ڕاگەیەندراوێک لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لەسەر کاناڵی تێلێگرامیی “ئاسۆی نیشتمان”

چەند کەسێک لە ڕێگای کاناڵی “ئاسۆی نیشتمان”ەوە باجگیری لە خەڵک دەکەن.
ئەم چەند کەسە کە بە داخەوە بە کەڵک وەرگرتن لە ناو و ئێعتباری حیزبێکی خاوەن ڕابردووی پڕ لە فیداکاری، لە ڕێگای دانانی کاناڵێکی تێلگرامی بە ناوی “ئاسۆی نیشتمان”ەوە خەریکی باجگیری لە خەڵکن، بۆ سوود و قازانجی خۆیان لە ڕێگای ئەم کاناڵەوە پێوەندی بە خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگرن و داوای پووڵ و پارەیان لێ دەکەن و هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر داواکانیان بەجێ ‌نەگەیەنن، وەک سیخوڕ و بەکرێگیراو ناویان لە کاناڵەکەدا بڵاو دەکەنەوە.
لەم پێوەندییەدا تا ئێستا ئەم چەند کەسە – کە ناویان زانراوە و چەند جارێکیش بەرپرسانی حیزبەکەیان لێ ئاگادار کراوەتەوە بەڵام بەداخەوە هیچ هەڵوێستێکیان بەرانبەر نەگیراوە – ناوی دەیان کەسیان لە کاناڵی “ئاسۆی نیشتمان”دا بڵاوکردۆتەوە و تۆمەتی جاش و بەکرێگیراویان داونە پاڵ کە لە نێویاندا کەسانی نیشتمانپەرەوەر و تەنانەت بنەماڵەی شەهیدیش هەن.
لێرەوە وێڕای لەقاودانی ئامانجە قازانج‌پەرەستەکانی چەند کەسێکی پشت ئەم کاناڵە، داوا لە لایەنی پێوەندیدار دەکەینەوە کە وێڕای داخستنی ئەم کاناڵە و لێپرسینەوە لەم کەسانە، ئیزن نەدەن کەسانی بە ناوی لایەنێکی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانەوە ئەو کردەوە زیانبار و قیزەونانە درێژە پێ بدەن و ڕێگە لە دیاردەی دزێوەی تۆمەت خستنەپاڵ کەسانی نیشتمانپەرەوەری خەڵکەکەمان بگرن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*