لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتگیری لە ڕاپەرێنی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران بەڕیوە چوو

لە سەر داوای ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد, ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 2019/11/23 کاتژمێر 9 بۆ 11 ی پێش نیوەرۆ، کوردستانیانی تینۆی ئازادی و دەرکراو لە خاکی نیشتمان بە تایبەتی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم کۆبوونەوە و لە ژێر ئاڵای کوردستاندا هاواری یەکێتی نیشانەی سەرکەوتنمانە دەنگی خۆیان بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرز کردەوە و هاودەنگی و پشتیوانی خۆیان لە خۆپیشاندانەکانی گەڵانی زۆڵم لێکراوی ئێران بە گشتی و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دووپات کردەوە.
ئەم خۆپێشاندانە بە بەشداری چەندین حیزب و رێکخراوی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چەندین کەسایەتی سیاسی کورد و ئێرانی و سوێدی و هەروەها چەندین دەزگای راگەیاندن و رۆژنانە نووس بەرێوە چوو. بەشێک لە هاووڵاتیانی ئێمە لە شارەکانی دورەوە خۆیان گەیاندە ستوکهوڵم و ئەرکی نیشتمانیان بە جێ هێنا. سەرەتای ڕێورەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب و خۆلەکێک بێ دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پی کرد. پاشان پەیامی ناوەندی هاوکاری حزیەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی کوردی لە لایەن سالار ئاشناگەر و بە زمانی سوێدی لە لایەن سۆزان فەتحی خوێندرانەوە. دواتر لەگەڵ نێوئاخنی سرودی شورشگێری پەیامی ناوەندی هاوکاری هیزەکانی کورد و کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێشکەش کرا. پارتی دێموکراتی کوردستان (لێژنەی سوئێد) پەیامی پشتیوانیان پێشکەشی بەشدار بووان کرد. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال لە لایەن ناسر بولیدەییەوە چەند وتەیەک پێشکەش کرا. ئینجا کایا ئیزۆل سەرۆکی فدراسیونی کۆمەڵە کوردستانیەکانی سوئێد پەیامی پشتیوانی فدراسیونی پێشکەش کرد. پاشان پارچە شیعرێک لە لایەن خاتو ناهید حوسێنیەوە پێشکەش کرا. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەیامی پشتیوانی خۆیان پێشکەش کرد و سازمانی دێموکراتیکی یارسان پەیامی پشتگیری خۆیان بۆ خۆپێشاندانەکانی وڵات پێشکەش کرد. بە دوای ئەواندا پەیامی ڕێکخراوی لاوانی حیزبی سوسیال دێموکڕاتی سوئێد لە لایەن شاهید خوسرەوی،یەوە خوێندرایەوە. لە بڕگەیەکی دیکە دا دوو پارچە شیعر لە لایەن مامۆستا ئاشق ئیسماعیلی و حەمید شەریفی خوێندرانەوە. فردریک ماڵم پاڕڵمانتاری دۆستی کورد لە حیزبی لیبڕاڵەکانی سوئێد پشتیوانی گەرمی خۆی و پارتەکەی دوپات کردەوە و پاشان ئامینە کاکەباوە ئەندامی پێشوی پاڕڵمانی سوئێد لەو بارەوە وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆی، رەخنەی لە سیاسەتەکانی دەوڵتی سوئێد گرت کە لەو بارەوە کەمکاری کراوە.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا خاتوو ئارێز محەمەدی بە نوێنەرایەتی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سوئێد سوپاسی بەشداری گەرمی کوردانی سوئێدی کرد و یەکیەتی و یەکڕیزی کورد و حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بە ڕەمزی سەرکەوتن زانی. ئەو ڕێورەسمە کاتژمیر یازدەی بەیانی کۆتایی پێ هات.

کومیتەی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران- سوید

[NPG id=6123]