خومەینیزم و میراتگرانی

عەلی بداغی

ئەمڕۆ (١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی) ٣١ ساڵ بەسەر مەرگی خومەینیدا تێ‌پەڕی. پیاوێکی ئایینی و سیاسی کە توانی خەونی لەمێژینەی حاکمیەت و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی_شیعی لە ئێراندا وەدی بێنێ و ماوەی ١٠ ساڵ حوکمەتەکەی گرینگترین دەیەی مێژووی هاوچەرخی ئێرانە. گرینگ چونکی کاریگەرییە قووڵ و بنەڕەتییەکانی ئەم بڕگەیە لە مێژووی ئێران هەتا ئێستاش بەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چارەنووسی خەڵکی ئەم وڵاتەوە دیارە.

ئەوە خومەینی بوو کە بەردی بناغەی ناردنەدەرێی شۆڕشی ئیسلامیی دانا و وێژمانی سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئێرانی داڕشت، وێژمانێک کە لە بنی‌ڕا دژایەتیی بنەڕەتیی لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران بوو. خومەینی بە سیاسەتی دوژمنایەتی‌کردنی ئەمریکا زۆربەی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێک دا، ئەو کە بە ڕوانگە پان‌ئیسلامیستییەکانی پێی  ‌وابوو دەتوانێ ڕێژیمی سیاسیی دەسەڵاتە ناوچەییەکان لە بەرژەوەندیی ئیسلام (شیعەگەری)ـیدا بگۆڕێ، کەوتە هاندان و ڕێکخستن و وەخۆگرتنی میلیشیا تێرۆریستەکان و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە لایەک لە کۆمەڵگەی جیهانییدا تەریک بخرێتەوە و، لەلایەکی دی بەهۆی پڕکێشییەکانی عێراق هەست بە مەترسی بکا و هێرش بکاتە سەر ئێران.

ئەم شەڕە کە دەکرا لە ساڵی یەکەمدا و دوای پاشەکشەی عێراق و لە هەلومەرجی هێزمەندیی ئێراندا تەواو ببا، بە هۆی دروشمەکانی “ڕێگای قودس لە کەربەلاوە تێ‌دەپەڕێ” و “شەڕ شەڕ هەتا سەرکەوتن” بۆ ماوەی ٨ ساڵ درێژ کرایەوە. کۆمەلگەی ئێران هەتا ئێستاش نەیتوانیوە پشت لە حاند زیانە ماڵی و گیانییەکانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە ڕاست بکاتەوە، بەڵام ئەمە بە لای ڕێژیمی سیاسیی ئێرانەوە گرینگ نییە، چونکی بنەما فیکری و ئیدئۆلۆژییەکانی خومەینی‌، بەرژەوەندییەکانی خەڵک و دەسەڵات لە ئێرانی لێک جیا کردۆتەوە.

سیاسەتەکانی خومەینی لەو دەیە چارەنووسسازەی حوکمەتەکەیدا وای کرد ئێران جیا لە سووریە و لیبی یەک وڵاتی عەرەبیی هاوپەیمانی نەبێ، بەردی بناغەی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی ئێران دابندرێ _کە تا ئێستاش بە هۆکاری جۆراوجۆر و لە فۆرمی جیاوازدا درێژەی هەیە_، فتواکەی لەدژی سەلمان ڕوشدی ساردی بخاتە نێوان پێوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی ئورووپا و؛ ئەمانەش هیچ کام لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێراندا نەبوون و نین.

خومەینی و دەوروبەری بەڵام لە نێوخۆی وڵاتدا خەونی گەورەیان بۆ ڕێژیم و دەسەڵاتەکەیان دیبوو کە ئەو دۆڵپایە پێش هەموو شتێک پێویستیی بە زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک بوو. قەوارەی حکوومەتیی ویلایەتی فەقیهـ، بەیتی ڕێبەری، خوبرەگانی ڕێبەری، شۆڕای نیگابان، کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام و، دەوڵەتی سێبەر هەمووی لە خزمەتی خومەینیزم و پەراوێزخستنی خەڵک و بەهێندنەگرتنی ئازادییەکانی ئەوان بووە. چ لە سەردەمی خومەینی و چ دوای سی ساڵ لە مەرگی، ئێستاش هەڵبژاردنەکان مهەندیسی دەکرێن و دەنگی خەڵک لای وان کایە و بایە. چل ساڵە حەزفی فیزیکی و سەرکوتی حیزبە سیاسییەکان و شەڕی نەرم لەدژی بزووتنەوەی ئێعترازیی خەڵک دەستووری کاری هەمیشەیی ئەم ڕێژیمەیە. چل ساڵە وڵات و هەموو سامانە سروشتییەکانی پاوانی کاربەدەستانی ڕێژیمە و بەتاڵان دەبرێ. چوار دەیە گرتنەبەری سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەکان، حاشا کردن لە مافەکانیان و سەرکوتی بزووتنەوەی مافخوازییان، چوار دەیە سڕینەوە و هەڵاواردن و پەراوێزخستنن لە سۆنگەی جیایی ئایین و ئایینزاکانەوە، چوار دەیە شمشیر لەڕوو بەستن لەدژی ژنان و توندگرتنی ئەوکی لاوان و تاراندنیان لە خاک و نیشتمانی خۆیان سیاسەتی نەگۆڕ و بەشێک بووە لە خومەینیزمی کۆماری ئیسلامی.

کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی بە بڕیاری خومەینی جینایەتێکی دیی ئەم دیکتاتۆرە مەزهەبییە بوو کە بووە هۆی ئێعدامی زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانی، هەروەها بەردەوامیی سەرکوت و کوشتنی خەڵک لە زیندان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیشدا بەشێکە لە “وەسیەت”ـە مێژووییەکەی جەنابیان.

خومەینی بە دروشم بەخۆڕایی‌کردنی ئاو و برق، خەڵکی هەژار و بەشمەینەتی ڕەگەڵ خۆی خست، جاڕی دا کەس بە لای خانووکڕیندا نەچێ، چونکی کرێچی لە ئێراندا ناهێڵن؛ بەڵام هەر دوێنێ بوو کە ئاو و برقی خەڵکی هەژاریان _ئەویش لە سەردەمی کۆرۆنادا_ بە هۆی تێنەکردنی پووڵ هەڵبڕی و لە کرماشان ماڵی هیوایان بەسەر ئاسیەی داماودا ڕووخاند و گیانیان لێ ستاند. لە کاتێکدا خەڵکی ئاتاج و هەژار لە زبڵ‌وزاڵدا بەدوای ژەمە خواردنێکدا دەگەڕێن، بەڵام لە ساڵدا بە میلیارد میلیارد تمەن لە بودجەی گشتیی وڵات بۆ پێگەیاندنی مەلا و فەقێی حکوومەتی لە حەوزە ئایینییەکاندا خەرج دەکرێ.

چوار دەیە قەیرانی ئابووری، چوار دەیە داڕمانی کۆمەڵایەتی، چوار دەیە پاشکەوتن و گەڕانەوە بۆ چەند سەدەی ڕابردوو لە سایەی ئەم چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەرهەمی نیزامێکی سیاسییە کە خومەینی بناغەکەی دانا. لە سۆنگەی ئەم نیزامەوە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەها و ٣٠ میلیۆن کەسیش لەژێر هێڵی هەژاریی ڕێژەییدا دەژین، زیاتر لە 20 میلیۆن کەس بێکارن، ٧ میلیۆن بنەماڵە _سەتا 35ـی حەشیمەتی وڵات_ کرێچین، زیاتر لە 8 میلیۆن کەس گیرۆدەی مادەی هۆشبەرن، کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات و خەمۆکی و خۆکوژییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبن و، ئەمانە بەشێکی بچووکن لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی پاش دەسەڵاتی خومەینی و قوتابییەکانی.*

بۆیە ١٤ی جۆزەردانی ١٣٦٨ ناکرێ بە خاڵی کۆتایی دیکتاتۆرێک دابندرێ کە بە گرتنە بەری سیاسەتی پۆپۆلیستی و کەلکاژۆ لە هەستی ئایینیی خەڵک توانی بگاتە ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران، بەڵکوو ڕووداوی مەرگیشی بووە هۆی بنچ‌داکوتانی زیاتری نیزامی دیکتاتۆریی دەسەڵات بەسەر وڵاتدا. بۆیە خومەینی و بنەما فیکرییەکانی بەردەوام لە هەناوی ئەم ڕێژیمەدا دەژیێتەوە، تەنانەت لە ئێستاشدا کە خۆری خومەینیزم و میراتەکەی بۆ فەرخەکانی لە ئاوا بوونە.

لە ئێستادا میراتگرانی خومەینی بەرەوڕووی کۆمەڵێک قەیرانی جیدی بوونەتەوە. هێژمۆنیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و وڵاتانی دراوسێی کە بنەڕەتیترین دروشمی خومەینیی دامەزرێنەری ڕێژیمە، لە کەمترین ڕادەی خۆی‌دایە. ڕێژیم لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا پتر تەریک کەوتۆتەوە و ئەو تەریککەوتنەوەیە هەرەسی بە ئابووریی ڕێژیم هێناوە.

سەرهەڵدانەکانی خەزەڵوەری ڕابردوو کە ڕووداوەکانی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و کۆرۆنای بەسەردا هات؛ ئاگری بن خۆڵەمێشە.

هۆکارەکانی ئەم بارودۆخە و داڕمانی شەرعییەتی کۆماری ئیسلامی لای خەڵکی وڵات وەک باس کرا بەردەوامیی سیاسەتی خومەینیزم و دەسەڵاتی حکوومەتە کە دژایەتیی بنەڕەتیی هەیە لەگەڵ مافەکانی خەڵک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

حاکمیەتی سیاسی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە سیاسەتی ئیدئۆلۆژیک و یەکسانسازی، بەرەبەرە هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکانی لە پشتیوانەوە کردۆتە دژ و بەرهەڵستکار. ڕێزنەگرتن لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک، سەرکوتی باوەڕە نەتەوەیی و ئایینییەکانی خەڵکی نافارس و غەیرە شیعی، بە ڕەسمی نەناسینی بەرابەری و یەکسانی و ڕێگری لە بەردەم بەشداری و هاوبەشیی گشتییدا، دەسەڵاتی سیاسیی بەرەوڕووی کۆمەڵێک بەرگژەی هۆوییەتی، کۆمەڵایەتی و سیاسی کردۆتەوە.

ئەو بەرگژانەش لە نەبوونی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات، لە نەبوونی ئازادی و دێموکراسی و لە نەبوونی ئیرادە بۆ بەخۆدا چوونەوە وا دەکا ڕێژیم چیدی توانای بەرهەمهێنانەوەی وێژمانی ئیدئۆلۆژیکی خۆی نەمێنێ و، بێ‌گومان بەبێ پشتیوانیی خەڵک ناتوانێ بەسەر قەیرانەکانی بەردەمیدا زاڵ ببێ.

کۆمەڵە هۆکارێکی دیکەش لەو پێوەندییەدا ڕۆڵی کاتالیزۆر دەبینن. بەربڵاو بوون و قورستر بوونی سزاکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی جیهانی، داڕمانی بایی نەوت، ڕاوەستانی ئابووریی وڵات ئەویش لە قەیرانی جیهانیی ئابوورییدا کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی هەلومەرجێکی چارەنووسساز کردوە. هەلومەرجێک کە لەوانەیە دانوستان و سازان لەگەڵ ئەمریکاش دادی نەدا.

ڕەنگبێ ئەمە قەدەرێکی مێژوویی بێ کە ئێران جارێکی دیکەش گۆڕینی نیزامی سیاسیی وڵات بە خۆیەوە ببینێ. ئەم نیزامە نە دێتە سەر ڕاستەڕێ و نە ئیرادە و مەیلێک لای خەڵک بۆ متمانەکردنەوە بە ڕێژیم و دەربازکردنی لە کەڵەکەبوونی قەیرانەکان هەیە.

کاتی خۆی و لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکانی دژی ڕێژیمی “شا”دا، خومەینی گوتی ئەم ڕێژیمە دەبێ بڕوا و نەمێنێ. مێژوو دووپات دەبێتەوە، ئەم ڕێژیمەش دەبێ بڕوا، کەی و بە کام نرخ؛ ئەمەیان بەندە بە هەلومەرجی خەبات و مافخوازیی خەڵکی ئێران و فاکتەرەکانی پێوەندیدار بە سەرخستنی ئەم خەباتەوە.

***

* ئامارەکان لە بڵاوکراوە ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامی وەرگیراون.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*