بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە شاری پێرت،ی وڵاتی ئوسترالیا بۆ پشتگیری ڕاپەڕینەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بە مەبەستی سەرکۆنە و محکوم کردنی هێرشی دژی مرۆڤانەی میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خۆپێشاندەرانی ئێران و هاوکات پشتگیری لە ڕاپەڕینی شارەکانی کرماشان، سنە، جوانڕۆ، سەقز و بۆکان، رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی نوامبەری ٢٠١٩ی زایینی، لە کاتژمێر ١ تا ٣ی پاش نیوەرۆ کۆبوونەوەیەک لە شاری پێرت لە مەیدانی ئیلەزابێت کوا، بە بەشداری ژمارەیەک لە کوردەکان، ئوسترالیایی و ئێرانیەکانی ئەو شارە بەڕێوەچوو. لەو کۆبۆنەوە و خۆپێشاندانەدا ژمارەیەک وتار بە زمانەکانی ئینگلیسی، کوردی و فارسی لە لایان بەشدارانەوە خۆێندرانەوە کە لە سەرجەمیان دا وێڕای پشتگیری و پشتیوانی لە داوا رەواکانی خەڵکی ئێران و پشتیوانی لە راپەڕین و خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، سەرکوتکارانەکانی ئەو دواییانەی ڕێژیمی ئێرانی دژ بە خۆ پێشاندەرانی تێدا شەرمەزار کرابوو و داوایان لە حکومەت ئوسترالیا کرد کە لە ڕێگای دیپلوماسیەوە فشار بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی کە ھەرچی زووتر گیراوەکان ئازاد بکات و کۆتایی بەوزەبر و زەنگ و کوشتارانە بھێنێ کە دژی خەڵکی ناڕازی بەڕێوەی دەبا. لەو خۆپیشاندانە دا دەیان درووشم بە زمانەکانی ئینگلیسی، کوردی و فارسی دران کە لەو دروشمانە دا خۆپێشاندەران چەندین داواکارییان هێنایە زمان، کە لەوان دا ئاماژە بەوە کرابوو کە: دەنگتان دەگەیەنینە گوێێ کۆمەڵگای نێو نەیەوەیی. داوا دەکەین ئوسترالیا ئێران سەبارەت بەو کردەوانە مەحکوم بکا. کۆمەڵگای جیھانی پشتی گەلی کورد لە ئێران بگرێ. ئینترنیت و ڕاگوێزینی ھەواڵ ئازاد بکرێ. بەڕێوە بەرانی کوشتاری ئەو دواییانە بدرێنە دادگای نێو دەوڵەتی. ھەروەھا نامەیەکیش ئاراستەی حکومەتی ئوسترالیا کرا کە بە درێژە باسی ڕووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تیدا کرابوو، ئەوە جگە لەوەی کە چەند داواکاریشی ھەر لەو پەیوەندییە دا لە دەوڵەتی ئوسترالیا دەکری. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو خۆپیشاندانە بە هاوکاری و پشتگیری کۆمەڵەی کوردی، کومیتەی حدک، رێکخراوی کۆمەڵەی زحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی حدکا، لە شاری پێرت بەڕێوەچوو .

کومیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان- لەشاری پێرت لە رۆژئاوای ئوسترالیا

[NPG id=6164]