خۆپێشاندانی پشتگیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دانمارک

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۳ی نوامبری ۲٠۱۹ی زایینی کاتژمێر ۱ی پاش نیوەڕۆ، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پشتیوانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان خۆپێشاندانێکی لە شاری کۆپێنهاگ پێتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە برد. خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. سەرەتا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی کوردی لە لایان بەڕێز “ڕەحیم خالید نژاد” پێشکەش کرا و هەمان پەیام دواتر بە زمانی دانمارکی لە لایان بەڕێز “یلماز ییڵدز” و هەروەها لە لایان بەڕێز “ئەمین مەرجی” بە زمانی فارسی خوێندرایەوە. پاشان پەیامی فدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک لە لایان بەڕێز “عەدنان ئاغاجان” پێشکەش کرا و دواتر پەیامی پلاتفۆڕمی پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایان بەڕێز “زاخێ” خوێندرایەوە. پەیامی بەڕێز “ژینۆ دووئابی” ئەندامی حیزبی دانمارکی “رادیکاڵ وێنستڕا” بڕگەیەکی دیکەی خۆپێشاندانەکە بوو. دوا بڕگەی خۆپێشاندانەکە تایبەت بوو بە شێعری شاعیری هەست ناسک “حوسێن مەحموودی” کە پێشکەش بە بەشداربووان کرا. شایانی باسە کە هەموو بەشدار بووان یەک دەنگ درووشمێکی زۆریان دژ بە ڕژیمی خوێنخۆری ئیسلامی ئێران دا. خۆپیشاندانەکە بە بەشداری ئەندامان و نوێنەرانی زۆربەی حیزب و لایانە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان ڕازابووەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی دانمارک

[NPG id=6181]