رێزێک بۆ پیت موڵڵه‌ر، دۆستی به‌ وه‌فای كورد

زۆرن ئەو مرۆڤانەی کە تەنیا دەورووبەری خۆیان نابین و هەر ستەم و نادادپەروەرییەک لە کەلێن و قوژبنەکانی ئەم دونیادا ببین وەدەنگ دێن و دەبنە خەمخۆری لێقەوماوان و پشتیوانی مافخوراوان. بە خۆشییە نموونەی ئەو جۆرە مرۆڤ بەرزانە لە مێژووی پڕ کارەساتی کورددا زۆرن کە لە وڵاتی خۆتان بوونەتە بڵیندگۆی دەنگی مافخوازانەی کورد و هاواری کوردیان بە گوێ دونیا گەیاندوە. پیت موڵڵەر، یەکێک لەو مرۆڤانەیە کە ناوی بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و لە ماوەی تەمەنی دا وەک دۆست و پشتیوانێکی بە وەفای کورد ئەوەی لە دەستی هاتبێ درێغی نەکردوە. بەداخەوە موڵڵەر چەند رۆژ لەمەبەر، دوای ماوه‌یه‌ك بەربەرەکانێ لەگەڵ نه‌خۆشی ڕۆژی ٥ ی ٤ ی ٢٠٢٠ بۆ هەمیشە بە جێ هێشتین. پیت موڵڵه‌ر ساڵی ١٩٢٩ له‌ شاری هیلفرسۆمی وڵاتی هوله‌ند له‌ دایك بووه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای لاوه‌تیه‌وه‌ لەگەڵ پرسی کورد ئاشنا بووە و بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی ١٩٧٣ دا له‌ ڕێگای ڕۆژاوای كوردستانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ باشوری كوردستان و له‌ گه‌ڵاڵه‌ سه‌ردانی سەرکردایەتی ئەوسای شۆڕشی کوردی لە باشوور کردوە. ناوبراو له‌ دوای ساڵی ١٩٧٥ ه‌وه‌ به‌رده‌وام یارمه‌تی كوردی داوه‌ و به‌تایبه‌تی‌ له‌ دوای تێکچوونی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان له‌ ساڵی ١٩٧٥ دا، هاوكار و پشتیوانی یه‌كه‌م گرووپی په‌نابه‌ری كورد بووە كه‌ ڕوویان له‌ هوله‌ند کرد. موڵڵەرله‌ ساڵه‌كانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سەدەی رابردوودا،بۆ خزمەتی زیاتر بە دۆزی رەوای کورد و هاوکاریی پەنابەرانی کورد بە هاوکاری چەند تێکۆشەر و چالاکوانی کورد و هولەندی ڕێكخراوێكی كوردی- هوله‌ندی پێك دێنێ و هەوڵی زیاتر ناساندنی پرسی کورد دەدات و یارمەتی خەڵکی لێقەوماو و ئەو پەنابەرە کوردانە دەکات کە روویان لە وڵاتەکەی کردبوو. مستەفا شەڵماشی، تێكۆشەری سیاسیی ناسراوی دێموکرات و دۆستی پیت موڵڵەر لەم بارەوە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: ئه‌وڕێكخراوه‌ یارمه‌تی بۆ لێقه‌وماوانی كورد كۆده‌كرده‌وه‌، یارمه‌تی په‌نابه‌رانی ده‌داوخه‌به‌ره‌كانی كوردستانی له‌ بۆڵته‌نێكی خه‌به‌ریدا به‌ناوی “كوردستان كۆریر”به‌زمانی هوله‌ندی بڵاو ده‌كرده‌وه‌ كه‌ بۆ میدیاكان ناسراوبوو و وه‌ك سه‌رچاوه‌ كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گرت.” موڵڵەر لە رێگای هەوڵنامەی “کوردستان کۆریر”ەوە گرنگی بە رووداوەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان داوە و بووەتە سەرچاوەیەکی جێگای متمانە بۆ هولەندییەکان و میدیا بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتە. هەر بۆیە زۆر جار لەسەر دۆخی کورد و ئەو رووداوانەی پێوەندییان بە کوردەوە هەبوو پشت بەو هەوڵ و زانیارییانەی بەستراوە کە پیت موڵلەر و هاوکارەکانی لە “کوردستان کۆریر” بڵاویان کردوەتەوە. ناوبراو چەندین جار سەردانی کوردستانی کردوە و لە نزیکەوە رێبەرانی سیاسی و سەرکردەکانی شۆڕشو کەسایەتییەکانی کوردی لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان بینیوە. ناوبراو جیا لە نەتەوەی کورد هاوکاریی خەڵكی دیکە و نەتەوە ستەم لێکراوەکانی دیکەشی کردوە. به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی ئه‌و مرۆڤە دڵسۆزەوە‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی هاوسه‌ری به‌ڕێزی، واتە خانمی لیا فیسه‌ر و هه‌مو كه‌سوكار و ئازیزانی دەکەین و هەمیشە بە چاوی رێز و پیزانینەوە دەڕوانینە خزمەتە بە نرخەکانی بە کورد و نەتەوە ستەم لێکراوەکانی دیکە. یاد و ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ مرۆڤدۆسته‌ و ئه‌و دۆسته‌ به‌ وه‌فایه‌ی گه‌لی كورد به‌رز و بەڕێز بێ.