لە پیرلاشێز یاد و بیرەوەری شەهیدانی ڤییەن بەرز راگیرا

دوای تێپەڕبوونی ٣١ ساڵ بەسەر رووداوی دڵتەزێنی ڤییەن، وەک وەفایەک بۆ شەهیدی سەرکردە دکتۆر”عەبدوڵڕەحمان قاسملوو” سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێ “عەبدوڵڵا قادری ئازەر” ئەندامی رێبەری و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، رۆژی شەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩، ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب و چەند کەسایەتییەکی سیاسی لە “پێرلاشێز”ی وڵاتی فەڕانسە و لەسەر گڵکۆی ئەو نەمرانە کۆ بوونەوە.
لەم کۆبوونەوەدا، جگە لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتانی فەڕانسە و سوئیس، هەریەک بەڕێزان دکتۆر “فرێدریک تیسۆ” کەسایەتی سیاسی و دۆستی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەلی کورد و هاوڕێ “مەولوود سوارە” بەرپرسی راگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و چەند هاوڕێیەکی تر لە وڵاتی بریتانیاوە بەشدار بوون و بۆ باشتر بەڕێوەچوونی بەرنامەکەو گەیاندنی پەیامی حیزب، تابلۆیەک بە بەرزی دوو مەتر بە شێوەی رۆڵ ئاپ و ژمارەیەکی زۆر فلایەر بە زمانی فەڕانسەوی چاپ کرابوون کە دەقی نووسراوە فلایەرەکە لە لایان هاوڕێ “د.ئاسۆی حەسەنزادە”وە بە زمانی فەرانسەوی ئامادە کرابوو.. لەم فلایەرەدا کە زیاتر لە ١٢٠٠ وشەی لەخۆ گرتبوو، بە گشتی باسی بارودۆخی ئێران لە سەرەتای دامەزرانی حیزب لەسەر دەستی پێشەوای نەمر “قازی محەممەد” و هەروەها سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و رۆڵی دکتور قاسملوو و رووداوە یەک لە دوا یەکەکانی کوردستان دەکرد. هەروەها تیشک خرابووە سەر هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئێران و تێرۆری رێبەرانی کورد و بێدەنگی وڵاتی ئۆتریش و دۆسیەی کراوەی تێرۆری میکۆنۆس.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە وتەی بەخێرهێنانی سەرجەم ئامادەبووان بە تایبەت دکتۆر “فرێدریک تیسۆ” بە زمانی فەڕانسەوی لە لایان بەڕێوەبەری ئەو رێوڕەسمە خاتوو “شەیدا ویجدانی” و سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک بێدەنگی ربۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە لە لایان هاوڕێ “هەڵمەت رەحمەت پوور” بەرپرسی کومیتەی فەڕانسەوە خوێندرایەوە.
بەدوای ئەودا لە لایان خاتوو “پەخشان رەحیمی” وەک نۆینەری بنەماڵەی شەهیدان و هاوڕێ “زاهیر قادرحاجی” بەرپرسی کۆمیتە لە وڵاتی سویس و د.فریدریک تیسۆ تاجە گوڵینەی رێز و خۆشەویستی لەسەر گڵکۆی نەمر د.قاسملوو داندرا.
ئەوجار وتارێک لە لایەن دکتۆر “فرێدریک تیسۆ”وە بەم بۆنەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا و پەخشانێک لە لایەن هاوڕێ “رەحمان ئیبراهیم زادە” خوێندرایەوە و مۆمی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڤییەن لە لایەن منداڵانی درێژە دەری رێبازی قاسملوو هەڵکرا و ئامادەبووان شاخە گوڵی خۆشەویستیان لەسەر گڵکۆی نەمران دانا و بابەتێک لەسەر پەروەردەی منداڵان لە لایەن هاوڕێ “ئازادی موستەوفی” و “پەخشانێک لە لایەن هاوڕێ “عەلی سوورە چۆمی”یەوە خوێندرایەوە.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا سەرجەم بەشداربووان بە دەستەگوڵەوە بەرەو گڵکۆی شەهیدان “د. سادق شەرەفکەندی” و هاوڕێیانی وەڕێ کەوتن و لە لایان هاوڕێیان “مەولوود سوارە” و “محەممەد حەسەن زادە وهەروەها هاوڕێ “عەلی سوورە چۆمی” وەک نوێنەری بنەماڵەی شەهیدان، تاجە گوڵینە لەسەر مەزاریان داندرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەکانی فەرانسە و سوئیس

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*