بەڕێوەچوونی سیمینارێک بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە وڵاتی دانمارک

ڕۆژی شەممە ١٤ی دێسامبری ٢٠١٩زایینی٫ کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆ لەلایەن کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان سیمینارێک بۆ کاک قادر وریا تێکۆشەری دێرین و ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ژێر ناونیشانی ” پێویستییەکانی خەباتێکی کاراتر لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان “، پێکھات .
لە دەستپێکی سیمینارەکە دا ئەحمەد ڕەحمانی بەنوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزب بەخێرھاتنی کاک قادر وریا، ھەروەھا نوێنەرانی ھێز و لایەنە سیاسیەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە وڵاتی دانماڕک کرد.
بەرنامەکان بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد .
پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەنرا. دوای پێشکەشکرانی کورتەیەک لە سەر ژیان وتێکۆشانی کاک قادر وریا لەلایەن کاک یوسف پەری ئەندامی حیزب لە وڵاتی دانمارک، داوا لە بەرێز کاک قادر وریا کرا باس و بابەتەکانی پێشکەش بکات.
دەسپێکی باسەکەی بەڕێز وریا ئاوڕدانەوەیەک بوو لە هەڵکرانی ئاڵای کوردستان بۆ یەکەم جار لەشاری مەهاباد لە۲٦ی سەرماوەزی ۱۳۲٤دا. کۆڕگێڕ هەر وەها ئاماژەی بە چۆنیەتیی ناودێرکرانی ئەو ڕۆژە بە ” ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان” لە لایەن حیزبی دیموکراتەوە کرد. ڕۆڵ و گرنگیی هەر دوو هێمای “پێشمەرگە” و ئاڵای لە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد دا بەرز نرخاند.

تەوەری دووھەمی باسەکەی کاک قادر وریا باسێکی پڕ نێوەرۆک بوو لە سەر پێویستیەکانی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی نێوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەڕێزیان وێڕای قامک دانان لە سەر لایەنە پڕشنگدار و بە هێزەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە ‌باسی لە لاوازیی و دیاردەکانی جێی ڕەخنە لەو بزووتنەوەیە دا کرد. کۆڕگێڕ لە درێژەی باسەکەی دا ئاماژەی بە کۆمەڵێک ناکارایی ئەو بزووتنەوەیە لە بوار و مەیدانی جۆراوجۆردا کرد کە بەرهەمی مملانێی ناڕەوا و وێکهەڵنەکردن و نەبوونی هاوکاریی جیددی لە نێوان رێکخراوە سیاسییەکاندان. بەڕێز قادر وریا لە کۆتایی باسەکەی دا چەند ڕێکارێکی بۆ کاراتربوونی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشنیار کرد. پێویستیی ئاوڕدانەوەی رەخنەگرانەی حیزبەکان لە هەڵە و کەمتەرخەمی و کێشەکانی ڕابردووی خۆیان و دان پێدانانیان، زەروورەتی دەرس وەرگرتن لە ڕابردوو و چاوخشاندنەوەی جیددیی حیزبەکان بە پێوەندیی نێو ڕێکخراوەیی و پێوەندییە زیانبارەکانیان لە گەل یەکتر،
گرنگیی گواستنەوەی تەبایی و هاوکاریی سنوورداری ئێستای نێوان ژمارەیەک لە حیزبەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر و گشتگیر کردن و بەرینکردنەوەی هاوخەباتی و هاوپەیمانی سیاسی، ئەنجامدانی تێکۆشانی پلان مەندی کاری دیپڵۆماسی٫ کاری پێشمەرگانە، کاری ڕاگەیاندن و هەروەها کاری هاوبەش و پسپۆرانە لە ئاستی نێودەوڵەتی لە سەر کەیسەکانی تیرۆر، کۆمەڵکوژی و پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک لەو رێکارانە بوون کە کۆڕگێر خستنیە ڕوو.
دوای پشوودانێک بەشی دووهەمی سیمینارەکەبەڕێوە چوو. دەسپێکی ئەو بەشە٫ ھۆنراوە و غەزەلێکی پڕ لە ھەست و سۆز بوو بۆ پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان و ھەروەھا شەھیدانی شەوی یەڵدانی خوێناوی کە لە لایەن شاعیری لاو کاک حوسێن مەحموودی پێشکەش کرا.
برگەی دووھەمی بەشی دووھەم پرسیار و تێبینی و سەرنجەکانی بەشدارانی سیمینارەکە بوو لە پێوەندی لەگەڵ باسەکانی کاک قادر وریادا ، کە بەڕێزیان وڵام و ڕوونکردنەوەی پێویستی لە بارەیانەوە پێشکەش کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی دانمارک

[NPG id=6628]