جەژنی خاوەنکار لە کۆمەڵگەی یارساندا

سارۆ خوسرەوی

بەپێی بەڵگە و گەواهیی مێژوو، زاگرۆس هەر لە کۆنەوە مەڵبەندی ئایین، فەرهەنگ و کولتووری زۆرێک لە گەلانی ناوچەکە بووە، بەڵام دوای گەشەسەندن و سەقامگیریی ئیسلام لە کوردستان، زۆر لە ئایین و کولتوورە جیاوازەکان لەژێر کاریگەریی کولتووری زاڵدا، بە جۆرێک لەنێو چوون یان کەمڕەنگ بوونەتەوە. لەم نێوەدا، بەشێک لە باوەڕمەندانی ئایینییە زاگرۆسییەکان شانبەشانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تێ‌کۆشان و نەچوونە ژێر باری ئایینی داسەپاو، بەڵکو لەسەر ئایینی دێرینی خۆیان مانەوە، کە یەکێک لەوانە پێڕەوانی ئایینی یارییە.

ئایینی یاری، نموونەیەکی ڕاستەقینەی بزاوتێکە کە بە درێژاییی زەمان و لە سەردەمانی جیاوازدا، هەر لە هووریگەرییەوە هەتا مێهرپەرستی و زەردەشتیگەری هەبووە، بزاوتێک کە لە سەدەی حەوتی کۆچییەوە گەشەی زیاتری کردوە.

یارسان خاوەنی فەلسەفە و ڕوانگەی مرۆڤدۆستییە، باوەڕی بە دونیای پاش مردن و هەستانەوەی دووبارە هەیە، بۆ گەیشتن بە ئازادی، حەقیقەت و مرۆڤخودایی.(1)

سەرچاوەی یاسا و بیری ئایینی یاری دەچێتەوە سەر مەڕنۆ و لەوێوە چوارچێوە وەردەگرێ. پاشانیش خاوەنکار دەبێتە چەمکێکی نوێ و ژیان ڕەنگ‌ڕێژ دەکا و هەوڵ دەدا لە حەقیقەت بگا.

بوونی یارسان بە هۆی ئەم ڕووداوەوە، سەلمێندراوە و سوڵتان سەهاک و یارانی لە پردیوەری هەورامان، ڕێساویاسای ئایینی یارییان داڕشتوە.

واتا لە دوای ڕووداوی “مەڕنۆ”وە، چۆنیەتیی ژیانی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی یارسان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ و شێوازێکی تایبەت بە خۆی وەردەگرێ. بەڵام هەتا ئێستاش تەنانەت زۆربەی خەڵک لەبەر ناشارەزایییان لە ڕووداوی مەڕنۆ و خاوەنکار، زۆر ئاگاداری حەقیقەتی ئەم جەژنە نین و تەنیا وەک جەژنێکی سادە و نەریتی چاوی لێ دەکەن.

 

یارسان:

یارسان لە دوو وشەی “یار” و “سان” پێک هاتوە، بە واتای “یارانی پاشا”،  پاشایش هاوواتای خودایە.

یارسان بەشێک لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەگرێتەوە کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی کوردستان و دنیادا هەن. چالاکیی هزریی یارسان پەیوەستە بە ئاشکرابوون، دەرکەوتن، ئەوین و باوەڕمەندی بە فەلسەفەی دۆناودۆنـەوە(٢).

یارسانیش وەک گشت ئایینەکانیتر، خۆی لە پلەی حەقیقەتدا دەبینێتەوە و لەم سۆنگەیەیشەوە لێکچوون لەنێوان یارسان و ئایینەکانی دیکەدا هەیە.

یەکەمین کەسایەتییەک کە باسی لە یارسان کردبێ بالوولی ماهیـیە کە لە سەدەی دووەمی کۆچی مانگیدا ژیاوە. دوای ئەو شاخۆشین لوڕستانی، بابا سەرهەنگ دەودانی، بابا جەلیل و بابا ناوس سەرگەتی تا سەرەتاکانی سەدەی حەوتەم، یەک لەدوای یەک، هاتوون و سەریان هەڵداوە. پاشان، سەدەیەک دواتر، سوڵتان سەهاک دێت کە دەبێتە ئامادەکاری نیزامی دینیی ئەم بزووتنەوەیە.

بەپێی دەقە کۆنەکانی یارسان و شرۆڤەی ڕووداوەکانی ئایینی یاری و هەروەها ڕۆژژمێری کوردی، سوڵتان سەهاک دەبێ لەساڵی ٦٢٢ی کۆچی هەتاوی بەرانبەر بە ٦٤٠ مانگی و ١٢٢٠ی زایینی لە دایک بووبێ.

یارانی سوڵتان بەپێی باڵادەستی و یەکەمینی، بەم شێوەیە دابەش دەبن:

هەفتەن، هەفتەوانە، هەفت خەلیفە، هەفت سازچی، هەفت ئاخێوەر، هەفت گۆزەچی، هەفت سەقا، هەفت پێشکار، هەفت فەرمان، هەفت هەفت، هەفت یاری قەوەڵتاس، هەفت سەردار، بیست‌ویەک مێردی بەرزنجە، هەفتاودوو پیر، نەوەدونۆ پیر، شەست‌وشەش غوڵام، چل‌تەن، چل‌تەنان، هەزارویەک مێرد، هەزاروشەست مێرد و بێوەن بێوەنەکان.

لەنێو یارساندا بەڕێوەبەری زاتی، دوور لە ناوچەگەری و ناوەندگەرایی دەستنیشان دەکرێ و هێز و دەسەڵات بە تاک یا بە ناوەندێک نادرێ. لە ڕاستیدا هیچ کەسێک لەم کۆمەڵگەیەدا نییە کە سەر بە گرووپ یان خانەدانێک نەبێت و تەنانەت پاشای ئافرێنەریش بەو چوارچێوەیە پابەندە.

ناوەند یان قەڵەمڕەوی ژیان و جوغرافیای مرۆییی یارسان لە پێشدا باشووری زاگڕۆس “لوڕستان، هەورامان، داڵاهۆ، کرماشان و شارەزوور” بووە، پاشان بە ناوچەکانی دیکەی کوردستان و ئێراندا بڵاو بوونەتەوە. بەشێک لە یارسانییەکان لە باشووری کوردستان دەژین. بۆ وێنە، لە خانەقین، کەرکووک، سلێمانی و هەولێر و تەنانەت لە مووسڵ و بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقیشدا یارسانی دەژین. یارسانی لە شارەکانی باکووری کوردستان هەن، وەک دێرسیم و سێواس. هێندێکی دیکەیش لە ڕووسیە و لە ناوچەی “ئەلیزابت پول”، لە دەوروبەری “قارس”دا نیشتەجێن. لەگەڵ دەرکەوتنی “قوشچی ئۆغڵوو” لە ناوچەی ئازەربایجان و هەروەها بە هۆی بوونی شاوەیسقولی و ڕەچەڵەکی ئەو لە تورکستان و هەروەها لە سۆنگەی بڕەو و ئاشکرابوونی ئایینی یاری لەم ناوچەیەدا، هەندێک لە یارانی تورک(٣) هۆگر و پێوەستی ئەم ئایینە بوون.

یەکەمین پەیڤی نووسراو بە شیوەی هۆنراوە لە زمانی کوردیدا، تایبەتە بە یارسان کە بە زاری گۆرانی یا هەورامی نووسراوە.

یارسانی هەرگیز، نەچووەتە چوارچێوەی یاسایەکەوە کە ئازادیی خۆی لەدەست بدا و لە باری فیکرییەوە یەخسیر بێ. بەکاربردنی یاساوڕێسا بەشێوازی ئەخلاقی، هەنگاونانە بۆ گەیشتن بە ئامانجی مرۆیی. بەڵام ئەخلاق لە شێوازی سەرەتاییدا بە واتای ڕیفۆرمی تاکایەتی دێت و وەک پێداویستیی هەبوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتی خۆی پێشان دەدا. هەر ئەو مژارە دەبێتە هۆی ڕێزگرتن لە “تەواوەتی” و قبووڵنەکردنی خراپە و خراپی لە تاکەکانی کۆمەڵگەی یاریدا. ئەمەیش وەک پێداویستییەک بۆ دروست‌کردنی پەیوەندی و لێک نزیکبوونەوە خۆی دەردەخا و ئاشکرا دەبێ.

بناغەی باوەڕی یاری، ڕێزگرتنە لە مرۆڤایەتی. ئێمە دەتوانین ڕاستیی ئەم باوەڕە لە تەوەری “خۆناسی” و “مرۆڤ‌خودایی”دا دەستنیشان بکەین کە بنەمای فیکریی ئەم ئایینەن. یارسان بەپێی فەلسەفەی دۆناودۆن، ئیمانی بەگشت بوونێک و بە باوەڕی جۆراوجۆر هەیە، هەر بۆیە هەموو “خود”ێک بە بەشێک لە خۆی دەزانێت.

لە یارساندا مژاری مرۆڤ‌خودایی کاتێک بەسەر ڕوانگەی کەسێکدا زاڵ ببێت، بەو قەناعەتەی دەگەیەنێ کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا بەدوای خودادا بگەڕێ. ئاکامی دڵنەرمی و هەستی یەکترویستییش لە یارساندا، دەبێتە هۆی سازدانی سەمبولێکیی “جەم”. جەم خۆی لەخوێدا، هێمایەکی ئایینیە کە هزری یەکگرتوویی و یەکبوونی یار و یاران پێک دێنێ، تا ئەو شوێنەی سیمای یار لە ڕوخساری یاراندا بە دی بکرێ.

 

خاوەنکار:

خاوەنکار، یانی خاوەنی کار، سێحەبی کار یا سێحەب‌کار. لە ئەدەبیاتی کوردیدا “خاوەن” بە واتای سێحەب دێت و مەبەست لە “خاوەنکار”یش ئافرێنەر و خاوەنی چەرخی گەردوونە. ئەم وشەیە هاوواتای “خودا”، “یەهووە” و “ڕۆحی پیرۆز”ە و لە کەلامەکانی یارساندا بە واتای جۆراوجۆری دیکەی وەک: “ساحیب‌کەرەم”، “پاشا”، “ساحیب‌کار”، “سوڵتانی حەقیقەت” و “شای هەورامان”یش لێک دراوەتەوە. لە یارساندا جەژنێک هەیە بە ناوی “خاوەنکار” و لەبەر ئەوەی “مەڕنۆ” وەک شوێنی ڕووداو یادی لێ دەکرێتەوە، ئەم جەژنە وەکوو جەژنی “مەڕنۆ”یش ناوی لێ دەبرێ. ئەم جەژنە بە خاتری ئامادەبوونی سوڵتان سەهاک و یارانی لە شوێنی ڕووداوەکە و سەرکەوتنی تیشک بەسەر تاریکاییدا و بوونی ڕەسمیی یارسان لە فۆرمی مرۆڤدا، وەک خاڵی وەرچەرخان و بنەڕەتیی بیرۆکەی یاری، یادی لێ دەکرێتەوە و هەموو ساڵێک لە کۆمەڵگەی یارساندا پیرۆز دەکرێت.

 

مەڕنۆ:

“مەڕنۆ” وشەیەکی لێکدراوە، لە”مەڕ” بە واتای “ئەشکەوت” و “نۆ”یش بە واتای “نوێ” دێت کە لە ئەدەبیاتی باوەڕیی یارساندا واتای سەرهەڵدانی چەمکی نوێیە لە جیەانی بووندا.

ئەم واتایە دابەش دەبێت بەسەر چەند بەشێکی وەک: شرۆڤەی ڕواڵەتیی حیکایەتی مەڕنۆ، دەرکەوتنی چوارچێوە و یاساکانی هزری یاری و ڕۆژژمێری کوردی.

 

شرۆڤەی ڕواڵەتیی حیکایەتی مەڕنۆ

سوڵتان سەهاک بەرزنجەیی، کوڕی “شێخ عیسا”، یەکێک بووە لە گەورەکانی ناوچەکە. سوڵتان سەهاک لەساڵی ٢٦٠ی کۆچی هەتاوی لە بەرزنجەی سەر بە “عەربەت” لە پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە.

لەبەر ئەوەی لە باری بیر و بڕواوە کەسێکی جیاواز بووە، لە سەردەمی منداڵیدا، براکانی و خەڵکی ناوچەکە بەرانبەری نەرم‌ونیان نابن و لەگەڵی کەوتوونەتە ململانێی فیکری. پاشان لەبەر گوشار و زوڵم و زۆریی هێزە دەسەڵاتخواز و ڕادیکاڵەکان، لە ناوچەی بەرزنجەی سلێمانییەوە بەرەو هەورامان کۆچی کردوە.

لە ڕێگە، لە نزیکی هەورامان و لە کێوی “شنروێ”ی ئێستادا، هێزێکی نەیار دوایان کەوتوون و هێرشیان کردوونەتە سەر. سوپایەک لەژێر ناوی “چیچەک”، کە پێک هاتبوون لە نەیاران و تاریکپەرستانی ناوچەکە، بە هاوکاری لەگەڵ هێزی پشتیوان کە بۆ پیلانگێڕی ڕەوانەی دەڤەرەکە کرابوون، ڕووبەڕووی سوڵتان سەهاک و یارانی بوونەتەوە. سوڵتان سەهاک لەگەڵ یارانی پەنا دەباتە ئەشکەوتێک بەناوی “مەڕنۆ” و بۆ ماوەی سێ شەو و سێ ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە. لە ئەنجامی هەڵکردنی با و بۆران و گەردەلوول، سوپای چیچەک لە پاش سێ ڕۆژ تەفروتونا دەبن و لە ئاکامدا بەهۆی ڕووداو و بەڵای سرووشتی، ناچار دەبن ناوچەکە بەجێ بەێڵن.

سوڵتان سەهاک، لە بەر ئەوەی سوپای چیچەک نەیتوانیبوو بە ئامانجی خۆی بگا و لە پلانەکەیاندا سەرکەوتوو نەبووبوون، دوای ڕۆژی سێیەم بڕیار دەدا جەژنێک بەڕێوە ببا بە ناوی جەژنی “خاوەنکار”. ئەم جەژنە، بە جەژنی “مەڕنۆ”یش ناوبانگی ڕۆیشتوە. دوای بەڕێوەچوونی جەژنەکە، سوڵتان و یارانی درێژە بە سەفەرەکەیان دەدەن و دەگەنە هەورامان.

 

دەرکەوتنی چوارچێوە و یاساکانی هزری یاری

لە ڕاستیدا “مەڕنۆ” خاڵی وەرچەرخانی هزری یارییە کە هەر بە هۆی ئەم ڕووداوەوە بوونی یارسانیش سەلمێندراوە.

مژاری یارسان بەر لە “مەڕنۆ” تەنیا وەک ئەدەبیاتێکی باوەڕی هەبووە، ئەوەیش بەدەر لە چوارچێوەی مەدەنی، دەستووری و سیستەمی ئایینی. بەڵام دوای “مەڕنۆ” کۆمەڵگەی یارسان دەبێتە خاوەنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئایینیی تایبەت بە خۆی.

مەڕنۆ تەنیا واتای بەجێ‌هێنانی فەرزی ڕۆژوو، ڕەنج و تاقەت، پەیامی ئەوین، دوورەپەرێزی لە خۆبەزلزانی، پابەندبوون بە نەبوون و پاراستنی ڕاز نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا، هەڵگری پەیام و ڕازی شاراوەییە، ئەویش لە سیستەمێکدا کە مرۆڤ بتوانێ تێیدا ڕۆحی تێکۆشان بڕەو پێ بدا و لە پێناوی بەدەستهێنانی هەبووندا لە دژی تاریکی بەربەرەکانی بکا و لە بێ‌هێزی بێتە دەر و ڕێگەی ڕاست درێژە پێ بدا.

سوڵتان سەهاک لە هەنگاوی یەکەمدا یەکەمین دەستووری دینی و باوەڕیی خۆی لە ڕێگای ئەم چەند دێڕەی خوارەوە ڕاگەیاندوە. ئەو دەفەرمێ:

 

“ڕوکـن وە دەفتەر، ڕوكــن وە دەفتەر

ڕوكــــن ئی تاريخ  بنويس وە دەفـتەر

نەی چلەی تاوسان يەرێ ڕۆ سەبت كەر

مـــانگ و دڵی ڕاس دوازدەی سفيد پـەڕ

يـەرێ ڕۆی يـاران چيگام بـی وە فـەڕ

عەيد و پادشاهيم دووهەم داش ئـەسەر”

 

واتە: بەپێی ئەرکانی دەفتەر، پایە و ئەرکانی ئەم مێژووە لە دەفتەردا بنووسن، لە چلەی هاویندا سێ ڕۆژ تۆمار بکە، لە مانگی نێوەڕاستدا، واتە لە چلەدا کە دنیا سپی دەبێتەوە، لە دوانزەیەم ڕۆژیدا، یاران سێ ڕۆژ لێرە بنیشنە ناو فەڕ، واتە ڕۆژوو بگرن، دووەم جەژنی پادشاهیم دەردەکەوێ. ئەو پەیڤەی سوڵتان سەهاک دواتر لەلایەن زاتدارانی دیکەوە، وەک سەرچاوە، پێداگریی لەسەر کراوە و شی کراوەتەوە.

داب و دەستووری بەڕێوەبردنی ئەم جەژنە بەپێی کەلامەکانی یاری جۆرێکە، یارسانییەکان لە کات‌وساتی دیاریکراودا بۆ ماوەی سێ رۆژ لە بوومەلێڵدا “پارشێو” دەکەن و تا خۆرئاوابوون و دەرکەوتنی ئەستێرە بەڕۆژوو دەبن. دوای ئەم سێ ڕۆژە، جەژنی خاوەنکار یان جەژنی شاهی بەڕێوە دەچێ.

نەریتی بەرێوەبردنی ئەم جەژنە ئاوایە کە هەر بنەماڵەیەکی یارسانی لەسەریەتی کەڵەشێرێکی تەندروست کە بتوانێ بقوولێنێ، لەگەڵ مەنێک (سێ کیلۆ) برنج  کە بە ڕۆنی خۆماڵی لێ‌نرابێت، بباتە خزمەتی جەم و جەمخانە هەتا لەوێ لەلایەن سەیدەوە نزای لەسەر بخوێنرێ و پاشان بە شێوەیەکی دادوەرانە لەنێوان خەڵکیدا دابەش بکرێ. جگە لەو شتانەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرە، “نیاز”یش دەکرێ لە هەنار، سێوی سوور و چەند شتی تریش پێک بێ و لە جەمدا ئامادە بکرێ.

جەمی دابەشکردنی هێز و دەسەڵات، جەمی دابەشکردنی نیاز، جەمی هاریکاری و یەکیەتی پێک دێ و ئەوجا جەم‌نشینان سەرقاڵی داگیرساندنی مۆم دەبن و لەگەڵ تەمبووردا کەلام دەخوێنن.

لە ڕۆژی جەژندا، یارانی یاری، خۆیان بۆ سەردانی یەکتر ساز دەکەن و ئەندامانی جەمخانەکان بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکتر دەکەن. ئەم نەریتە لە لای گشت ئەندامانی کۆمەڵگەی یارسان، جێگای خۆی گرتوە.

***

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

١) مرۆڤ‌خودایی: واتا خودا لە وجوودی مرۆڤدا خۆی نیشان بدا. خودا، خۆی لە مرۆڤ دانابڕێ و پەیوەندیی لە گەڵ دەگرێ. ڕەوانی مرۆڤ بەشێکە لە ڕەوانی خودا. هەر بۆیە خودا لە ڕێگای گەڕانی ڕەوانەوە خۆی بە مرۆڤ نیشان دەدا و مرۆڤ دەتوانێ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دوای خودادا بگەڕێ. بۆ نموونە، لە یارییدا “سوڵتان سەهاک” خاوەن  زاتی خودایییە.

٢) دۆناودۆن: واتا گەڕانی ڕۆح لە دەورانێکی دیکەدا، ئاوێتەبوونی زات لەگەڵ لەشدا. مرۆڤ هەر جارە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم جیهانە، بە هەڵسەنگاندن لە گەڵ دەورەی پێشدا، پێشکەوتنی ڕۆحیی دەبێ. لە فەلسفەی دۆناودۆندا، مردن بریتییە لە گەڕانی ڕەوان، لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی دیکە.

٣) یارانی تورک مەبەست لەو تورکانەی ئازەربایجانن کە هۆگر و شوێنکەوتووی ئایینی یارین.

 

سەرچاوەکان:

–          سەرنجام (کەلامەکانی یارسان)، نووسینی تەیب تاهیری، ٢٠٠٧، سلێمانی، ئەنستیتۆی فەرهەنگی کورد.

–          مێژوو و فەلسەفەی سەرنجام (شرۆڤەی فیکری و باوەڕیی یارسان)، هەمان نووسەر، ٢٠٠٩، هەولێر دەزگای موکریان.

–          ڕۆژژمێری ئاریایی کوردی، ٢٠١٠، هەمان نووسەر، هەولێر دەزگای موکریان.

–          بانگی سەرحەدان، ٢٠١٣، هەولێر دەزگای موکریان.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*