به‌شداری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدک له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز له‌ پارڵمانی رۆژئاوای كانادا‌

رۆژی دوشه‌مه‌ رێكه‌وتی ٢٥ی مارس هاورێ محه‌ممه‌د  خادمیانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە رۆژئاوای کانادا له‌ سه‌ر بانگهێشتی ره‌سمیی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌ریمی بی سی  له‌ ئاهه‌نگی تایبه‌تیی نه‌ورۆز له‌ پارڵمانی ئه‌و هه‌ریمه‌ به‌شداری كرد.

له‌و ئاهه‌نگه‌ تایبه‌ته‌ی نەورۆزدا‌ كه‌ له‌لایان سه‌رۆك وه‌زیران رێكخرابوو، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی حیزب  ده‌گه‌ڵ، جان هۆرگن،  سه‌رۆك وه‌زیران و رێبه‌ری حیزبی دێموكراتی نوێی هه‌ریمی بی سی  و ژماره‌یەكی به‌رچاو له‌ وه‌زیران و ئه‌ندامانی پارلمان دیدار و چاوپێكه‌وتنی كرد. 

له‌و دیدارانه‌دا هاورێ محه‌ممه‌د خادمیانی  گرنگیی رۆژی نەورۆزی وه‌ك هێمای ئازادی و رۆژی هەستانەوە و به‌ربه‌ركانی ده‌گه‌ڵ داگیركه‌ر و زۆردار وه‌سف كرد و به‌ كورتی باسی  به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگه‌كانی ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆزی له‌ كوردستانی داگیركراو دا كرد. نابراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی رێژیمی ئێران رێگری له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ رێكخه‌رانی ئاهه‌نگه‌كان له‌ ناوه‌نده‌ گشتیه‌كانی شار و گوند، ئیزنی فه‌رمی ناده‌ن، هه‌ره‌شه و گوشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ‌ به‌رێوبه‌ران و گه‌نجانی كورد و له‌به‌ره‌به‌ری نه‌ورۆزدا هێزی نیزامی به‌ چه‌كی قورس  له‌ شار و شه‌قام و سنوره‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام سه‌رەڕای ئه‌و هه‌موو زه‌بر و زه‌نگه‌ هه‌موو ساڵێك و به‌تایبه‌ت ئه‌وساڵ، گه‌ڵی خه‌باتگێری كورد له‌ سه‌ر داوای ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاهه‌نگی  نه‌ورۆزیان یه‌كگرتوانه‌، بوێرانه‌ و به‌ شكۆوه‌ به‌رێوه‌بردوە.  

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی حیزب، باسی زۆر بوونی به‌رچاوی رێژه‌ی كوردستانیانی هه‌ریمی بی سی كرد و گلەیی له‌وه‌ كرد كه‌ نوێنه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی حیزب ته‌نیا كوردی به‌شدار له‌و ئاهه‌نگه‌ی‌ نه‌ورۆزی پارڵمانه‌یه‌‌ و داوای له‌ سه‌رۆك وه‌زیران كرد كه‌  له‌ ئاهه‌نگی ساڵی داهاتووی نه‌ورۆزی  كوردستانیانی شاری ڤه‌نكۆڤه‌ر‌ به‌شداری بكات و هه‌روه‌ها كوردستانیانی زیاتر بۆ ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی پارڵمان بانگهێشت بكات. سه‌رۆك وه‌زیران داوا  و گلەیی هاورێ محه‌ممه‌ی قه‌بول كرد و داوای له‌ به‌رێوبه‌ری نوسینگه‌ی خۆی و راوی كاهڵۆن، به‌رپرسی برێوبه‌رایه‌تی پارڵمان له‌ به‌شی فره‌كولتوری كرد بۆ ساڵی داهاتوو جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ. 

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حزب له‌و ئاهه‌نگه‌ ٤ كاتژمێرییه‌دا وێرای، جان هۆرگن، سه‌رۆك وه‌زیران؛ ده‌گه‌ل، میلانی مارك، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و راهێنان؛  سلینا رابینسۆن، وه‌زیری كاروباری شاره‌وانی و خانوبه‌ره‌؛  بروس راڵستۆن، وه‌زیری كار و تیكنۆلۆژی؛  شه‌ین سیمپ سان، وه‌زیری گه‌شه‌ساندنی كۆمه‌ڵایه‌تی؛  راوی كاهلۆن، به‌رپرسی به‌رێوەبه‌رایه‌تی پارڵمان بۆ به‌شی فره‌كولتوری و جاگروپ برار، به‌رێوبه‌ری كۆمیته‌ی پارلمانی حیزبی دێموكراتی نوێ‌ دیدار و چاوپێكه‌وتنی كرد.

له‌ كۆتایی دا سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیران و ئه‌ندامانی پارڵمانی هه‌ریمی بی سی خۆشحاڵی خۆیان له‌ به‌شداریی نوێنه‌ری حیزب به‌ جل و به‌رگی كوردی  ده‌ربری و داوای دانیشتن و دیداری زیاتر و هاوكاری و په‌یوه‌ندیی به‌رفراوانتریان كرد. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ هاورێ محه‌ممه‌د خادمیانی ده‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێكی به‌ر‌چاو له‌ چالاكان و رێكخه‌رانی نه‌ته‌وه‌كانی به‌لوچ و فارس و ئه‌فغانی به‌شدار له‌و ئاهه‌نگه‌دا دیدار و چاوپێكه‌وتنی كرد.

[NPG id=2299]