مەترسی دیپۆرت کردنەوەی ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سویس،ەوە بۆ ئێران

ئێدارەی پەنابەرانی وڵاتی سوئیس لە دوایین ئاگادار کردنەوە دا بە ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ھاوڕێ “عومەر عەبدووڵا زادە ” ناسراو بە کارۆ،یان راگەیاندووە کە لە ئەگەری بە جێ نەھێشتنی وڵاتی سوئیس لەو ماوەی بۆی دیاری کراوە، دەستی پۆلیسی ئەو وڵاتە ئاواڵەیە بۆ ئەوەی بیگرن و بە بێ رەزامەندی خۆی ڕەوانەی ئێرانی بکەنەوە. ئەو بڕیارەی دەزگای پەنابەری وڵاتی سویس جگە لەوەی کە بۆتە مایەی نیگەرانی ناوبراو، هاوکات دەکرێ وەک زەنگێکی مەترسی بۆ سەر ژیانی چەند چالاکی سیاسی دیکەش سەیری بکرێ. چەند ساڵ لەمەوبەریش ھاوڕێ رەحمان محەمەدی ئەندامی لە مێژینەی حیزب تووشی ھەمان کێشە بوو و تا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە و کەیسەکەی ھەر وا لە جێگای خۆی ماوەتەوە. شایەنی باسە کە عومەر عەبدوولازادە تاکە کەس نیە کە تووشی گرفتی لەو جۆرە بووە و لە ماوەی رابردووش دا ھەمان کێشە بۆ بنەماڵەی محەمەد عەزیزی ھاتە پێش کە ناوبراویش بە ھۆی کێشەی سیاسی ئاوارە بووە.

ئەو هەڵوێست و بڕیارەی دەزگای پەنابەری وڵاتی سویس بۆتە ھۆی نیگەرانی بۆ چەند ئەندامێکی چالاکی دیکەی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی فەردین سولەیمانی، شەیدا خاڵە نژاد، خوسرەو خزری، کاروان شێخ محەمەدی، دڵشاد رەویش و ئیسماعیل حەسەن زادە و چەند کەسی تر کە سەرجەمیان چالاکی سیاسی و ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانن  و زیاتر لە ٣ ساڵە چاوەڕوانن و جارێکیش کەیسەکانیان رەد کراوەتەوە. 
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سویس سەرەڕای تەئید کردنی ھەموو ئەو چالاکانەی لە سەرەوە ناویان ھاتووە، داوا لە رێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکی کار لە مافی پەنابەران دەکات کە بە هانای ئەو تێکۆشەر سیاسییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بچن. هاوکات داوا لە ئیدارەی پەنابەران لە وڵاتی سوئیس دەکات کە ھاوکاری چالاکە سیاسیەکانی رۆژھەڵات بکەن و ترسی ناردنەوەیان بۆ کۆماری ئێسلامی، کە دەکرێ بە نرخی گیانیان تەواو بێت بگۆرن بۆ دابین کردنی ژیانێکی ئارام و ئاسوودە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سویس