هەیئەتێکی کومیتەی سوئێد بەشداری بەخاکسپاردنی تێکۆشەری دێرین “مام عەزیز عەزیزی”یان کرد

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن، تێکۆشەری دیاری ریزەکانی حیزبی دێموکرات و باوکی شەهیدان “حەمەعەزیز عەزیزی”و “رەسووڵ عەزیزی” رۆژی ١٤ی نوامبر دوای ماوەیەک نەخۆشی، لە ئامێزی بنەماڵەکەیدا لە شاری “سالا” لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
دوای ئەوەی کارە یاسای‌یەکانی لە نەخۆشخانە تەواو بوون، رۆژی چوارشەممە١٨ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی، تەرمی خەباتکار و تێکۆشەری دێرینی کورد “مام عەزیز عەزیزی” لەنێو ئاپۆرای دڵ بەخەمی بنەماڵە و خزم و کەسوکار و ئاشنا و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا، لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری “ڤێسترۆس”ی وڵاتی سوئێد بە خاک سپێردرا.
شایانی باسە کە بەهۆی پەتای ماڵوێرانکەری کۆرۆنا و بەهۆی هێندێک یاساو رێنمایی تایبەت بۆ خۆپاراستن لەو پەتایە لە وڵاتی سوئێد، نەتواندرا کە ڕێوڕەسمێکی شایستە و تایبەتی بۆ “مام عەزیز” بەڕێوە بچێ، بەڵام سەرەڕای ئەو بارودۆخەش، بەشێکی بەرچاو لە خزم و کەسوکار و هاوسەنگەرانی دێموکرات لە کاتی بەخاکسپاردنیدا ئامادە بوون و لەو رێوڕەسمەدا بەڕێزان خاتوو “شلێر حەسەنپوور” و “سکاڵا حەکیم‌زادە” بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی سوئێد، تاجەگوڵینەی ڕێز و خۆشەویستییان لەسەر گڵکۆی بە گوڵداپۆشراوی “مام عەزیز” دانا و هاوخەمی و بە پەرۆشبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە وڵاتی سوئێد بە بنەماڵەکەیان راگەیاند.
حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتە سوئێد

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*