قۆناغەکانی پێناسەی مافی مرۆڤ ( لە سەرەتای سەدەی بیستەم هەتا ١٩٤٨)

شاڕوخ حەسەن‌زادە

دوو گرێبەستی ٣٠ی مارس و ١٣ی ژوئییەی ١٨٥٦ی پاریس و بەرلین لەو گرێبەستانە بوون کە لە نێوان وڵاتانی ئورووپایی و ئیمپڕاتۆریی عوسمانی بۆ پشتیوانی لە مافی کەمە ئایینییەکان نووسران. لە ئاماژەگەلی دیکە و گرینگیی مافی مرۆڤی لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا ئەو سەردەمدا، دەتوانین باسی بەڵگەی کۆتایی کۆنگرەی ڤییەن لە ساڵی ١٨١٥ بکەین کە لەودا مافی کەمینەکان لە چوارچێوەی بنەمای نەتەوە بە فەرمی ناسرا. بە چاوخشاندنێکی خێرا لەم سەردەمەدا و ڕەوتی گەشە و پێشڤەچوونی مافەکانی مرۆڤ دەبینرێ کە، تۆکمەبوون و پتەویی هزری مرۆڤایەتی دوای چاخی ڕێنسانس، مرۆڤی سەدەی هەژدە و نۆزدەی بۆ پرسەکانی ماف هان دا کە زیاتر لایەنی مافە مەدەنییەکانی لەخۆ دەگرت، ئەو مافانەی کە دواتر لە خانەی جیلی یەکەمی مافەکانی مرۆڤ پێناسەیان بۆ کرا. گرنگییەکی دیکەی ئەم سەردەمە لەوەدا بوو کە مافەکانی مرۆڤ کەوتە نێو بەڵگە نێودەوڵەتییەکان و بە تێپەڕینی دەسەڵاتە سەروو نیشتمانییەکان و ئازادی-تەوەری وەک ئازادی ڕادەربڕین، ئازادیی بەیان، گردبوونەوە و بەشداری و بارمتە قەزاییەکان، ڕەوتی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافەیلی مرۆڤ درێژە پێدا.

سەدەی بیستەم بەتایبەت دوو ڕووداوی شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی، کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر چارەنووسی مافەکانی مرۆڤ لە هەردووک ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی دانا. مشتومڕ لە نێوان دوو بیرۆکەی سیاسیی باوەڕمەند بە ڕەسەنایەتیی تاک و ڕەسەنایەتی گرووپ، لە پەنا جێگرتنی ڕوانگەی ملهوڕی و دیکتاتۆری بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندێشەکانی باوی سیاسی و دامەزرانی سیستەم‌گەلی سیاسیی مارکسیستی، فاشیستی و نازیستی بەجێگای دامەزراوەی سیاسیی لیبراڵ دێموکراتیک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم چاخەیە. سێ ڕوانینی زاڵی سەرەوە کە کۆڵەکەی بەشێکی زۆر لە نیزامە سیاسییەکانی پڕکاریگەر لە چارەنووسی مافەیلی مرۆڤی ئەو سەردەمی پێک هێنابوو بۆخۆیان خاوەن تەوفیر و وێکچوونی زۆر دەگەڵ یەکتری بوون. هەرچەندە هەرسێک بیرۆکە بە کردەوە دژایەتیان دەگەڵ چەوساندنەوەی مرۆڤ و مافەکانی هەیە بەڵام مارکسیسزم بناخەکەی لەسەر مرۆڤ‌تەوەری هەڵچنیوە و گەشەی ئازادییەکانی مرۆڤی مەبەستە و دەگەڵ دوو باوەڕە زاڵەکانی دیکە جیاوازی هەیە؛ ئەگەرچی بە کردەوە و لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی ئەندێشەکانی خۆی، دەبنە نیزامگەلێکی ئۆتۆریتە و دەسەڵات‌خواز؛ بەڵام دوو باوەڕەکەی دیکە واتە فاشیسم و نازیسم، هەر لە بناخەوە دژی ڕەسەنایەتیی بایەخەکانی مرۆڤن وەک تاک.

فاشیسم بایەخی مرۆڤ بە گرێدراوی بە حاکمیەت و نازیسمیش بە ڕەگەزی ژێرمەن دەبەستێتەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو دوو ڕوانگەیە لە ئورووپا، مافی خاوەندارەتی، مافی ئازادیی ئایین و مافی مەدەنی یەکجار زۆر سست و شکێنەر بوون. لەم سەردەمە مێژووییەدا، هەرچەند لەبەر ئەوەیکە کۆمەڵگەی جیهانی سەرقاڵی دوو شەڕی ماڵوێرانکەری یەکەم و دووهەمی عالەمی بوو، دەرفەتێکی وەهایان نەبووە کە بە پرسەکانی مافی مرۆڤییەوە ڕابگەن بەڵام واژۆی بەڵگەی گرنگی وەک پەیمانی کۆمەڵگەی دەوڵەتەکان (میثاق جامعە ملل) کە ئاماژەی بە ڕێسا گشتییەکانی مافی مرۆڤ کردبوو، هەروەها جاڕنامەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە ڕێکەوتی ٢٦ی ژوئەنی ١٩٤٥ کە لەودا پەرەدان بە پێوەندیی دۆستانە و ڕێز گرتنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سیاسییەکانی سەرنجی خستبووە سەر، زەمینەیەکی لەباریان بۆ ئامادە کردن و نووسینەوەی بەڵگە گرینگەکانی جیهان‌داگر و کامڵتر خۆش کرد کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی ٢١، بوونە یارمەتیدەری مرۆڤایەتی.

ئەم دەورانە پڕ لە سامە کە هاوکات دەگەڵ دوو شەڕی گەورەی ترسێنەر بوون، کاکڵی سەرەکیی سەرنج و بایەخ دان بە مافەکانی مرۆڤی ئەوڕۆیی خۆیا کرد. لەم بڕگە زەمەنییە بوو کە گرنگی نەدان بە مافەیلی بنیام وەک یەکێک لە هۆکارەکانی دەستپێکی شەڕ و بەردەوام بوونی، ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند و بە گوورانی بیرۆکەی نووسینەوەی بەڵگەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ڕوانگەی وڵاتانی سەرکەوتوو، بەستێنی ئامادەکردنی بەڵگەی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨ ئامادە کرا. بایەخ و گرنگیی ئەم سەردەمە زۆرتر لە بواری پێکهاتنی بەستێنێکی لەبار بۆ داخوازیی مرۆڤایەتی لەمەڕ ڕاگەیاندنی بەڵگە دڵنیاکەرەوەکان لەسەر پرسەکانی مافی مرۆڤە کە لە دەورانەکانی دیرۆکی دواتر زیاتر دەگونجا، هەتا بڵاوکردنەوەی بەڵگە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان. هۆکاری سەرەکیی ئەوەش تێوەگلانی جیهان لە دوو شەڕی قورس و گرانی یەکەم لەنێوان ساڵەکانی ١٩١٤-١٩١٨ و شەڕی دووهەم لە ساڵەکانی نێوان ١٩٣٩-١٩٤٥ بوو کە وەک سەردەمی کاریگەری سەدەکانی نێوەڕاست، هەرچەندە کە تێیدا لەبواری مافی مرۆڤییەوە گۆڕانکاری زۆر بەرچاو نەهاتە ئاراوە، بەڵام زەمینەی لەباری بۆ دەورانی دوای خۆی چەوڕێژ کرد.

جیلی دووهەمی مافەکانی مرۆڤ لەم چاخەوە دەست پێ دەکا. پەیامی فرانکڵین ڕوزوێڵت، سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا لە ١٦ی ژانوییەی ١٩٤١ بۆ کۆنگرە و وەبیرهێنانەوەی پێویستی هەبوونی سەرجەم تاکەکانی جیهان لە چوار ئازادی سەرەکی (ئازادیی بەیان، ڕاگەیاندن (چاپەمەنی)، دەرباز بوون لە ئاتاجی (نیاز)، ئایین و مەڕامی سیاسی) بە جیلی دووهەمی مافەیلی مرۆڤ دەژمێردرێن کە هەرچەندە دواتر کەوتنە ژێرکاریگەریی شەڕی سارد و هەتا ڕادەیەکی زۆریش دامڕکا. بەشێکی دیکە لە مافی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وەک مافی دابین کردنی کۆمەڵایەتی، مافی کار و ئاستی بژێوی ژیان و پەروەردەی لەبار کە بە گونجاندنی کاریگەری وڵاتانی سۆسیالیستی لە دەقی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ زیاد کرا، لە پتەو کردنی ڕەوتی جیلی دووهەم قازانجی خۆی هەبوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*