بەڕێوە چوونی کۆڕی ماتەمینی نەمر کاک “جەلیل گادانی” لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دانمارک

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٠ی زایینی، بەرامبەر بە ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٩ی ھەتاوی، لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی دانمارک کوڕێکی پرسەو سەرەخۆشی بۆ کەسایەتیی دیاری سیاسیی گەلی کورد و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان کاک “جەلیل گادانی” لە کۆپێنھاگی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.
بە مەبەستی ھاودەردی و بە پەرۆشی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک لە گەڵ بنەماڵەی گەورەی گادانی، خەڵکی نیشتیمان پەروەری کوردستان و ھاوڕێ و ھاوڕێبازانی نێو مەتەرێزی خەباتی حیزبەکەی کاک “جەلیل” و وەک نواندنی ئەمەگ و وەفا بۆ کەسایەتیی کاک “جەلیل گادانی” کە ٧٥ ساڵی تەمەنی خۆی لە ڕێی جوڵانەوەیەکی ڕەوا دا بەخت کرد، کۆمیتەی دانمارکی حدک لەگەڵ ڕەچاوکردنی ھەموو ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ سەلامەتیی ئەو کەسانەی کە بەشداری کۆڕیادەکە بوون، کۆڕێکی پرسەی بەڕێوە برد.
ئەوەی شایانی باسە کۆمەڵێکی بەرچاو لە نوێنەرانی ھێز و لایەنە سیاسی و کوردستانییەکان، کوردانی تاراوگەنشین لە دانمارک، فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و هەوەها ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە بەشداری ئەم کۆڕیادە بوون.
سەرەتا لە لایەن پێشکەشکاری کۆڕیادەکە، بەڕێز “سیروان شەڵماشی”، بەخێر ھاتنی بەشداربووانی کۆڕەکە کرا. بەرنامەکان بە سرودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستی پێکرد و پاشان “شەڵماشی” کورتە مێژوویەکی لە سەر ژیان و کەسایەتیی کاک “جەلیل گادانی” پێشکەش بە بەشداران کرد.
پێشکەش کردنی پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەو بۆنە ماتەمینەوە لە لایەن بەرێز کاک “ڕەحیم خالید نژاد”، بەرپرسی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەشێکی دیکەی کۆڕەکە بوو.
“خالید نژاد” لە پەیامەکەدا ئیشاڕەی بە زۆر ڕەھەندی مێژوویی ژیانی سیاسی کاک “جەلیل” کرد لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا.
بەڕێزیان لە پەیامەکەدا ئاماژەیان دا: “ئەمڕۆ لە بەر بەرەی ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا، بەداخەوە دەبێ تاڵیادی لە دەستچوونی تاقە یادگاریەکەی کۆماری کوردستان و تێکۆشەری دیاری بزاڤی رزگاریخوازی گەلەکەشمان تۆمار بکەین کە تا دوایین پشووی ژیانی خۆی، نەک ھەر پڕ بوو لە خرۆش و وزەی کوردایەتی، بەڵکوو ھێمایەک بوو لە دڵسۆزی، ڕاستگۆیی، کۆڵنەدان و شۆڕشگێڕی. کاک “جەلیل گادانی” تابڵۆیەک بوو لە خەباتی ھاوچەرخی کورد لە ڕۆژھەڵات و تەنانەت پارچەکانی دیکە و بگرە نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ڕۆھەڵاتی ناڤین.”
لە برگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا کاک “ناسر پیرانی”، سیمای ناسراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێک لە هاوسەنگەرانی نەمر کاک جەلیل گادانی، زۆر بە باشی لە سەر وێستگەکانی ژیانی شۆڕشگێڕی کاک “جەلیل” دوا. باسەکەی “پیرانی” ئاماژەیەکی مێژوویی بوو بە ژیانی دەیان ساڵ لە خەباتی کاک “جەلیل گادانی”.
بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک “جەلیل گادانی”، پەیامگەلێک لە لایەن نوێنەری پارت و ڕێکخراوە کورستانیەکان خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە:
١ -پەیامی ھاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی دانمارک.
٢ – پەیامی ھاودەردیی ناوەندی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان.
٣ -پەیامی ھاوخەمیی فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک.
٤ – پەیامی ھاوخەمیی پارتی سوسیالیستی باکوور.
٥ -پەیامی پارتی ئازادی کوردستان.
٦ -پەیامی ھاودەردیی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سوریە.
هەروەها ئاماژە بە برووسکەی هاوخەمیی چەند حیزب و لایەنی سیاسی درا کە بریتی بوون لە:
١ ـ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (ک ن ک).
٢ – حیزبی دادپەروەری و یەکسانیخوازی گەلانی ئێران.
٣ -کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٤ -کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان.
٥ -پارتیا پێشڤەرۆیێ کوردێن ل سوریە.
پاشان پەخشانێک لە ژێر ناوی «پۆلووی خەمەکان دەگەشێنەوە» لە لایەن بەڕێز “ئەحمەد ڕەحمانی” پێشکەش کرا.
لە دوا بڕگەی کۆڕەکەدا، “ئەحمەد ڕەحمانی” بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی “گادانی” سپاسی ھەموو ئەو ڕێکخراو و ھێز و لایەن و کەسایەتییانە و ھەروەھا ئەندامانی حیزبی بەتایبەت کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد کە لەم ماوەیەدا ماندوو نەناسانە ئەرکەکانی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕیادە بەو پەڕی دڵسۆزی و باوەڕ بە ڕێبازی پیرۆزی کاک “جەلیل” بەرێوە برد.
لە کۆتاییدا لە لایەن پێشکەشکاری کۆڕەکە و بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی دانمارکی حدک سپاسی ھەموو ھێز و لایەن و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، کەسایەتییەکان و ئەندامانی حیزبی کرا کە لە کۆریادەکەدا بەشدار بوون و پاشان بە سروودی “ئەی شەھیدان” کۆتایی بە کۆڕەکە هات.
حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی دانمارک

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*