کۆبوونەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەل یەکێتیی، پارتی و گۆڕان لەبریتانیا

لە میانەی سێ کۆبوونەوەی جیا جیادا، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا لەگەڵ بەرپرسانی هەر یەکە لە پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە.

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە مادح ئەحمەدی، ئەندامی رێبەری و بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، مەولوود سوارە، بەرپرسی پیوەندیەکانی حیزب و ئەدیسۆن فەرامەرزی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا، رۆژی پێنج شەممە ٢٠ی فێبریوێری ٢٠٢٠ لە شاری لەندەن لە سێ کۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ هەر یەکە لە بەڕێز خەسرەوە ئاژگەیی، بەرپرسی ناوچەی لەندەنی پارتی دێموکراتی کوردستان، بەڕێز هاوار حاجی، بەرپرسی رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و هەیئەتێکی بزووتنەوەی گۆڕان پێکهاتوو لە بەڕێزان فواد جەماڵ، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حەمید، بەرپرسی ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە بریتانیا و فەرهاد مارف، بەرپرسی پێوەندییە نیشتمانییەکانی ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە بریتانیا کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوانەدا، پرسی چۆنیەتی هاوکاریی و هاوئاهەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە وڵاتانی دەرەوە تاوتوێ کرا و بۆ ئەو مەبەستە قسە لەسەر ئەو بوارانە کرا کە دەکرێ ببنە هۆی کۆکردنەوەی هێز و لایەنە کوردستانییەکان.

لە میانەی کۆبوونەوەکاندا، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، روانگە و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەمەڕ دوایین ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە سیاسییە پێوەندیدارەکان بە دۆخی کورد و  چۆنیەتی هاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان خستە ڕوو.

مادح ئەحمەدی، لە بەشێکی قسەکانیدا تشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە پێوەندیدارەکان بە دۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و وتی: هاوهەڵوێستی و پیکەوە کارکردنی چوار حیزبی سەرەکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر رای گشتیی رۆژهەلاتی کوردستان هەبووە و خەڵک چاوەڕوانی یەکگرتوویی و هاو‌هەڵوێستی زیاتر لە هەموو لایەنەکان دەکەن.

لەم دیدارانەدا، هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوامی پێوندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی بە گرنگ زانی و ئامادەیی حیزبی دیمۆکراتی بۆ هەر چەشنە هاوکارییەک لە پرسە نەتەوەیی و ستراتیژیکەکاندا دووبارە کردەوە.

 لە بەرانبەردا بەرپرسانی هەر یەکە لە پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان سەرەنج و روانگەی حیزبەکانیان لەسەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکان خستەڕوو و جەختیان لەسەر گرنگی پتەوتر پێوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کردەوە.

کۆبوونەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەڵ یەکێتیی، پارتی و گۆڕان لەبریتانیا