیایی و ڕاگەیاندندا سنووردار کرد. ٩ ڕۆژ پێش ئەم یادە پڕشکۆیەش مەرگی کاک جەلیل گادانی کە لە یەکەم ئەندامان و یەکەم ڕێبەرانی سەرووی حیزبی دێموکرات بوو، کسپەی خستە دڵی هەموو ئەویندارانی دێموکرات.
لێژنەی بەڕێوەبەریی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ئەم یادەوە کتێبێکی چاپ کرد. “حیزبی دێموکراتی کوردستان، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی” ناونیشانی ئەم کتێبەیە کە چەند ڕۆژێکە و لە بەرەبەری 25ی گەلاوێژدا چاپ و بڵاو بۆتەوە. ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕەهەندەکانی گوتارسازی‌، بەرگریی چەکداری، گرتنەبەری شێواز و نەریتی جۆراوجۆری خەباتگێڕی، دیپلۆماسی و ناساندنی پرسی کورد بە دنیای دەرەوە، چەسپاندنی نۆڕم و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا چەند تایتیڵێکی ئەم کۆمەڵە وتارەن کە لە توێی ئەم کتێبەدا بڵاو بوونەتەوە.
ئەم لێژنەیە هەروەها چەند وێبنار و وتووێژی تەلەڤیزیۆنیی بۆ بەرپرسانی حیزب ڕێک خستوە و بە بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ، سروودی شۆڕشگێری، دەقی ئەدەبی و تیزێری حەماسی کە تەعبیر لە مێژووی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات دەکەن و، بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ بەرەو پیلی ئەو یادە مەزنە بچێ. لە نێوخۆی وڵاتیشدا لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چالاکیی تەبلیغی، بە ناردنی دەنگ و ڤیدیۆی دەربڕی هەست و سۆز و خۆشەویستیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات کە ئێستاش درێژەی هەیە و لە کورد کاناڵ و سۆسیال میدیای حیزبدا بڵاو دەبنەوە، ڕێزیان لەو یادە پڕشکۆیە گرتوە. ڕاگەیاندنی حیزبیش بەشێکی زۆر لە بەرنامە و بەرهەمهێنانی خۆی بۆ ئەم یادە تەرخان کردوە. لە کۆمیسیۆنی چاپەمەنی دوو ژمارەی ڕۆژنامەی “کوردستان” تایبەت بە یادی ٧٥ ساڵەی حیزب بووە و “بەڵگەنامەکانی سەرجەم کۆنگرەکانی حیزب”یش ئامادەی چاپ و بڵاوبوونەوەن. “کورد کاناڵ”یش هەم لە ڕووماڵ‌کردنی چالاکییەکان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و هەم بەرهەمهێنانی کۆمەڵە بەرنامەیەکی تایبەت چالاک و هەڵسووڕ بووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان دڵ‌قایمتر لە جاران و بە ئیمان بە سەرکەوتن لە مەیدانی خەباتی مافخوازیی کورد لە ئێران، بە پشتیوانی و هاوکاریی بێدریغی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێ دەنێتە چارەگە سەدەی کۆتایی ١٠٠ ساڵ لە تەمەنی پڕ سەروەریی. بێگومان خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەتا گەیشتن بە ئازادی، ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و وەدیهاتنی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە ئێران درێژەی دەبێ.
سەرکەوێ حیزبی دێموکراتی کوردستان و، هەر شەکاوە بێ ئاڵای خەبات و تێکۆشانی ڕزگاریخوازیی کورد لە ئێران.

 

لێژنەی بەڕێوەبەریی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*