کۆبوونەوەی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات

عومەر باڵەکی: “سیاسەتی حیزبی دێموکرات پێکهێنانی کۆدەنگی زیاترە لەنێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکاندا.”
بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پێوەندیدار بە پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، رۆژی شەممە 27/6/2020 دەستەی بەڕێوەبەریی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، کۆبوونەوەیەکی بۆ بەڕێز “عومەر باڵەکی”، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێک‌ هێنا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕیز “کەریم رەسووڵی”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، وێڕای بەخێرهێنانی بەشدارانی کۆبوونەوەکە، ئامانج و تەوەری کۆبوونەوەکەی خستە ڕوو
و گوتی: “وەک پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات دەمانهەوێ لە رێگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کۆبوونەوەی تایبەت، کارەکانی ئەم بەشە بە رێکخراوتر بکەین و پێویستە هەوڵ بدەین گڕوتینێکی زیاتر بە کار و چالاکییەکانی ئەو بەشە بدەین.”
پاشان بەڕێز “عومەر باڵەکی”، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە ئاماژە بە گرنگی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە، وێڕای سوپاسی کۆمیتەی دەرەوە و پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی لە دەرەوەی وڵات، گوتی: “پرسی پێوەندی و دۆستایەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بۆ حیزبی دێموکرات هەمیشە بابەتێکی گرنگ بووە و، لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەییدا، سیاسەتی حیزبی دێموکرات پێکهێنانی کۆدەنگی زیاترە لەنێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکاندا.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، “باڵەکی” تیشکی خستە سەر سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرانبەر بە هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و رایگەیاند: “لەگەڵ هیچ هێزێکی کوردی لە پارچەکانی کوردستان کێشەمان نییە و لەگەڵ زۆربەیان پێوەندیی و دۆستایەتیمان هەیە.”
بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی پێوندیدار بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و گوتی: ” بەهۆی ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کۆمەڵێک لێکدابڕان لە ریزی حیزبە کوردییەکاندا روویان دا، پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری هەنگاوێکی زۆر باش بوو
بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دروستکردنی هاوهەڵوێستی لەنێوان ئەو لایەنانە لە پێوەندیی لەگەڵ پرسە گرنگ و چارەنووسازەکاندا.”
هەر لەم بارەوە بەڕێز “عومەر باڵەکی” بە ئاماژە بەوی کە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە دروستکردنی ئەدرەسێکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دنیای دەرەوە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ناوەندە دەتوانێ لە داهاتوودا ئەو دەورە بگێڕێ و پێویستە هەموو لایەک بۆ ئەو بابەتە هاوکار بن.
دوای تەواوبوونی باسەکەی بەرپرسی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بەشدارانی کۆبوونەوەکە لەسەر تەوەری کۆبوونەوەکە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا، سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو کە دواتر لە لایەن بەرێز کاک “عومەری باڵەکی”‌یەوە وڵام درانەوە.
شایانی باسە، لەو کۆبوونەوەدا، هەر یەک لە بەڕێزان “حەمەرەسووڵ کەریمی”، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و “مادیح ئەحمەدی”، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و “حەسەن حاتەمی”، بەرپرسی پێشووی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، بە وتە و سەرەنج و تێبینییەکانیان، کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
پێویستە بگوترێ لەم کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات و بەرپرسانی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەکان بەشدار بوون و کۆبوونەوەکە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*