کۆڕێک بۆ تێکۆشەری گەلەکەمان کاک جەلیل گادانی بۆ ئەندامانی ح د ک لە وڵاتی دانمارک

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی فێورییەی ٢٠٢٠ کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ولاتی دانمارک، کۆڕێکی بۆ سیمای ناسراو و خۆشەویستی گەل و حیزبەکەمان کاک جەلیل گادانی پێک ھێنا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب تێدا بەشداریان کرد.
لەلایەن بەڕێوەبەری کۆڕەکە بەرێز سیروان شەڵماشی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی حیزب، بە نوێنەرایەتی کۆمیتەوە بەخێر ھاتنی کاک جەلیل گادانی و ئەندامانی حیزبی بەشدار لەو کۆڕە کرا.
سەرەتای کۆڕەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد ، پاشان دەقیقەیەک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان ڕاگەیەنرا.
کورتە مێژوویەک لە ژیان و خەباتی تێکۆشەری دێرینی گەلەکەمان کاک جەلیل گادانی لە لایەن بەڕێوەبەری کۆڕەکە پێشکەش بە بەشداربووان کرا. پاشان بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزب لە دانماڕک چەپکە گوڵێکی شایان لە لایەن بەڕێز ڕەحیم خالید نژاد بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش بە کاک جەلیل کرا .
کاک جەلیل بە شێوەیەکی جوان کڵێشە و ناوەرۆکی بابەتی کۆڕەکەی باس کرد ، ھەلوو مەرجی کوردستان، ناوچە، جیھانی دەرگای چوونە ناو باسەکانی بەڕێزیان بوو. بزوتنەوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە لە کۆمەڵەی ژێکاف و پاشان دروست بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، تێکۆشانێکی چەندین دەیە لە ڕۆژھەڵات. ئاوڕدانەوەیەک لە پارچەکانی تری کوردستان بە شێوەیەکی واقعبینانە ، ھەلوومەرجی ناوچەیی ، گەمەی زلھێزەکان لە ناوچە بەشێکی تری باسەکانی کۆڕەکەی بەڕێزیان بوو .
پاشان لە درێژەی باسەکاندا کاک جەلیل خەسارناسیەکی باشی لە جولانەوەی گەلی کورد بەگشتی و ڕۆژھەڵات بە تایبەتی کرد. دوا بەشی کۆڕەکە تەرخان کرابوو بۆ تیشک خستە سەر بابەتێکی گرینگ تایبەت بە ئەندامانی حیزبی لە تاراوگە. ناساندنی ئارێشەکانی گەلی کورد لە ڕێگای تێکەڵاوی و کاری دیپلۆماسی بە دانیشتوانی ئەم وڵاتانە، گرینگی دان بە زمانی زگماکی کوردی، ھۆشیاری دان بە نەوەی نوێ لە سەر مێژووی خەباتی گەلەکەمان، ئەکتیڤ بوونی چین و توێژی لاوان و ژنان، بەرچاو ڕوونی سەردەمی کۆماری کوردستان و زۆر پرسی گرینگی تر.
دوا بابەتی کۆڕەکە تەرخان کرا بوو بۆ پرسیار و سەرنج و پێشنیاری بەشداران، کە لەلایەن کاک جەلیل گادانیەوە بەھەست کردن بە پرسیارەتیەوە لەھەمبەر ئەو باسانە وڵامی پرسیارەکان درانەوە و سەرنج و پێشنیارەکانی بە بایەخەوە وەرگرتن .

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی دانماڕک

[NPG id=7909]