بە بۆنەی ٣١ ساڵەی شەھیدانی ڤییەن، کۆمیتەکانی فینلەند و دانمارک وێبنارێکیان بۆ بەڕێز “کەماڵ کەریمی” بەڕێوە برد

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی پووشپەڕ ساڵی ١٣٩٩ ھەتاوی بەرامبەر بە ١٢ی جوڵای ٢٠٢٠ زایینی، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ھەردوو وڵاتی دانمارک و فینلەند لە ڕێگای ئینتەرنێت و بەشێوەی ئۆنلاین بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی لە ھەردوو وڵاتی ناوبراو و بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و ھەروەھا نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، وێبنارێکی سیاسییان لەژێر ناوی “ژیانی سیاسیی دکتور قاسملوو، کاریگەری کەسایەتی لە دوای شەھیدبوونی” بۆ بەڕێز کاک “کەماڵ کەریمی” ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا.
سەرەتا لە لایان هاوڕێ “ئازاد شێخی”، بڕگە و بابەتەکانی ئەو وێبنارە راگەیەندرا و وێبنارەکە بە سرودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان هاوڕێ “وریا مەللاک” بەرپرسی گشتیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک، بە نوێنەرایەتی ھەردوو کۆمیتەی حدک لە وڵاتی فینلەند و دانمارک بەخێرھاتنی هاوڕێ “کەماڵ کەریمی” و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و ئەندامانی حیزب و بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدانی کرد و پەیامی هاوبەشی هەر دوو کۆمیتەکەی بەم بۆنەیەوە پێشکەش کرد.
ئەوجار بەڕێز کاک “کەریمی” بە ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی وگرینگ لە مێژووی دروستبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان ھەر لە سەردەمی کۆمەڵەی “ژێکاف”ەوە هەتا دامەزرانی کۆماری کوردستان و بەستنەوەی ئەم بابەتە گرینگە بە نەش و نمای سیاسی شەهید دکتور “قاسملوو” وەک ڕێبەرێکی پراگماتیست دەستی پێ کرد.
بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیاندا وێڕای ئاماژەدان بە خاڵگەلێکی ئەساسی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بەھۆی بیری نەتەوەیی پێشەوا “قازی محەممەد” و دروستکردنی حیزبێکی مۆدێڕن و کاریگەر لەو سەردەمدا و دەرکەوتنی کەسایەتی دکتور قاسملووی نەمر و ئۆگریی ناوبراو بە دنیای دەرەوەی بنەماڵەکەی و دامەزراندنەوە و ئەندامەتی لە یەکێتی لاوانی دێموکراتی کوردستاندا و پاشان تێکۆشانی بەرچاوی رێبەری شەهید لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی “تودە”دا و قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی و هەنگاو و کاریگەرییەکانی دکتور قاسملوو بۆ بەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی تەشکیلاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خۆدوورخستنەوەی لە حیزبی تودە و سیاسەتەکانی ئەو حیزبە، بە سێ خاڵی سەرەکی و گرینگی لە ژیانی سیاسی ڕێبەری شەھیدمان دکتۆر “قاسملوو” خستە روو کە بریتی بوون لە:
١- سەربەخۆیی بڕیاردان کە بابەتێکی گرینگە لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا .
٢ : واقعبینی لە سیاسەتدا و خۆ دوورخستنەوە لە دروشمدان و ئەسڵی “سیاسەت ھونەری مومکینە”. باوەڕ بەوەی کە کاتێک شەڕ دەکەین، دەتوانین وتووێژیش بکەین و شەڕ و وتووێژ تەنیا ڕێگەیەکن کە دەتوانن بە ئامانجەکانمان بگەیەنن.
٣ : کەڵکوەرگرتن لە شێوازە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی بەربڵاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کەواتە کاریگەرییە سیاسییەکانی دکتور “قاسملوو” وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی هەرگیز کۆتایی نایەت.
دوابڕگەی وێبنارەکە، پرسیار و تێبینی و سەرەنجی ئامادەبووان بوو لەمەڕ باسەکانی هاوڕێ “کەماڵ کەریمی” کە لەلایەن بەڕێزیانەوە، وەڵامی پرسیارەکان درایەوە .
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەکانی فینلەند و دانمارک

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*