بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی ح د ک لە ھەر دوو وڵاتی دانمارک و فینلەند بە بەشداری سکرتێری گشتی حیزب

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی مای ٢٠٢٠ی زایینی، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ھەر دوو وڵاتی فینلەند و دانمارک ، لە رێگای ئینتەرنێت و بە شێوەی ئانلاین و هەروەها بە بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لەو دوو وڵاتە، کۆبوونەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. .
کۆبوونەوەکە بەسرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خوولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستیپێکرد. پاشان لە لایەن بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە ھاوڕێ وریا مەلاک بەخێر ھاتنی بەڕێز کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزب و ئەندامانی حیزبی لە ھەر دوو وڵاتی دانمارک و فینلەند کرا، ھەروەھا ڕیزبەندی بەرنامەکان ڕاگەیەنرا .
لە برگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و ئامانج و مەبەستی کۆبوونەوەی ئانلانی بۆ ئەندامان باس کرد و هاوکات باسێکی لە سەر چۆنیەتی هاوکاری لە نێوان تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و کوردستان و ڕێبەری و ئۆرگانەکانی حیزبی کرد.
پاشان لە لایەن کاک قادر مەکڵاوەیی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی فینلەند بە نوێنەرایەتی ئەندامانی حیزب لە ھەردوو وڵاتی دانمارک و فینلەند وێڕای پیرۆزبایی جێژنی ڕەمەزان بەخێرھاتنی کاک خالید و بەشداران، باسێکی کورتی سەبارەت بە دۆخی جیھان بەھۆی پەتای کۆڤید ١٩ و کاریگەری و بەربەستەکانی لە سەر کارو تێکۆشانی کۆمیتەکانی حیزبی کرد.
بەرێزیان لە بەشێکی دیکەی وتەکانی خۆی دا ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە هاوڕێیانی حیزب لە وڵاتی فینلاند و دانمارک و بە گشتی و وڵاتانی ئوروپایی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ھەروەھا ئیشاڕەی بە کۆچی ناوادەی خاڵە کەریم ساڵحی فەرماندەی بەوەج و تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان کرد، هاوکات بە نوێنەرایەتی هەر دوو کۆمیتەی دانمارک و فینلاند وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو خاڵە کەریم ساڵحی، ھیوای چاکبوونەوەی بۆ ئەو کەسانە خواست کە تووشی ئەو نەخۆشییە هاتوون .
لە برگەی دووهەمی کۆبوونەوەکەدا بەرێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزب سەرەتا پیرۆزبایی جێژنی ڕەمەزانی لە باوەرمەندانی ئەو جێژنە کرد و پاشان چووە نێو کۆمەڵێک باس و خواسی پێوەندیداری ئەوڕۆی  جیھان، ئێران و کوردستان بە تایبەتی کارێگەریەکانی کۆڤید ١٩ لە سەر نەزم نوێی جیهانی بە گشتی. لە بەشێکی دیکە لە وتەکانی ئیشارەی بە ئێرانی پێش کڕۆنا و ئێرانی دوای کۆڕۆنا کرد و وتی: لە ئێرانی پێش کۆڕۆنادا چەندین قەیران بەرۆکی ئەو رێژیمەی گرتبوو هەر لە خۆپێشاندانەکانەوە تا کوشتنی قاسم سلێمانی کە لە ئەوجی غروری ڕێژیم درا، کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی تا سارد و سڕی ھەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و بەشداری کردنی ڕێژەیەکی کەم لە خەڵکی لەو بە ناو هەڵبژاردنەدا.
بەڕێزیان باسی لە ھەوڵەکانی ڕێژیم بە کەڵک وەرگرتن لەو هەلەی”دەورانی کۆڤید١٩” کە بۆی رەخساوە بۆ خۆ دەرباز کردن و پەردەپۆش کردنی ئەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی کە لە سەری کەڵەکە بوون کرد و وتی: ڕژیمی ئیسلامی سەرەڕای داڕمانی ئابووری وڵاتەکەی و ئەو هەموو کێشە و گرفتانەی کە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی تووشی بووە بەڵام دیسانەوە دەیهەوێ تەمەنی دەسەڵاتداریەتیەکەی خۆی درێژ بکاتەوە.
بەشێکی تری باسەکەی بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب پەیوەندیدار بوو بەو هەڵمەتە نیشتمانییەی کەخەڵکی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بە هاناوە چوونی یەکتری لەو قۆناغە ھەستیارەدا کە بەھۆی پەتای کڕۆنا تووشی هاتبوون و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کردەوە خۆی لێ بێبەری کردن. بەڕێز عەزیزی بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە باسی لە ڕێکخراوە مەدەنی و خێرخوازەکانی ناوخۆ کرد و دەور و ڕۆڵی ئەوانی لە بە هاناوەچوونی خەڵکی هەژار و نەدار بەرز نرخاند. هاوکات باسی لە دەورو کاریگەری حیزب و ئۆرگانە حیزبییەکان کرد کە لەو ماوەیە دا لە هەموو ڕێکارێکی مومکین بۆ پشتگیری و پشتیوانی چالاکانی ناوخۆ کەڵکیان وەرگرتووە و ئەوەشی بە ئەرکی سەرشانی حیزب و شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵات زانی.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەبارەت بە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی ڕوو بە ئەندامان ڕایگەیاند کە هیچ چەشنە کەندوکۆسپێک و ناکۆکییەک ناتوانێ ڕەوتی یەکگرتنەوەی ئەو دوو حیزبە پەک بخات و ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ڕێی هەیئەتێک کە هەڵبژێردراوی دەفتەری سیاسییە، بەدواداچوون بۆ پرسی یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبی دێموکرات دەکەین. حیزبی ئێمە چ لە ڕابردوو و چ ئێستا و داهاتووش بە بەرپرسایەتییەکی مێژوویی کە دەکەوێتە سەرشانی بەرەوپیری ئەو پرسە دەچێ و لە رابردووش دا بە کردەوە هەنگاومان بۆ ناوە و لەو بارەوە خۆمان بە ڕووسوور دەزانین.
ئێمە و ئێرانییەکان بەشێکی تری وتەکانی ھاوڕێی سکرتێری گشتی حیزب بوون، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا کە ئێمە حیزبێکی کوردستانیین و رووی چالاکییەکانمان رۆژهەڵاتی کوردستانە ھەروەھا لە ناو ئێرانییەکان بەناوی هێزێکی کوردستانی ھەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکەین. کێشەی ئێمە کێشە لەگەڵ تورک و فارس و کەمینە نەتەوەکانی تری ئێران نیە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ ئەو بەرێوەبەری و دەسەڵاتانەیە لە تاران کە حازر نین دان بە مافی گەلەکەمان دابنێن .
لە پێوەندی لەگەڵ ناوەندی ھاوکاری و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وێرای ئاماژە بە بوونی پێوەندی باش لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرێزیان ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە یەکڕیزی ئەو ناوەندە ڕابگرین و کار دەکەین بۆ ھەرچی بەرفراوانتر کردنی ئەو ناوەندە.
سەبارەت بە پارچەکانی تری کوردستان ھاوڕێی سکرتێری گشتی ئاماژەی بەوە کرد سیاسەتی گشتی ئێمە دەخالەت نەکردنە لە کارووباری بەشەکانی تری کوردستان و بە پێچەوانەشەوە دەخالەت نەکردنی ئەوانە لە کارووباری ئێمە دا .
بەشی کۆتای باسەکەی بەرێزیان تیشک خستنە سەر میکانیزمی کاری ئۆرگانەکانی حیزب بوو، کە لە دوای کۆنگرەی ١٧ بەشێوەی ئۆرگانیزەتر و بە پێی ئایین نامە و ئەساسنامە دەبێ کاری پێ بکرێ .
لە بەشی دووهەمی کۆبوونەوەکەدا، دەرفەت درا بە ئەندامانی بەشدار کە پرسیار، رەخنە و تێبینییەکانی خۆیان لەگەڵ سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات کوردستان بێننە بەر باس. پاشان بەڕێز کاک خالید بە وردی وەڵامی پرسیار و رەخنەکانی ئەندامانی بەشدار لەو سمینارەی دایەوە.
هەروەها هەندێک پرسیار کە رووبەرووی هەر دوو بەریزان کاک حەمەرەسول کەریمی و کاک سمایل شەرفی کرابوو وەڵامی پێویست درایەوە و لە هەمان کاتدا هەندێک ڕێنوێنی تەشکیلاتی و کاری ئۆرگانەکان لە لایەن ئەو بەرێزانەوە باسی لێوەکرا.
جێی ئاماژەیە ھەریەک لە بەڕێزان کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی بەرپرسی گشتی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک سمایل شەڕەفی بەرپرسی گشتی تەشکیلاتی حیزب لە کوردستان و شەهین زاد ئەحمەد بەرپرسی یەکێتی ژنان لە دەرەوەی وڵات بەشداری ئەو کۆبوونەوە سیاسی- تەشکیلاتییەی کۆمیتەکانی حیزب لە ھەر دوو وڵاتی دانمارک و فینلەند بوون .
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەکانی دانمارک و فینلەند

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*