لە وێبینارێکدا لە سوئێد و نۆڕوێژ بە بەشداری جێگری سکرتێری گشتی یادی شەهیدانی ڤییەن بەرز راگیرا

پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ۳۱ ساڵ بەسەر تێرۆرکرانی ڕێبەری بەتواناو لێهاتووی گەلی کورد و سکرتێری حیزبەکەمان شەهید “د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو” و هاوڕێ “عەبدوڵڵا قادری ئازەر” ئەندامی رێبەریی حیزب بەدەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کومیتەکانی نۆڕوێژو سوئێدی حیزب وێبنارێکیان بە بەشداری هاوڕێ بەڕێز “مستەفا مەولوودی” جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و “دکتور فریدریک تیسۆ” و رێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بەڕێوە برد.
سەرەتای وێبنارەکە بە سرودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی۲۲ ی پوشپەڕ و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی و رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
ئەوجار وتەیەکی کورت لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی نۆڕوێژ هاوڕێ “هاشم ڕۆستەمی” پێشکەش کرا کە تیایدا بەخێرهاتن و سوپاسی بەشداری ئەندامانی بەشداربە گشتی و هاوڕێی بەڕێز کاک “مستەفا مەولوودی” جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەکەمان و “د. ئاسۆ حەسەنزادە” و “د. فریدریک تیسۆ” و هاوڕێیانی دیکەی ڕێبەری کرا. بڕگەیەکی دیکەی ئەو وێبنارە، تایبەت بوو کە وتاری هاوڕێی بەڕێز جێگری سکرتێری حیزبەکەمان کاک “مستەفای مەولوودی” کە تایبەت بوو بە یادکردنەوەی تێرۆری ۲۲ی پووشپەڕ و وێڕای جارێکی تر مەحکوومکردن و شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە قێزەونەی کۆماری ئیسلامی، بەڕێزیان باسی لە لێهاتوویی و کارایی شەهید دکتور قاسملوو کرد و لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە “پێشەوا قازی محەممەد بناغەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی دانا و د.قاسملوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە شێوەیەکی سەردەمییانە ڕێک خستەوە و بەڕێوەی برد.”
لە درێژەی وتارەکەیدا بەڕێزیان ئەوەشیان خستە روو کە شەهید “د.عەبدوڵڕەحمان قاسملوو لە حیزبی دێموکراتدا پرنسیب و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەی بە شێوەیەک نەهادینە کردبوو کە تا ئێستاش وەک بنەمایەکی ئەساسی لە حیزبی ئێمەدا پەیڕەو دەکرێن.
پاشان پەخشانێک لەژێر ناوی “قاسملوو لە رێبازدا زیندووە” لە نووسینی هاوڕێی بەڕێز “هاشم رۆستەمی” پێشکەش کرا.
بەدوای ئەودا، لە لایەن “د.فرێدریک تیسۆ” کەسایەتی سیاسی فەڕانسەوی و هاوڕێی نزیکی شەهید “د.قاسملوو” و دۆستی هەمیشەیی و لەمێژینەی حیزبەکەمان سەرکۆنسولگەری پێشووی فەڕانسە لە هەولێر، بە هاوکاریی هاوڕێی بەڕێزمان “د. ئاسۆ حسن زادە” باسێک سەبارەت بە کەسایەتی و هەوڵ و تێکۆشان و رۆڵ و تواناکانی دکتور قاسملوو لە پێناو پرسی کورد و کۆکردنەوەی دۆست و لایەنگر بۆ دۆزی کورد پێشکەش کرا و سوپاسی بەڕێوەبەرانی ئەو وێبنارەی کرد کە بەم بۆنەوە بانگهێشت کراوە و هیواشی خواست ڕێبوارانی ڕێبازی شەهید “د.قاسملو” هەروا لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بن.
لە بەشێکی دیکەی وێبنارەکەدا، هەریەک لە هونەرمەندانی بەڕێز کاک “جەماڵ فەتحیان”، کاک “ئەحمەد ئازەرپیرە” و کاک “هونەر ئازەرپیرە” بە سرود و موزیک بەشداری ئەو وێبنارەیان کرد.
لە دوابڕگەی وێبنارەکەدا، خاتو “کوێستان بابایی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوئێد، وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد کە تیایدا دەستخۆشی و ماندونەبوونی لە سەرجەم بەشداربووانی ئەم یادکردنەوەیەو وتار و باسەکانی بەڕێز جێگری سکرتێری گشتی کاک “مستەفا مەولوودی” و “د.فرێدریک تیسۆ” و هاوڕێیانی تر کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کومیتەکانی نۆڕوێژ و سوئێد

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*