عەبدولڕەحمان قاسملوو، میراتێکی نەناسراو؟

فیلیپ بولانژێ

وەرگێڕان لە فەڕانسییەوە : دیلان هەردی

فیلیپ بولانژێ، نووسەر و پڕۆفیسۆر لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس، خاوەنی نزیک بە سی بەرهەمی زانستییە لە بوارەکانی جوگرافی و ژێئۆپۆلیتیک. ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢٢ی گۆڤاری زانستی “مەشریق ـ مەغریب” بە زمانی فەڕانسی بڵاو بۆتەوە. ئەوەی خوارەوە وەرگێڕدراوی بەشێک لە بابەتەکەیە.

ئەگەر عەبدولڕەحمان قاسملوو شیاوترین رێبەری کوردە بۆ ستایش کردن، عەبدوڵا ئۆجەلانیش گرنگترینیانە. دوای بەکارهێنانی دوو سیفەتی وەها دەقیق وەک “ستایش” و “گرنگ” ئێستا دەمهەوێ روونیان بکەمەوە. ئەو دوو کەسایەتییە کوردە هەرکامیان بە شێوازی تایبەت بە خۆی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیان لە سەدەی بیستەمدا تۆمار کردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان)، بە تایبەت دوای گیرانی لە فێورییەی ١٩٩٩ لە کێنیا، ئەگەر کەسێکی ئاکادیمی نیە ـ هەرچەند کە دەرس و ئامۆژگارییەکانی ئاراستەی لایەنگرانی دەکا و بە بڕوای من نیشاندەری کەسێکی بەهێز نیە و هیچکات ستراتیژیستێکی باش نەبووە و هەروەها خۆی بە هەستێکی سیاسی کەم ناوەرۆک و روانینێکی سنووردار لە مێژوو دەرخستووە. بەڵام ئەو وێنەیەکی گەورەی لە لایەن پەیڕەوانی خۆی وەک پێغەمبەری شۆڕشی کورد لە سەدەی بیستەمدا لە تورکیا و دەوروبەری لێ کێشرواوەتەوە. ئەو گرنگە چونکە  پەکەکە کێشەی کوردی بەرز کردەوە بۆ ئاستێکی چڕوپڕتر لە بواری سیاسی و میدیایی دا کە پێشتر نەبینرابوو.

لە لایەکیترەوە، عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕات، ئەگەر ئاکادیمیسیەنێکی ناسراو بوو، نە تەنیا بابەت و وتاری ئاکادیمی دەنووسین: ئەو بە ڕاستی مرۆڤێکی یەکجار زۆر بەکردەوە بوو، واتە نەتەنیا رێبەرێکی سیاسی دور لە مانۆڕدان و بەرپرسێکی بە ئەزموونی حیزب بوو، بەڵکوو سەرۆکێکی چریکییش بوو کە دەنگی کەڵاشینکۆڤ نەیدەترساند. ئەو شایانی ستایشە چونکە هیچکات بنەمای ئەخلاقی خۆی نەفرۆشت و کواڵێتیەکانی ئەخلاق بەرزی بە هاوچەرخەکانی خۆی نیشان دا. ماکس وێبێر دەڵێ: “مێژوو نیشانمان دەدا کە سەرۆکە کاریزماتیکەکان لە هەموو بوارەکاندا و لە هەموو سەردەمێکدا دەردەکەون. هەروەها، ئەوان بە دوو شێوە دەردەکەون، هەندێکیان وەک پێغەمبر و خاوەن موعجیزە و هەندێکیشیان وەک سەرۆکە خەباتکارەکان و فەرماندەرانی شەڕ”. ئایا عەبدولڕەحمان قاسملوو سازگاری لەگەڵ ئەو پێناسە دوولایەنییەی ماکس وێبێر دا هەیە ؟ دەمهەوێ، لەم وتارەدا، بە سەرنجدان بە رێڕەوی کەسیی و پێشینە فکرییەکەی، ئەو کەسایەتییە سەرەکییەی ناسیۆنالیزمی کورد لە سەدەی بیستەم دا بناسێنم، لە پێشدا، باسی کۆتاییە تراژیکەکەی لە ١٩٨٩ دا لە ڤیەن دەکەم و ئەوجار باسی میراتە فکری و مەعنەوییەکەی دەکەم.

 

تاراوگە وەک فێربوون

کاتێک دەڵێم کە دەتوانین قاسملوو زیاتر لە سەرۆکە کوردەکانیتر ستایش بکەین، مەبەستم ئەوەیە کە، بە لەبەرچاوگرتنی بژاردە ئیدۆلۆژیک و ستراتێژیکییەکانی یان بەرجستە کردنەوەی روانینەکانی بە نیسبەت شۆڕشی ئسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، جگە لە رێزلێنان لە زیرەکی ئەو ئابووریناسە زمانزانە هیچیترمان نیە، پابەندبوونی راستگۆیانەی بۆ چارەسەری ئاشتیانە و راستبینانەی کێشەی کورد، رەتکردنەوەی ئیدۆلۆژی جیاییخوازیی ئیتنیکی یان بە تایبەت، خۆ بواردنی هەمیشەیی حیزبەکەی، حیزبی دێموکڕات لە کاری تیرۆریستانە. تیرۆریزمێک کە قاسملوو دەیزانی کە لە حاڵێکدا لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە تێکڕایی مەحکوومە بەڵام دەشتوانێ بانگەشە بێ بۆ بەرزکردنەوەی کێشەی کورد، ئەوەیکە لە لایەن پەکەکەوە لە ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ی زایینی لە تورکیا بە شێوەی بەربڵاو ئەنجامدرا. ‌هەم سیاسیانە و هەم ئەخلاقیانە، رێبەری حیزبی دێموکڕات هیچکات خۆی نەخستە ئەو بوارەوە.

حیزبی دێموکڕات، لە راستیدا، زۆر هەستیار بوو بەوەی هیچکات مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانییەکان نەکرێ، هیچکات سیاسەتی “زەوی سووتاو” نە لە دژی هیچ لایەنێک و نە لە دژی دەوڵەتی ناوەندی ئەنجام نەدرێ، هیچکات بە زۆرەملێ خەڵکی مەدەنی لە ماڵ و حاڵی خۆیان وەدەر نەنرێن، نابێ کەس بە بارمتە بگیرێ، نابێ ژنان و منداڵان ئازاریان پێ بگا، نابێ هیچکات کاری چەتەگەری و رێگری و بۆمب دانانەوە لە شوێنی گشتی ئەنجام بدرێ. کاتێک ساڵی ١٩٧٩ کارمەند و دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە تاران بە بارمتە گیران، قاسملوو بە راشکاوی ئیدانەی کرد. بێ گومان کێشەی کورد لە ئێران هەزینەی ئەو ئەخلاق بەرزییەی لە میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی رۆژئاوا دا دا. تەنانەت ئەمڕٶش کێشەی کورد لە ئێران هیچی دەست ناکەوێ لەو دەنگدانەوە میدیایی و ئەو سەرنجە ژێئۆستراتیژیکییە یەکسانەی بە کێشەی کورد لە تورکیاو سوریاو عێراق دەدرێ.

قاسملوو وەک زۆرێک لە رۆشنبیرانی دیکەی کورد بە تاراوگە ئاشنا بوو وڵاتەکەی، خاکەکەی و گوندەکەی جێهێشت. لە دیسامبەری ١٩٣٠ لە کوردستانی ئێران و لە نزیک مەهاباد، ناوچەیەک کە ناسیۆنالیزمی کوردی تێدا بەهێز بوو و شای ئێران رقی لێ بوو و کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لێدەکرد لە دایک بوو. قاسملوو ناچار بوو چەندین جار نیشتمانی خۆی بەجێ بێڵێ. ئەو بەو رادەیەی کە لە تاراوگە پێگەیشت و شکڵی گرت بە هەمان رادەش گۆڕانکاری بەسەردا هات، کە بە رای من کرانەوەی هزری و ئاوێتە بوون بە چەندین زمان و کولتووری پێویست بۆ مرۆڤێکی سیاسی هاوچەرخ ئەو شتانە بوون کە تاراوگە پێی بەخشی. لەو خاڵەدا، ئەو بە تەواوی لە کەسێکی وەک ئۆجەلان جیا دەکرێتەوە کە لە کۆمەڵگایەکی نزیک بە تەواویی تورک پێگەیشت، هەرچەند لە سەرەتاکانی لە ١٩٨٠دیمەشق دەژیا.

ساڵی ١٩٤٩ قاسملوو لە فەڕانسە خوێندکار بوو و بوورسی حکومەتی پاشایەتی هەبوو، بەڵام کاتێک چالاکی سیاسی دەستپێکرد بوورسەکەی لە ئەستێندرایەوە. زۆر زوو تێکەڵ بە بیرۆکەی مارکسیزم بوو، لە بواری ئابووریدا لە چێکۆسڵڤاکی درێژەی بە خوێندن دا، دواتر لە ساڵەکانی ١٩٦٠ی زایینی دا بوو بە مامۆستای ئابووری لە زانکۆی شارڵی پڕاگ: ئەو چاوی بە ئەلیکساندر دوبچێک (سیاسەتوانی ناوداری چێکوسلڤاکی) دەکەوێ و تێزەکەی لە سەر ئابووری کوردستان تەواو دەکا، کە لە ساڵی ١٩٦٥ لە لەندەن بڵاو کرایەوە. دوای خوێندنەوە لە سەر زمانی کوردی لە “زمانە رۆژهەڵاتییەکان” لە پاریس لە نێوان ١٩٧٦ و ١٩٧٨، چەند مانگ دواتر دەبێتە سەرۆکی شۆڕشێک کە رژیمی ئایەتوڵا خومەینی دەهەژێنێ. لە نێوان ساڵەکانی١٩٥٧ هەتا ١٩٧٨ لە تاراوگە ژیا، لە بەغدا و پڕاگەوە هەتا پاریس. قاسملوو زیاتر لە هەر کەسێک سودی لە درێژبوونی تاراوگە بینی بە تایبەت لە سەردەمی پاشایەتی دا، بۆ ئەوەی لە دوورەوە لە بارودۆخی کوردەکان تێ بگا و بە دوای رێگە چارەیەکدا بگەڕێ  بۆ ئەو پارچە پارچە بوونەی کوردەکان بە گشتی کە لە دوای رێککەوتنامەی لۆزان لە ١٩٢٣ـەوە توشی هاتن و سەرکوت و لەناوبردنی پێناسەی کورد لە ئێران بە تایبەتی.

لە بڵاوکراوەیەکی تایبەت لە ژوئییەی ١٩٨٩ لە بولتەنی زانیاری و پەیوەندی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، رۆژنامەڤان مارک کاراڤێتز، پۆرترەیەک لە قاسملوو دەکێشێتەوە: “سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات، فەرماندەی شەڕ لە کاتی پێویستدا، رێبەری سیاسی لە پێش هەموو شتێک، مرۆڤی دیپلۆماسی و دیالۆگ. باڵوێزێکی بە ورە و ماندونەناس بۆ دۆزەکەی کە دەیهەوێ تەواوی جیهانی لێ تێبگەیەنێ. بەڵام هیچکات هێندەی ئەوە خۆشحاڵ نیە کاتێک چاوی بە پێشمەرگەکانی دەکەوێ، لە خانوویەکی بە گڵ دروستکراو لە دۆڵێکی ون لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق، ئەو شوێنەی کتێبخانەیەکیشی بۆ گوازتۆتەوە.” شارەزا لە هەشت زمان ( کوردی، فارسی، حەرەبی، ئازەری، چێکی، رووسی، ئینگلیزی و فەڕانسی)، هەندێک زانیاری لە سەر شێعری کوردی، فارسی یان عەڕەبی، هۆنراوەکانی هوگۆ یان ویتمەن، لە یەک کاتدا مرۆڤی کولتوور و کردەوە بوو ـ ئاکادیمی بوو، وتووێژی دەکرد، رێبەرایەتی شۆڕشی دەکرد، زۆر خێرا هاتە ریزی بەرەی خەبات دژی فاشیزم و تاک حیزبی کە لە ساڵەکانی ١٩٣٠دا جیهانی هەژاند و وایکرد کە دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکڕاتیش لە سەر سۆسیالیزم و یەکیەتیی سۆڤییەت ناڕوون بن. ئەو رێبەرێک بوو کە خەڵکی کوردستان پێویستییان پێ بوو. بە دڵنیاییەوە هەر ئەوەش تەنیا هۆکار بوو کە دوژمنە بە هێزەکانی هیچ شانسێکیان بۆ دەربازبوونی نەهێشتەوە.

 

بیرمەندی چالاک

لە راستیدا ئاستێکی زۆر بەرزی ئەخلاق لە قاسملوودا هەیە کە تەنیا لەودا بینراوە و ئەو جیا دەکاتەوە لە تەواوی رێبەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا. ئەگەر قاسملوو تایبەتمەندییەکی نەبا و ئەو تایبەتمەندییە وەک مەترسی بۆ سەر رژیمی ئیسلامی لە تاران نەبینرابا، بێگومان بەو شێوە دڕندانەیەش ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن تیرۆر نەدەکرا. لە نێوان سەرۆکەکانی کورددا ئەو تایبەت بوو: کەسێکی راست بین بوو، دەیزانی کە کۆمەڵگەیەکی خراپ نێونراو بە نێوی “کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی” رێگە نادا وڵاتێکی پێنجەم بە نێوی کوردستان لە نێوان چوار وڵاتدا دروست بێ. بێگومان ئەو یەکێک لەو دەگمەن رۆشنبیرانەیە کە گونجاوە بۆ سەرۆکی دەوڵەت. ئەو تایبەتمەندی هاڤێل و ماندێلای هەبوو. دواتر لەیلا زانا لەوانەیە خۆی بۆ ئەو ئاستە لە ئەخلاق و لە ورەی سیاسی بەرز بکاتەوە بەڵام لەوانەیە لە ئاستی فکری لەو ئاستەدا نەبێ.

لە راستیدا خوێندنەوەی نووسراوەکانی قاسملوو کە بە زمانە جیاوازەکان بڵاو کراوەتەوە چێژێکی تایبەتیان هەیە. وەرگێڕدراوی چێکی کتێبی کوردستان و کورد کە لە ساڵی ١٩٦٥ دا بڵاو بۆتەوە، شێوازێکی روونی شیکردنەوەی کێشەی کوردە. دەکرێ یەکێک درەوشاوەترین سەنتێزەکانی مێژووی کورد بێ. لە درێژەی لاپەڕەکاندا هەست بە جێ پێی قورسی مارکسیزم لە نێو شیکردنەوەکانی ئابووری کوردستان دەکەی. ئەو بانگی لێنین دەکا، باڵادەستی داگیرکەر مەحکووم دەکا، ئیمپڕیالیزم شەرمەزار دەکا، ئەو لایەنگری لە سەربەخۆیی پارچەکانی کوردستان و داوای یەکگرتنیان بۆ دروستبوونی نیشتمانێک بۆ کوردەکان دەکا ـ بیرۆکەیەکی کراوەی سەربەخۆییخوازانە کە بیست ساڵ دواتر دێتەوە سەری و بانگەشەی خودموختاری دەکا. هەروەها خوێندنەوەی لە سەر حیزبی دێموکڕات، لە کتێبی چل ساڵ خەبات لە پێناو ئازادی، کە بەشی یەکەمی لە ساڵی ١٩٨٥ بە بۆنەی چلەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات نووسراوە نموونەیەکە لە خاکەڕایی و راشکاوی. ” ئەو مێژووە کە ئەو لەسەر حیزبی دێموکڕات نووسیویەتی، پێک نەهاتوە تەنیا لە ژیاننامەی سادەی چەند رێبەری حیزب، کادر یان ئەندامەکان. مێژووی سەدان هەزار ئەندامە، هەزران قوربانییە، هەموو خەڵکی کوردستانە، حیزبی دێموکڕات و خەڵکی کورد یەکەیەکی جیانەبووەوە پێک دێنن.”

ئەو ناسینە لە نێوان خەڵک و حیزب، ئەمڕۆکە دەتوانێ شۆک هێنەر بێ، چونکە لە شوێنی دیکە کارەساتی مرۆیی قەرەبوونەکراوی لێکەوتۆتەوە. بەڵام لە باکگراوندی کورد دا ئەو کات مانایەکی جیاوازی هەبوو: کوردەکانی ئێران لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە پەڕاوێز خرابوون، سۆڤییەتییەکان دەستوەردانیان دەکرد، زۆر بە زەحمەت لە لایەن وڵاتانی بێ لایەنەوە دەبیستران؛ ئەگەر ئێستا کێشەی کورد وەک دە ساڵ پێش پەڕاوێز ناخرێ، لەبەر ئەوەیە کە رۆژئاواییەکان پێویستییان بە پێشمەرگەیە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش. کێشەی کورد لە ئێران هەروا بە چارەسەر نەکراوی دەمێنێتەوە چونکە خاوەنی رێبەرێکی کاریزماتیک نیە. لە ئێرانێکی چەند پێکهاتەیی، کوردەکانی ئێران دەبێ بتوانن لە سەر کێشەی خۆیان بەرەیەک لەگەڵ خەڵکانی دیکەی پەڕاوێزخراوی ئێران پێک بێنن، دەبێ لە ساختارێکی حیزبی رەوا و کاریگەر کەڵک وەرگرن بۆ ئەوەی ببیسترێن، تەنانەت ئەگەر سەرکوتی خوێناوی رژیمیشیان لە بەرامبەر بێ.

بە شێوەیەکی ئیدۆلۆژیکی، قاسملوو ئەو کەسە بوو کە بە کورتی دەتوانین ناوی بنێین مرۆڤێکی چەپ، بە قووڵی بارگاوی، وەک زۆرێک لە رێبەڕانی جیهانی سێهەم. مرۆڤێکی مارکسیستی و ناسیۆنالیستی بوو وەک زۆرێک لە بیرمەندانی جیهان. چالاکێکی کۆمۆنیستی بوو لە نێو حیزبی دێموکڕاتدا (کاتێک لە مەهاباد بوو) و لە حیزبی توودە، پارتی کۆمۆنیستی ئێران دا (کاتێک لە تاران بوو)، ئەو خۆی لە کۆمۆنیزمی ستالینی جیا کردەوە، بە تایبەت دوای دەستێوەردانی هێزەکانی پەیمانی وەرشۆ لە چێکۆسڵڤاکی لە مانگی ئاگۆستی ١٩٦٨دا. رەوتی کۆمۆنیستی لە حیزبی دێموکڕاتدا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٥ هەتا ١٩٥٨ کە لە لایەن قاسملووە رێبەرایەتی دەکرا، لە دوای ساڵی ١٩٧١ـەوە لە لایەن رەوتی ناسیۆنالیستی کە لە دەوری عەبدوڵڵای ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق)ـ کۆ ببوونەوە خرا پەڕاوێزەوە و هەر ئەویش بوو بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات. دەبوایە هەتا کۆنگرەی سێهەمی حیزب لە سێپتەمبەری ١٩٧٣ چاوەڕێ بکرێ تا ئەو مارکسیزمەی قاسملوو دەیویست ئاراستەی حیزب بکرێ. لائیسیزم، سۆسیالیزم، دژە سەرمایەداری دەبن بە بەرچەسپ و تایبەتمەندیی ئیدۆلۆژیکی قاسملوو. لەو کۆنگرەیەدا دروشمێک کە قاسملوو هیچکات خەیانەتی پێ نەکرد پەسند کرا : “دێموکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان.”

وەک زۆرێک لە مارکسیستەکانی سەدەی بیستەم کە باڵادەستی ئیدۆلۆژی کۆمۆنیزم بە سەر نەریتخوازی ئایینی وەک دەستکەوت دەبینن، قاسملوو وا دەردەکەوێ کە سەرنجی پێویست ناداتە سروشتی قووڵی شۆڕشگێڕی بە مانای شۆڕشی ئاسترۆنۆمی یان گەردوونی (خولانەوە ی هەسارەیەک بە دەوری ئەستێرە یان خۆر دا کە دوای دەورێکی تەواو دەگاتەوە شوێنی یەکەم)، واتە گەڕانەوە بۆ رابردوو ـ واتە بە شێوەیەکی باو و سوننەتی شۆڕشی جەماوەری لە دژی رژیمی زاڵ بە سەر ئێران کە ساڵی ١٩٧٨ کۆتایی بە پاشایەتیی هێنا. ئەو نەیدەتوانی بڕوا بەوە بکا کە، وەک بڕیتانیای سەدەی حەڤدەهەم، ئێران لە رێگای ئایینەوە بچێتە نێو مۆدێرنیتەی سیاسییەوە نەک لە رێگای دژایەتیی ئایینەوە وەک لە ١٧٨٩. حیزبی دێموکڕات مارکسیستە و دژی سەرمایەداری: رووخانی رژیمی پاشایەتیی کە پەروەردەکراوی ئیمپڕیالیزمی ئەمریکایە بە رادەی پێویست ‌قەناعەتی پێهێنا لە سەرەتادا. یەکەم ئەوەیکە، شۆڕشی ئێران بە پاڵپشتییەکی لە رادەبەدەری رەوتە شۆڕشییەکانی چەپی ئێرانی بوو کە گرێدراوی مەلاکان بوون لە دژی رژیمی پاشایەتی. بەڵام هەر خێرا، هێزی ژیانەوەی شیعە کە خۆی لە ئایەتوڵڵادا دەرخست هاوپەیمانە رادیکاڵەکانی قووت دا. آیا قاسملوو، بیرمەندی وێبێری، سەرۆکی شۆڕش و چالاکی مارکسیستی، هێزی دیاردەی شۆڕش لە ئێرانی بە پێیەی کە مەزهەبی بووە بە کەم گرتووە و نەچۆتە نێو بازنەی خوێندنەوەیەکی مارکسیستی ئاتێئیستانەی سەدەی بیستەم؟

هەر دوابەدوای ئەوەی هیواکان بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچوون، درێژەدان بە بەرگری لە بەرامبەر سەرکوتێکی نوێی کوردەکانی ئێران زۆر گرنگ بوو: بووە هۆی بەهێزبوونی رۆڵی حیزب وەک پارێزەری خەڵکی کورد. حیزبی دێموکڕات تەنیا قەڵغانی نیزامی لە بەرامبەر هێرش و سەرکوتی حکوومەتی ناوەندی بوو کە لە دەست مەلا شیعەکاندا بوو و بە چاوێکی دیکەوە سەیری کوردەکانیان دەکرد، بە تایبەت کە زۆرینەیان سوننی بوون، گومانی جیابوونەوەیان لێ دەکردن. بەڵام حیزبی دێموکڕات هیچکات ئۆپۆزیسیۆنی نیزامی و پێناسەی نەتەوەیی لە دەست خۆیدا قۆرخ نەکرد، ئەوەیکە پەکەکە لە تورکیا پلە بە پلە ئەنجامی دا. بە بێ شک “مەترسی تەواو خوازی” کە لە پەیوەندی نێوان حیزب و خەڵک دا سەر هەڵدەدا، لە لایەن قاسملووەوە پێش بینی کرابوو. تەنیا دەتوانرێ گریمانەی ئەوە بکرێ کە ئەو بە توندی دژی ئەو لادانە ئیدۆلۆژیکییە دەبوو ئەگەر خۆی پارێزکارتر نیشان دابا و زۆر متمانەی بە رژیمی ئیسلامی نەبا، ئەوەیکە لە ساڵی ١٩٨٩ بە قیمەتی ژیانی تەواو بوو.

دوای شەڕی نێوان ئێران و عێڕاق لە ساڵی ١٩٨٨، خراپترین شت دیسان بە سەر کوردەکانی ئێران دا هات. بۆ سێهەم جار لە یەک ساڵ دا، لە هاوینی ١٩٨٩دا، نوێنەرایەتیی کورد چاوی بە لایەنی ئێرانی دەکەوێ: محەممەد جەعفەر سەحراروودی، حاجی موستەفەوی و ئەمیر مەنسوور بوزورگان. لە دوو چاوپێککەوتنی پێشوودا هیچ پاسەوانێک بوونی نەبوو. لە ١٣ی ژوئییەی ١٩٨٩دا قاسملوو لە ئاپارتمانێکی نهۆمی پێنجەمی بینایەک لە ڤییەن لە لایەن ئێرانییەکانەوە بە سێ گوللـە پێکرا و تیرۆر کرا. ئەو تەنیا کوردێک نەبوو کە تیرۆر کرا لەو رۆژەدا: عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی رێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات بە ١١ گوللـە و فازڵ رەسوڵ، کوردی عێڕاق و مامۆستای زانکۆ کە رۆڵی ناوبژیوانی دەبینی بە ٥ گوللـە تیرۆر کران. بکوژەکەی ڤییەن گرێدراوی کەسانێک بە ناوی سەعید ئیمامی، بەرپرسی “قەتڵە زنجیرەییەکان” لە وەزارەتی ئیتلاعات، مەحموود ئەحمەدی نەژاد کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە شارەوانی تاران و دواتر لە ٢٠٠٥ بوو بە سەرکۆماری ئێران.

بەرپرسی حیزبی دێموکڕات چلۆن رازی بووە کە بکەوێتە ناو داوێکی وەها دڕندانە و خۆی بخاتە بەردەم بکوژانی رژیمی ئێران؟ رۆژنامەنووسی ئەمریکی، جاناتان رانداڵ پێیوایە کە دوای مردنی ئایەتوڵڵا خومەینی، قاسملوو بە بێ شک بە قەناعەتێک گەیشتبوو کە تاران دەیهەوێ وتووێژ لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتدا بکا. هەرچەند ئەو بە شێوەی ئاسایی زۆر وریا بوو، بەڵام ئەو وریاییەی دابەزاند و تەنانەت نەک هەر پاسەوانەکانی خۆی بەڵکوو پاسەوانەکانی جەلال تاڵەبانیشی رێگە نەدان کە لە دوو وتووێژی پێشوودا لە دیسامبەری ١٩٨٨ و لە ژانویەی ١٩٨٩ هاوڕێیەتییان کردبوو. ئایا بڕوای وابوو کە دەسەڵاتی ئێران بەرەو ئانارشی دەڕوا یان وردەوردە خۆی دێموکڕاتیزە دەکا؟ ئایا پشتی بە رۆژئاواییەکان بەستبوو کە بە پێشنیارە ماقووڵە بێ لایەنەکانیان خۆیان وەک بەلاڕێداچوو و فریوخواردوو دەرخستبوو؟ وڵام و دەلیل و بەڵگەکانی ئەو هەڵە کوشندەیە ئەو هەر چییەک بووبن، لەگەڵ قاسملوو چونە ژێر خاکی گۆڕستانی پیرلاشێزی پاریس.

قاسملوو زۆر زوو رۆیشت، ئەو دەیتوانی ببێتە ئەو رێبەرەی کە کوردەکان چاوەڕێی دەکەن. رێڕەوێکی فکریی و سیاسی هیوابەخش لە لایەن یەکگرتنێکی کوشندەی نێوان دەوڵەتی بەرژەوندخواز، دەمارگرژیی مەزهەبی و بێ ئیحتیاتی شەخسی پێشی پێ گیرا. ئەو بەرهەمێکی فکریی و ئەخلاقیی هەرمانی لە دوای خۆی جێهێشت. میراتێکی سیاسی و ئیدۆلۆژیکی نادیار لەو کاتانەدا کە کێشەکانی کورد پێویستییان بە تێگەیشتن و روانینێکی زۆر بەرزتر هەیە، هەستێکی سیاسی و روانگەیەکی فکری لە دەرەوەی رەوتی باو کە هەر ئەو خاوەنییەتی.