بەرزڕاگرتنی یادی ٢٥ی گەلاوێژ لە ئه‌مریكا

ڕۆژی ٢٤ی ئاگۆستی ٢٠١٩ کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئەمریکا بۆ بەرز ڕاگرتنی ٧٤هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی و جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ڕێوڕەسمێکی بە شکۆی بە بەشداری بەرچاوی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانیییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە دەڤەری واشنگتۆن بەڕێوە برد. 
سەرەتا لە لایەن كاك كه‌ریم به‌ختیاری پێشکەشکاری بەرنامە بە خوێندنەوەی شیعرێک و بەخێرهێنانی ئامادەبووان رێوڕەسمەکە دەستی پێکرد. پاشان دەنگی سروودی نەتەوەیی و هەرمانی ئەی ڕەقیب هۆڵەکەی تەنییەوە و بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی و وەستان بە پێوە ڕێز لە یادی هەرمانی شەهیدانی گەل گیرا.
دواتر لە لایەن کاک جه‌ماڵ مه‌حموودزاده‌ ئه‌ندامی کومیتەی حیزب، پەیامی کومیتە ئاراستەی ئامادەبووان کرا کە تێیدا وێڕای پاڵپشتی و پێداگری لە دەقی بەیاننامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ هاتبوو، بەڵێن نوێ دەکەینەوە و پەیمان لەگەڵ شەهیدانمان دەبەستین کە تا دواهەناسە درێژەدەری رێگایان بین و وەک “زێی خوڕ ساتێ هەدادانمان نەبێ” تا وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانی حیزبەکەمان.
پاشان کاک ناسر باباخانی نووسەر و مامۆستای زانكۆی نیشهته‌جێی ئه‌مریكا لە بابەتێکدا له‌ ژێر سه‌ردێڕی “گه‌وره‌تر له‌ حیزب” كوتی: هەفتاوچوار ساڵ بە سەر تەمەنی حیزبی دێموکراتدا تێدەپەڕێ، حیزبێک کە تا هەنووکەش هیچ ڕێکخراوەیەکی سیاسی دیکه لە هەر چوار پارچەی کوردستان نەیتوانیوە دەسکەوت و شانازییەکانی دووپات کاتەوە، کە بێ گومان دیارترینی ئەم دەسکەوتانە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو لەسەر بنەمای گوتارێکی نەتەوەیی کە کلیل وشەکانی ئەم گوتارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تا ئێستاش بە سەر گوتاری پارچەکانی تردا زاڵ و دیارە.
كاك ناسر وتی: ئەم حیزبە ئێستا لە دوو ڕەهەندی سیاسی و ڕێکخراوەییدا تووشی قەیران بووە. بەتایبەتی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران جگە لە دەیەی 80ی زایینی، ئەم قەیرانانە زیاتر خۆیان دەرخستووە، بەڵام ئەوەی هیوابەخشە دوو پتانسییەلی گەورەی نێوخۆی حیزب و نێوخۆی ڕۆژهەڵاتە کە دەتوانێ ببێتە هۆی ڕزگاربوونی لەم قەیرانانە و بووژانەوی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
یەکەمیان بریتییە لە توانایی و پتانسییەلی نێوخۆی حیزب بۆ بەخۆداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە تایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوو. وەک شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: (پێشەنگیی و ئاوەڵناوی شۆڕشگێڕی حیزبێکی سیاسی لەمەوە سەرچاوە دەگرێ کە چۆناوچۆن بۆ هەڵەکانی ڕابردووی دەڕوانێ، حیزبێکی شۆڕشگێڕ نابێ ترسی ئەوەی هەبێ کە بە کوتنی هەڵەکانی دوژمن پێی شاد دەبێ یان لە ڕادەی باوەڕپێکراوییەکەی کەم دەبێتەوە، بەپێچەوانە دان بە هەڵەنان و ڕاست کردنەوەیان باوەڕپێکراویی حیزب لە نێو خەڵکدا دەباتە سەر و «جیددی» بوون و «بەرپرس» بوونی حیزب نیشان دەدا.) دووەم ئەم پێگە قورس و قایمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی حیزبی دێموکرات کە لە ناوخۆی کوردستان هەیەتی دەکرێ ئەم ئومێدەمان بداتێ که سەرکردایەتی سیاسی ئەم حیزبە لەم پتانسییەلانە کەڵک وەرگرێ بۆ نوێژەن کردنەوەی گوتار و خەبات، بە ڕەچاوکردنی واقێعبینانەی بارودۆخی ناوخۆیی، ناوچەیی و تەنانەت نێونەتەوەیی.
كاك ناسر باسی له‌وه‌ كرد ئه‌مه‌ ده‌بێ ببێته‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی حیزبه‌ سیاسییه‌كان كه‌ “كه‌لێنی نێوان خۆیان و خه‌ڵك” پڕ كه‌نه‌وه‌. ئەم كەلێنانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ساتەوەختی ئێستادا زیاتر لە هەموو كاتێك بەدیدەكرێن تەنانەت زۆر جاران دەگاتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەیەكی مەترسیدار بۆ داهاتوو. بۆیە دەبێ میكانیزمگەلێك بدۆزرێتەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەلێنانە، ڕەنگە بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنیشاندەری بژاردەكانی كۆمەڵگا باشترین میكانیزم بێ لەم زرووفە زەمەنییەدا.
بژاردەكان وەك “كارگێڕانی گۆڕان” پێناسە دەكرێن كە توانایەكی شوێندانەریان هەیە بۆ ئەوەی ڕووداوەكان بۆ لایەكی تایبەت و دیاریكراو بەرن یان تەنانەت بەر بە روودانی پێشهاتێك بگرن، دیارە مەرج نییە ئەم بژاردانە تەنیا و تەنیا سەركردەی سیاسیی حیزبێك بن، رێك بەپێچەوانەوە بەپێی بارودۆخی رۆژهەڵات ئەوە نووسەران، هونەرمەندان، چالاكڤانانی مەدەنی، رۆژنامەوانان و ئەدیبانن كە دەتوانن كەلێنەكان پڕبكەنەوە و هاوتەریبییەكی سیاسی بۆ سازدانی گوتارێكی هاوبەش سازدەن.
كێشەیەك كە لێرەدا خۆی دەردەخا، ئەوەیە كە خودی بژاردەكان لە ناوخۆ و لە دەرەوەی سنوورەكانی رۆژهەڵات كەلێنێكی مەعریفەیی و ئانتۆلۆژیكیان هەیە، “شێوەڕوانین”یان بۆ پرسەكان لێك دوورە و رەنگە ئەمە گەورەترین مەترسی بێ بۆ سەر دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی.
هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە ئۆپۆزیسیۆنی كورد تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەگشتی ناتوانێ ببێتە هۆی رووخانی حكومەتی كۆماری ئیسلامی و تەنانەت ئاڵوگۆڕێكی بچووكیش، ئەزموونی چل ساڵی ڕابردوو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. كەوابوو بۆ پڕكردنەوەی كەلێنی ناوخۆ و دەرەوە وەك یەكەم هەنگاو پێویستە ڕەخنەیەكی نێوگوتاری لە هەردوولا ساز بێ، خەسارناسی بكرێ، خاڵە هاوبەش و جیاوازەكان دەستنیشان بكرێن و دواجار ئەم دوو هێڵە لە دۆخی هاوتەریبی بێنەدەر و لە پنتێكڕا یەكبگرنەوە و ئەم پنتە ببێتە سەرەتای خاڵگۆڕانێك بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەلێنانەی باسمان لێوەكردن.
له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا كاك ناسر باباخانی كوتی: دێموکرات تەنیا حیزبی سکرتێر، دەفتەری سیاسی، کۆمیتەی ناوەندی، کادر و پێشمەرگە نییە… دێموکرات وەک چۆن لە سەرەتای دامەزرانیدا حیزبی تەواوی گەلی کورستان بوو، ئێستاش دەبێ دوکتورینە سەرەکییەکەی ئەوە بێ بە مکانیزمی گونجاو و کردەیی و پشتئەستوور بە تیۆری لە مەیدانی خەباتدا گەورەتر لە حیزبێک خۆی بنوێنێ!
شائانی باسە کومیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەمریکا، لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا و کانادا برووسکەی پیرۆزبایی خۆیان پێشکەشی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد.
له‌م ئاهەنگەدا هونەرمەند كاك فایق عه‌بدوڵڵاهی و تیپی هاوڕێی بەشدارییه‌كی بەرچاو و سرنجڕاكێشیان هه‌بوو به‌ پێشكه‌ش كردنی مۆسیقا.

[NPG id=4209]