بەرێوەچوونی ئێوارە دانیشتنێکی پێشمە‌رگانە لە فینلاند

ە بۆنەی یادی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ئێوارە دانیشتنێکی پێشمەرگانە بۆ ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات لە شاری تورکووی وڵاتی فینلاند بەرێوەچوو. رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی دێسامبری ٢٠١٩ی زاینی بە ئامادە بوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بە تایبەت کەم ئەندامانی سەنگەر و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، لە ئێوارە دایشتنێکی پێشمەرگانەدا، ڕێز لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان گیرا. ئەو رێورەسمە و ئێوارە دانیشنە کاتژمێر ٤ونیوی دوانیوەرۆ بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی پێکرد.

لە سەرەتای بەرنامەکە دا هاوڕێ کەریم ڕەسووڵی بە نوێنەرایەتی کومیتەی حیزبی دێمۆکرات وتەیەکی کورتی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە تێیدا رۆلی پێشمەرگەی کوردستانی لە خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەمان بەرز نرخاند. بەرێز کەریم رەسووڵی باسی لەو فیداکاری و لە خۆبردوییانە کرد کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا پێشمەرگە بە پشتیوانی کۆمەلانی خەلکی کوردستان بێ پسانە لە بەرزراگرتنی دەنگی ماف ویستی و ئازادیخوازیدا شان بەشانی یەک خەباتیان کردوە. لە درێژەی بەرنامەکاندا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی واتە کادروو پێشمەرگە بە رابردووەکانی حیزبی دێمۆکرات لە ژنان و پیاوانی سەنگەر کە لە دەیەی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی قورسایی خەباتی پێشمەرگانەیان لەسەر شان بوو، بە گیرانەوەی بیرەوەریەکانیان لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی بەرگریکارانە دژی سەرکوتکاری و داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی، خۆشی و ناخۆشیەکانی شورش و پێشمەرگایەتیان دابەشکرد بەسەر بەشداربوانی یادی ٢٦ سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان. ناوئاخنی بەرنامەکانی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز تەرخان کرا بۆ هەریەک لە هونەرمەندان کاک فەرهاد ئالانی و کاک بورهان جوانرویی کە بە چەند گۆرانی و مەقامی خۆش و سروودی شورشگێری گەرم و گوری زیاتریان بەخشی بە ئێوارە دانیشتنەکە.

برگەیەکی دیکەی رێورەسمی ٢٦ی سەرماوەز تەرخان کرابوو بۆ پێشکەشکردنی چەپکەگولی رێز و ئەمەگناسی بە کەم ئەندامانی سەرنگەر لە ریزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا، کە لەو بەششدا پولێک لە شەهیدانی زیندووی حیزب لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە گولێ رێزو ئەمەگناسیان پێشکەش بەو تێکۆشەرانە کرد کە بەشێک لە جەستەیان لە خەباتی پێشمەرگانەدا پێشکەش بە شۆرش و بایەخە بەرزە ئینسانیەکان کردوە. ئەم ئێوارە دانیشتنە لە کەشێکی پێشمەرگانەی پر لە ئیرادەو باوەر کاتژمێر ٩ کۆتایی پێهات.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی فینلاند

[NPG id=6731]