بە بۆنەی ٣١ساڵەی تیرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی، وێبینارێک بۆ بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی بەڕێوە چوو

رۆژی شەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، بە بەشداری سەدان کەس لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتانی ئاڵمان، بریتانیا، ھوڵەند، ئۆتریش و بلژیک سیمینارێکی ئانلاین بە بۆنەی ٣١مین ساڵوەگەری تێرۆرکرانی ڕێبەری زانا و بلیمەتی حیزبەکەمان دوکتورعەبدۆڵڕەحمان قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری ئازەر بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئێسلامی ئێران، بۆ بەڕێز “مستەفا شەڵماشی” ئەندامی پێشوی رێبەری و تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی دیاری نێو ریزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای وێبینارەکە بە سرودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر بەڕێزان “سۆڵتان گۆڵاوی” بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان و “ئەدیسۆن فەرامەرزی” بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیا بە نۆێنەرایەتی کومیتەکانی ھەر پێنج وڵاتەکە سوپاس و بەخێرھاتنی بەڕێز کاک “مستەفا شەڵماشی” و بەشداربووانیان کرد و بڕگە و بابەتەکانی ئەو سیمینارەیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە سەرەتادا بەڕێز کاک “مستەفا شەڵماشی” باسی رێبەرانی شەھیدکراوی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ھیچ نەتەوەیەک لە دنیادا بە قەد نەتەوەی کورد رێبەرانیان لێ شەھید نەکراون و بە شێوازی جۆراوجۆر تێرۆر نەکراون. دواتر بەڕێزیان ئاماژەیان بە کتێبی “کوردستان و کورد” وەکو مێژووی کورد دا و بە پێویستی زانی ھەموو تاکێکی کورد ئەو کتێبەی دکتور قاسملووی نەمر بکاتە سەرچاوە بۆ ژیان و خەباتی سیاسی خۆی و هاوکات ئاوڕێکی لە ژیانی سیاسی و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشانی ناوبراو دایەوە و ئەو وتە بەنرخەی قاسملووی نەمری بیر هێنایەوە کە فەرموویەتی: “ئێمە سیاسەت دەکەین بۆ ئەوەی واقعیەت بگۆڕین، نەک قبووڵی بکەین”.

کەسایەتی سیاسی و پێگەی دیپلۆماتیکی دکتور قاسملوو و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و روحیەی شۆڕشگێڕی و گرینگیدانی بە پێشمەرگە و باوەڕی قووڵی بە دێموکراسی و سووربوونی لەسەر داوا رەواکانی نەتەوەی کورد، تەوەرێکی دیکەی وتەکانی بەڕێز “شەڵماشی” لەو وێبیناری ٣١مین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ئەو سەرکردەوە مێژووییەی گەلی کورددا.

ئەو وێبینارە بە سرودی “ئەی شەھیدان” کە لایەن بەڕێز “رافا شنۆیی”یەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا، کۆتایی پێ ھات.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کومیتەکانی: ئاڵمان، بریتانیا، ھوڵەند، ئۆتریش و بلژیک

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*