ڕێ و ڕەسمی بە خاک ئەسپاردن و ماڵئاوایی کردن لە هاوڕێی تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین، کەریم ساڵحی ناسراو بە خاڵە کەریم سووتاو

ڕۆژی سێشەممە ۲۰۲۰/٥/۱۹ سەعات ۱۲ی نیوەڕۆ لە گۆڕستانی بەرتهۆگا لە شاری ئۆپسالا، وڵاتی سوئێد، رێ و ڕەسمی بەخاک سپاردنی خاڵە کەریم . بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا سەرەڕای دۆخی کڕۆنا، بەشێکی بەرچاو لە دۆستان و هاوسەنگەرانی خاڵە کەریم و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانیش بەشدار بوون و تا دوا مەنزڵگە، هاوڕێیەتی و پاشانیش ماڵئاواییان لێ کرد.
سەرەتا خاتوو شیلان ساڵحی، بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی ساڵحی، بەخێرهاتنی بەشدار بووانی کرد و وتی: باوکە کەریم تەنیا باوکی ئێمە نەبوو، ئەو موڵکی هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات بوو. ئەو تەنیا بۆ ئێمە باوک نەبوو، بەڵکوو شەش دەیە خەباتی بێپسانەوەی ئەو، ناسنامەیە بۆ ئێمە و شانازی پێوە دەکەین و پێی سەربەرزین.
پاشان هاوڕێ عەلی عەزیزی، وەک دۆستی نزیکی بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەری لە مێژینەی خاڵە کەریم و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چەند وتەیەکدا ڕێزی لەو پیاوە مەزنە گرت و وتی:
پێویست ناکات لەسەر کەسایەتی خاڵە کەریم زۆر بدوێم، تەنیا ئەوە دەڵێم کە نێوی کەریم سووتاو و هەبوونی هەردەم وەک پێناسەیەک بوو بۆ هاوسەنگەرانی و پێشمەرگەکانی دەوەری بانە بەتایبەتی و کوردستان بە گشتی.
هاوڕێ لەتیفە جەباری، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کومیتەی سوئێد، پاش دانانی تاجە گوڵینە لە سەر گڵکۆی کۆچکردوو، پەیامی پرسە و سەرەخۆشی کومیتەی پێشکەش کرد. لە پەیامەکەدا وێڕای بە داخ بوون بۆ کۆچی دوایی خاڵە کەریم، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هەموو ئەندامانی بنەماڵە و کەس و کار و خەڵکی ناوچەی بانە و سەرجەم هاوسەنگەران و هاوڕێیان و دۆستانی کۆچکردوو کرا و پەیمان لەگەڵ ئەو تێکۆشەرە نوێ کرایەوە و بەڵێن درا کە تا دوا هەناسە ڕێبواری ئەو ڕێباز و ڕێگایە بن کە خاڵە بۆی تێکۆشابوو و خەباتی بۆ کردبوو.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی پرسە و سەرەخۆشی
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئێد و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان خوێندرانەوە.
لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، خاتوو شیلان بە نێوی بنەماڵەی ساڵحی یەوە، سپاسی ئامادەبووان و هەموو ئەو کەسایەتی و سیما ناسراو و لایەنانە کرد کە لەو کۆستەدا هاوخەمیان بوون، بە تایبەتی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد و کاک سەعدی موحەمەدپوور ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە، مەلا حەسەن شیوەسەڵی، کاک هاشم کەریمی و هەموو ئەو کەسایەتی و دۆستانە کرد کە بە ناردنی پەیامی پرسە و سەرەخۆشی لە ڕێگای تەلەفوون و بە نووسراوە، لەو کۆستە گەورەدا هاوخەمیان بوون و قورسایی ئەو خەمە گەورەیان لەسەر شان سووک کردن. هەر وەها لە لەیەن سەرجەم بنەماڵەوە بەڵێنی دا کە تا دوا هەناسە هەوڵ ئەدەن شایانی ئەو شانازی یە بن کە باوکە کەریم پێی بەخشیون.
ڕێوڕەسمەکە بە ماڵئاوایی یەکجاری لە پیرە هەڵۆی دەڤەری بانە کۆتایی پێهات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*