کۆبوونەوەی نوێنەرایەتیی دەرەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

بە مەبەستی کاراترکردن و تاوتوێی ئەرک و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۲۰۲۰/٦/۲۱ (۱ـی پووشپەڕی ۱۳۹۹) کۆبوونەوەی نوێنەرایەتیی ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو.
دوای گفتوگۆ و دیالۆگێکی بەرپرسانە، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕا بوون لەسەر کاراترکردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و بۆ ئەم مەبەستەش بە باش زانرا لەژێر چاودێریی نوێنەرایەتیی ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات، لقەکانی ناوەند لە وڵاتگەلی ئورووپایی، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا لە داهاتوودا، بە ڕێکخراوەیی‌تر بکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە ئاماژە بە پێویستیی ڕێک‌خستنی پۆتانسیەل و تواناکانی کوردی دیاسپۆرا لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان، جەخت لەسەر مۆبیلیزە کردنی وزە و توانا جۆربەجۆرەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە وڵاتانی دەرەوە کرایەوە. هەروەها بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕا بوون کە هەوڵ بدرێ ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بکرێتە ناونیشانێک بۆ دیپلۆماسی و مامەڵە کردنی دنیای دەرەوە لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، هەوڵ بدرێ لەژێر چەتری ئەم ناوەندەدا لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری و نەتەوەکانی دیکەی ئێران مامەڵە بکرێ.
لە کۆتاییدا، جەخت لەسەر بەردەوامی و هاوئاهەنگیی هەر چیی زیاتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بواری جۆراوجۆر لە وڵاتانی دەرەوە کرایەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
نوێنەرایەتیی دەرەوەی وڵات
۲۱ـی ژوئەنی ۲۰۲۰
۱ـی پووشپەڕی ۱۳۹۹

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*