خۆپێشاندانی ڕەوەندی کورد لەبریتانیا بۆ مەحکوم کردنی سزای ناعادڵانەی کۆماری ئیسلامی بەسەر زارا محەممەدی

بەمەبەستی شەرمەزارکردنی سیاسەتی سەرکوت و تیرۆر و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەپاندنی سزای ناعەدڵانە و ١٠ ساڵ بەندکران بەسەر چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی خاتوو “زارا محەممەدی”دا، پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە  ٢٣ی جولای ٢٠٢٠ی زایینی، کومیتەی بریتانیای حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هاوکاریی رەوەندی کوردی لەو وڵاتە، دژ بەو سزا ناعەدڵانە و سەپێندراوە، خۆپێشاندانێکیان لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندن بەڕێوە برد.

هەرچەندە بەهۆی “نەخۆشیی کرۆنا” و لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان رێوشوێنی تایبەت لەبەرچاو گیرابوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کۆمەڵێکی بەرچاو لە رەوەندی کوردی لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون. لەبەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندن، سەرەتا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایان بەڕێز کاک “ئاوات عەبدوڵڵازادە”وە خوێندرایەوە. پاشان وتەکانی خاتوو “زارا محەممەدی” کە پێشتر لە سیمینارێکی ئەنتەرنێتیدا لەسەر چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی “ئەنجومەنی نوژین” لە دە ساڵی رابردوودا پێشکەشی کردبوو، بڵاو کرایەوە.

ئەوجار بەڕێز کاک “یونس موکری” وتەیەکی بە زمانی ئینگلیسی لەسەر ژیانی خاتوو “زارا” و مەحکوم کردنی ئەم سزایە و هەروەها داوای پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ هەلوەشانەوەی ئەم بریارە کرد، بەدوای ئەوەدا بەڕێز کاک “عەبدوڵڵا هاشمی” راگەیەندراوی “ئەنجومەنی نۆژین”ی بەم بۆنەوە خوێندەوە.

جێگای ئاماژەیە کە لە درێژەی ئەو خۆپێشاندانەدا، وێڕای بەرجەستەبوونی وێنەی خاتوو “زارا محەممەدی” و چەندین پلاکاردی تایبەت بەم بۆنەوە، بە زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردیش چەندین گۆرانی فۆلکلۆر پێشکەش کران.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی بریتانیا

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*