تێکۆشەرێکی دێرینی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

ئێوارەی رۆژی سێشەممە ١٧ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی، تێکۆشەری دێرینی رۆژهەڵاتی کوردستان “مامۆستا مەلا محەممەدی مەزنە” پاش ماوەیەک نەخۆشی لە وڵاتی “هولەند” دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
“مەلا محەممەدی مەزن” یەکێک لەو نیشتمانپەروەرانە بوو کە لە کاتی سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی ٤٦ – ٤٧ی هەتاویدا، بۆ یارمەتیدانی ئەو بزووتنەوە چەکدارییەو پێشمەرگەکانی، ئەوپەڕی فیداکاری و لەخۆبوردوویی لە خۆی پێشان دا، هەر بۆیە لە لایان ساواکی رژێمی گۆرکراوی “پەهلەوی”یەوە وێڕای چەند هاوڕێیەکی دیکەی دەستبەسەر دەکرێن و دەخرێنە ژێر ئەشکەنجە و ئازارەوە و سزای چەندین ساڵ چەندین بەندکردنیان بەسەردا دەسەپێنن.
“مامۆستا مەزنە” لە دوای ئازادبوونیش لە بەندیخانە، لە تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و سەربەستی بۆ گەلەکەی راناوەستی و شێلگیرتر لە جاران بە نەهێنی درێژەی بە تێکۆشان دەدات.
لە دوای رروخانی رژێمی پاشایەتی لە ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئێسلامی، “مامۆستا مەزنە” بۆ جارێکی دیکە وێڕای کوڕەکانی لە شۆڕشی نوێی روژهەڵاتی کوردستاندا زۆر چالاکانە بەشدار دەبن و لە زۆر شەڕ و تێکهەڵچوون بەرانبەر بە بەکرێگیراوانی رژژێمی کۆماری ئیسلامیدا لە ناوچەی مەهاباد، رۆڵی بەرچاو دەگێڕن، هەر بۆیە یەکێک لە کوڕەکانی بە نێوی “عەلی مەزنە” لە لایەن سیخوڕەکانی رژێمەوە راپورتی لێ دەدرێ و دەستبەسەر دەکرێ و پاش ماوەیەک ئەشکەنجە و ئازار، لە گەڵ ٥٩ کەس لە لاوانی شاری مەهاباد، بێ دادگایی بە ئێعدام مەحکوم دەکرێن و بە کۆمەڵ گوللەباران دەکرێن .
“مامۆستا مەلا محەممەد” لە دوای ئێعدامی “عەلی” کوریشی وێڕای کوڕەکانی دیکەی درێژە بە تیکۆشان دەدات و پاش ماوەیەک بە پێچەوانەی ویستی خۆیان، رێگای دەربەدەری و ئاوارەیی دەگرنە بەر و لە وڵاتی هوڵەند دەگیرسێنەوە ،
لە دەرەوەی وڵاتێش بۆ یارمەتێدان بە هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دۆزی رەوای گەلەکەمان بە بنەماڵەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
“مامۆستا مەزنە” خاوەنی دوو کتێبە لەسەر میژوی کورد و تا لە ژیاندا بوو ئاواتی ئەوە بوو بۆ جارێکی دیکەش نیشتمانەکەی بە ئازادی و سەربەخۆیی ببێنی. مخابن مەرگ مەودای نەدا و لە تەمەنی هەشتا و هەشت ساڵیدا بە نەخۆشی و دوور لە زیدی خۆی لە غەریبیدا مالئاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندی راگەیاندنی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ئەو تێکۆشەرە مەزنە دەکات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٨ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی
Image may contain: 1 person

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*