بە بۆنەی ٣١مین ساڵوەگەڕی تیرۆری د.عەبدوڵڕەحمان قاسملوو وێبنارێک بۆ دکتور”سمایل بازیار” بەڕێوە چوو

رۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی بە بۆنەی ٣١مین ساڵوەگەڕی تیرۆرکرانی شەهیدان دکتور “عەبدوڵڕەحمان قاسملوو” و عەبدوڵڵا قادری ئازەر، بەدەست تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کومیتەکانی ئوسترالیا، کانادا و ئەمریکا، وێبنارێکیان بۆ بەڕێز دکتور”سمایل بازیار”، تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی دیاری نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە برد کە جگە لە ئەندامانی حیزب، ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتی ئاکادیمیک و چالاکی سیاسیی کورد لە دەرەوەی تەشکیلاتی حیزب تێیدا بەشدار بوون. سەرەتا سیمینارەکە بە سرودی نەتەوەیی “ئەی رەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر ھاوڕێ “خەبات ئیبراھیم پوور” بەرپرسی کومیتەی حدک لە ئەمریکا لە لایەن کومیتەکانی ئەمریکا و کانادا و ئوسترالیاوە وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز دکتور “سمایل بازیار” و گشت بەشداربووان، بڕگە و بابەتەکانی ئەو وێبنارەی پێشکەشی ئامادە بووان کرد.
لە بڕگەی یەکەمی ئەو وێبنارەدا، دکتور “سمایل بازیار” بە وردی تیشکی خستە سەر رۆڵ و کاریگەرییەکانی دکتور قاسملوو لەسەر هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی تەشکیلاتی و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات بۆ خۆدوورخستنەوە لە سیاسەتەکانی حیزبی “تودە” و رێبەریی حیزبی ناوبراو. “بازیار” لە بەشێک لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە حیزبی تودە بڕوای بە مافی نەتەوەی کورد نەبوو و زیاتر سیاسەتی ناسیونالیزمی زاڵی ئێرانی پەیڕەو دەکرد و بە پەیڕەویکردن لە سیاسەتەکانی یەکێتی سۆڤیەت، گەلانی دیکەی ژێردەستی ناسیونالیزمی فارسی لە چوارچێوەی بە دێموکراسیکردنی ئێراندا دەبینی و پێیان وابوو گشت خەباتێک پێویستە مۆرکی چینایەتی لێ بدرێ، هەر بۆیە بەپێی وردبینی شەهید “د.قاسملوو” و تێگەیشتنی لە کێشەی نەتەوەیی بە ھاوکاری هاوڕێیانی لە حیزبی دێموکراتدا، بە یەکجاری ئەو پەیوەندییەی لە چەند قوناغدا لەگەڵ حیزبی تودە کۆتایی پێ ھێنا. لە پەیوەندی بە سەرەکیکردنی پرسی نەتەوەیی لە حیزب دێموکراتدا، “د. سمایل بازیار” باسی لەوە کرد کە “د. قاسملوو” پاش خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ و بە دوای ئەو قەیرانانەی داوێنگیری تەشکیلاتی حیزب ببوو، ھاتە سەر ئەو بڕوایە کە پێویستە حیزب بایەخی بنەڕەتی بە خەباتی نەتەوەیی بدات و ھەر بۆیەش بەرنامەو پەیڕەوی حیزبی ئامادە کرد کە لە کۆنگرەی ٣دا، پەسند کرا و دەستەبەرکردنی مافی چارەنووس بۆ گەلی کوردی تێدا گونجێندرا، کە ئەوە ئاڵوگۆڕێکی ئەساسی بوو لە بیرکردنەوەی “د.قاسملوو”دا. لە کۆتابەشی باسەکەیدا، “د.بازیار” لێکدانەوەیەکی بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک کرد کە “د.قاسملوو” لە کۆنگرەی ٦ی حیزبی دێموکراتدا ھێنایە گۆڕێ و گوتی کە لەو کۆنگرەیەدا بوو کە “د. قاسملوو” بە یەکجاری وازی لە بۆچوونی چەپی سوننەتی ھێنا و پرسی نەتەوەیی و دێموکراسی پڕڕەنگتر بە بۆچوونەکانییەوە دیار بوو. دوابڕگەی سیمینارەکە بەشداران سەرەنج و تێبینی و ڕا و پرسیارەکانیان خستە ڕوو کە لە لایان دکتور “بازیار”ەوە پرسیارەکان وەڵام درانەوە.
شایانی باسە، ئەو سیمینارە دوای ٣ کاتژمێک کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کومیتەکانی: ئوستراڵیا- کانادا- ئەمریکا
٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*