کۆچی سوور

کەریم فەرخەپوور

ئەم ڕۆژانە ڕووداوی نوقم بوونی بەلەمێکی کۆچبەرانی کورد لە ئاوەکانی نێوان فەڕانسە و بریتانیا  لە “کاناڵی مانش” بوو بە سەردێڕی زۆر لە مێدیاکان. ئەم ڕووداوە کە بوو بەهۆی تێداچوونی بنەماڵەیەکی ٥ کەسیی خەڵکی سەردەشت بەتایبەت بۆ ئێمەی کورد هەواڵێکی دڵتەزێن بوو، بەڵام لە هەمان‌کاتدا چاوەڕوان‌نەکراو نەبوو، چونکی ئەم تڕاژیدییە بووەتە بەشێک لە مێژووی خەڵکی ئێمە.

کۆچکردن لە وڵاتە دیکتاتۆر و بەڵالێدراوەکان دیاردەیەکی تازە نییە و ساڵانە بە دەیان و بگرە سەدان هەزار کەس ڕوو لە هەندەران دەکەن و بەدوای سەرپەنایەک و ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن و، گەڕانیش بەشوێن ژیانێکی باشتر و شیاو مافی هەر تاکیکی سەر گۆی ئەم جیهانەیە.

کۆچی کوردانیش چ بە زۆرەملی چ  لە ڕووی ناچارییەوە هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و سەدان ساڵە کورد و کۆچ بوونە دووانە و هەر جارە و لە شوێنێک و بەشێوەیەک کۆچیان پێ‌دەکرێ یا لەوپەڕی بێ هیواییدا کۆچ دەکەن. بەڵام ئەم دۆخە لە ئێستادا تایبەتترە. چونکی خەڵکی ئێران لەلایەک لەژێر دەسەڵاتی ڕەشی ڕێژیمی داپلۆسێنەری کۆماری ئیسلامی‌دان و لەلایەکی دیکە هەژاری، برسیەتی، بێکاری و نەبوونی تەنگی پێ هەڵچنیون و بۆ خۆدەرباز کردن لەو ژیانە سەختە لە ترسی ئەژدیها خۆیان لە باوەشی مەرگ داوێن.

لە ماوەی دەسەڵاتی دوو دەوڵەتی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهـ، کوردستان یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی ئێران بووە و بێجگە لە بڕیار و فەرمانی جیهاد و شەڕی داسەپاوی کوردستان کە زیاتر لە  چل ساڵە بەردەوامە، ئەم دوو ڕێژیمە دیکتاتۆرە خەریکی بە تاڵانبردنی هەموو سامانی سەرزەوی و ژێر زەوییەکانی کوردستان بوون. لەگەڵ ئەوەی کە کوردستان بەشێکە لە ئێران و مەیدانێکی گەورەی وەبەرهێنان و دەوڵەمەندە بە کانگەی ژێرزەوی، بەڵام زۆر لە خەڵکی کوردستان بە ڕەنجی شانی خۆیان بە وەرزێری و کرێکاری و بێ هیچ پشتیوانییەکی دەوڵەت ژیانێکی سەخت تێپەڕ دەکەن و کرێکارەکانیش نەک لە کوردستان بەڵکوو لە شارە غەیرە کوردەکان بە کاری تاقەت پڕووکێن ئەویش وەک کرێکاری وەرزی بۆ بژیوی ژیانی ساڵانەیان دەچەوسێنەوە. نەبوونی و بێکاری و برسیەتی لەو دیاردە مەترسیدارانەن کە خەڵک بە دەستیەوە دەناڵێنێ و دواڕێگە بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیان لە کوردستان کۆڵبەرییە؛ کە هەموو دەزانین کۆڵبەریش بە قیمەتی ژیان و گیانیان تەواو دەبێ.

بۆیە زۆر خەڵک بەهۆی ئەو هەموو گوشارەی کە بەرۆکی پێ‌گرتوون ڕێگەی مەترسیداری هەندەران دەگرنەبەر و بەهیوای ژیانێکی باش و ڕزگاربوون لەو نەهامەتییانەی تێی کەوتوون زێدی باب و باپیرانیان بەجێ دێڵن. بەڵام گەیشتن بەو بەناو بەهەشتە هیندە ئاسان نییە و لەم ڕێگە دوور و درێژەدا مەرگ هەمیشە وەک مۆتەکەیەک بە دوای کۆچبەرانەوەیە. دەربازبوون بەنێو دوو سوپای دڕندەی تورکیە و کۆماری ئیسلامی، بێ‌بەزەیی قاچاخچی، ڕەق‌هەڵاتن لە سەرمادا، ون بوون و ونک‌ردن و بێسەروشوێن بوون، پووڵ خواردن و فریودان و کڵاو لەسەرنان، زیندان و ئەشکەنجە، دابڕانی بنەماڵە و لێک‌هەڵوشانی ژیان، ماندوویەتی و قەول و بەڵێنیی بەدرۆی قاچاخچی، قەرزداری و فرۆشتنی ماڵ و سامان و سەرەنجام شەپۆل و باوەشی پڕ لە گرفە و مەرگهێنەری دەریاکان تەنیا بەشێک لەو کێشانەن کە لە ڕێگەدا تووشی هەر کۆچبەرێک دەبن. لەگەڵ تێپەڕاندنی هەموو ئەمانەش ئەوە کۆتایی ئەم سەفەرە و ئەم کاروانە نییە؛ کە گەیشتنە ئورووپا یا هەر وڵاتێکی تر لە یەکەم وێستگەدا لەگەڵ بێ‌ڕەحمی و کۆمەڵێک کێشەی دیکە بەرەوڕوو دەبنەوە و چاوەڕوانی، بێ‌وڵامی، وەرنەگیران و مەترسیی دیپۆرت‌کردنەوە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سیفر دوای هەموو ئەو چاوەڕوانییە و بێ‌هیوا بوون لە ژیان بەشیکی دیکە لەو گرفتانەن کە بەرەوڕووی پەناخوازان دەبنەوە و ئەو بەهەشتەی کە بەهیوابوون پێی بگەن، لێیان دەبێتە دۆزەخ و ژیانیان بە ئاقارێکی نادیاردا دەڕوا.

ئەم دیاردەیە لە ئێستادا بەهۆی هەلومەرجی ژیان لە ئێران پتر پەرەی سەندوە. خەڵک بار دەکەن و دەڕۆن، چونکی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ڕێگەیەکی تری بۆوان نەهێشتۆتەوە.

سروشتی کۆچبارەکانی ئێستا لەگەڵ ڕابردوو جیاوازە. ئەگەر پێشتر (پێش هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی) زۆربەی زۆری کۆچەکان بۆ خوێندن و ئاکامەکەی دواتر گەڕانەوە بوو، ئێستا هەموو بۆ ڕاکردنە. ئەگەر دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش تەنیا لاو و خوێندەوارەکانی دەگرتەوە، یان سەرەتا تەنیا دژبەرانی ڕێژیم ڕێی هەندەرانیان دەگرت؛ بەڵام ئێستا خەڵکی ئاسایی بە خاو و خێزانەوە جانتای کۆچ دەخەنە سەر شانیان. چونکی هەژاری، بێکاری، بێ‌دەرەتانی و نەبوونی ئاسوودەیی ڕوحی و ڕەوانی لە سۆنگەی سیاسەتەکانی ڕێژیمەوە بڕستی لێ بڕیون، چونکی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون شک نابەن و ئەوەی لەو نێوەشدا ونە و لە بنەڕەت‌ڕا هەر بایەخی نەدراوەتێ، هەست بە بەرپرسایەتی کردنی حکوومەت و خەم‌خواردنە لەو کێشەیە. چونکی ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگه پتر چارەنووسی باشووری لوبنان و خەڵک و میلیشیا و دەست‌وپێوەندییەکانی ڕێژیمە لە وڵاتانی ناوچە و داهات و سامانی گشتیی وڵاتیش بۆ ئەو ئامانجانەیە؛ نەک گەڕانەوە و تەرخان‌کردنی بۆ خەڵک و نێوخۆی وڵات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*