کۆمار و پێشەوامان لە ئەزموونەوە بۆ وانە

عەلی بداغی

لەو کاتەوە کە پێشەوا قازی محەممەد لە چوارچرای مەهاباد لەبەر دەم ئاپۆرای جەماوەردا بە دەنگێکی دلێر گوتی: «ئەمن بە خودا، بە کەلامی عەزیمی خودا، بە نیشتمان، بە شەرافەتی میللیی کورد، بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخرین هەناسەی ژیانم و ڕژانی دوایین تنۆکی خوێنم بە گیان و ماڵ لە ڕێی ڕاگرتنی سەربەخۆیی و بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستاندا تێبکۆشم…»؛ 73 ساڵ ڕادەبرێ. تەمەنی سەرۆکایەتیی پێشەوا و کۆمارەکەی کورد کەم، بەڵام هۆکار چییە دوای حەوت دەیە باڵای پێشەوا هەر هەمان باڵای ئازادی و سەربەخۆیی و، خەونەکانی هەمدیسان هیوا و خەونی نەوە دوای نەوەیەتی؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ لە جەوهەر و کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد ورد بینەوە و، گوتار و پەیامی کۆمارەکەمان ورد کەینەوە.

دوو ساڵ پێش ئەوەی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکاندا پەسند بکرێ، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە هەرێمی شەڕ و کاولکاری و داگیرکاریدا، لە نێو کەشی داخراوی نەریت و کۆمەڵگەی داخراودا، کەسایەتییەکی ڕووناکبیر، ئینسانویست، دادگەر و مافدەر و مافپەروەر، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و متمانەی خەڵکەکەی دێتە مەیدان؛ بۆوەی بەلەمی چارەنووسی پڕ هات و نەهاتی گەلەکەی لە دەریای تووڕە و پڕ شەپۆلانی ڕووداو و بەرژەوەندیی لێکنەبانی وڵاتانی داگیرگەر و زلهێزدا بگەیەنیتە کەناراوەکانی هێمنی و ئازادی. مرۆڤێک لەو سەروبەندەدا و لە جوغرافیایەکی بچووکی ئەم گوێێ زەوییەدا حوکمەتی ڕاگەیاند کە هەم خۆی مرۆڤتەوەر بوو، هەم دەسەڵاتەکەی بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ لە هەر ڕەگەز و تیرەیەکی نێو بازنەی حوکمەتەکەی بەکارهێنا.

پێشەوای کوردان لە ماڵی دنیا هیچی کەم نەبوو، پلە و پایەی ئیداری و کۆمەڵایەتیی بەرزی هەبوو، ناوبەدەرەوە و دەستڕۆیشتووش بوو؛ بەڵام ئەو کە بۆ پێشەوایەتیی گەلە بندەستەکەی خوڵقابوو؛ هەموو ئەم سامانە مادی و مەعنەوییانە و تەنانەت گیانیشی؛ بۆ بەردی بناخەی خەونی کورد، واتە دەوڵەتی کوردی دانا.

مرۆڤبوون، ڕاستگۆیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ڕوحی دەست لەنێودەستنان و پێکەوە کارکردن، یەکیەتیی بەکردەوە، گەڕانەوە بۆ دەنگ خەڵک و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی و پڕەنسیپە گشتییەکانی کۆمەڵ و نەتەوە ئەو بایەخانە بوون کە لە کەسایەتیی پێشەوادا بەرجەستە ببوون و لە کارنامەی دەسەڵاتەکەشیدا بوونە هۆی کەڵەکەبوونی خەرمانێک دەسکەوت و ئەزموونێکی سەرکەوتوو.

وە کاتێکیش حوکمەتە ساواکەی پێشەوا بەرگەی باهۆزی گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکانی نەگرت، کاتێ وڵاتانی زلهێزی بەناو بانگەشەکەری مافی مرۆڤ و دێـموکراسی و دەسەڵاتی گەل خۆیان لێ نەدا، و سۆڤییەتە بەناو پشتیوانەکەشی، پشتیوانییەکەی بە نەوتی باکووری ئێران و بەرژەوەندییەکانی دیکەی فرۆشت، وە کاتێکیش لەنێو گەلی خۆیشیدا تەنیا مایەوە؛ پێشەوا دوا وانەی مەکتەبەکەی چپاندە گوێی قوتابی و نەوەی دواڕۆژی؛ وانەی خۆبەختکردن لە پێناو سەروەریی گەل و نیشتماندا.

ئەدی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان لەبەرچی ئێستاش ئیلهامە بۆ بنیاتنانی داهاتوو لە هەر کام لەو نیشتمانە لەتکراوەدا؟ لەبەر چییە کە ئێستاش کۆمار ئەستێرەی هەرە پڕشنگدارە لە ئاسمانی خەونەکانی کورددا؟ لەبەر ئەوەیە کە کۆمار توانی ئامانج و خەونی بەرحەق و ڕەوا و مێژوویی بە میلیون کوردی سەر ئەم گۆی زەوییە وەدی بێنێ و بیسەلمێنێ کە ئەم گەلە هەم دەتوانێ سەربەست و سەربەخۆ بێ؛ هەم بە مۆدێلی حوکمڕانییە مەدەنی و پێشکەوتووەکەی دەریخست کە شایانی ئەوەیە شکۆی دەوڵەتداریی لێ فێر ببن؛ وە لەخۆڕاش نەبوو کە نەیارانی لە دژی یەکیان گرت.

کۆماری کوردستان کەسایەتیی ئیرادەگەریی بە تاکی کورد بەخشی، هەستی باوەڕبەخۆبوونی تێدا بەهێز کرد، کردیە خودانی شوناس و کەسێتیی تایبەت بە خۆی و، ئەوەش بۆشاییەکی وای لە دڵ و زەین و ئارمانخوازیی تاکی کورددا پڕ کردووەتەوە کە بۆ هەمیشە لەگەڵیەتی و بۆ داهاتووش چاوی لێیەتی.

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، ڕاگەیاندنی حوکمەتی کوردی، پێکهێنانی سوپای میللی لەژێر ناوی هێزی پێشمەرگەدا، بەربەرەکانی لەگەڵ نەخوێندەواری، بایەخدان بە زمانی کوردی، چاپی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار، بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار، دانانی یاسا بۆ ڕاییکردنی کاروباری کۆمەڵ، بەڕێکخراوکردنی پرسی ژنان و لاوان ئەویش تەنیا لە ماوەی 11 مانگدا و؛ پێوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات و متمانەی دوولایەنەی خەڵک بە حوکمەت و دەسەڵات بە خەڵک پێمان دەڵێن ئەم حوکمەتە چەندە بەڕۆژ، چەندە گەلی و چەندە پڕ دەسکەوت بووە. وەئەگەر چارەنووس واینەکردبا دەبوو بە نموونەیەکی دەگمەن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیشدا.

ئێستا دوای حەوت دەیە لە واقعییەتی تاڵی ڕووخانی کۆماری کوردستان، خەون و خولیاکەی نەوە دوای نەوە هاتووە، ئامانجەکانی کۆمار نەخشەڕێ و بەرنامەی حیزبە نەتەوەییەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتن و ئاسۆی گەیشتن بەم ئامانجانەش پتر لە هەموو کاتێک ڕوون و نیزیک دەنوێنێ، بەڵام ئاخۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەواوی وانە مێژووییەکانی کۆماری وەرگرتووە؟

گرینگترین وانەی کۆمار ئەمە بوو کە دەسکەوتە بەنرخەکان لە تەبایی و یەکگرتوویی دایە وەدی دێن و دەشپارێزرێن، هەروەها ئەگەرچی هێزی پشتیوانی دەرەکی دەتوانێ ڕۆڵی گرینگ لە یەکلابوونەوەی هاوکێشەکاندا ببینێ؛ بەڵام ئەوەی دەبێ کۆشکی هیواتی لەسەر هەڵچنی هەر خۆت و هێزەکەی خۆتە. لێ مەخابن ئێستا لە کاتێکدا کە فاکتەری دەرەکی بە قازانجی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دوژمنی سەرەکی و هاوبەشی کورد لە ئێران، واتە کۆماری ئیسلامی پتر لە هەر کاتێک گڵۆڵە بەختی کەوتووەتە لێژی؛ هێزە سیاسییەکانی کورد نەیانتوانیوە ئەو یەکڕیزی و یەک گوتاری و یەکبوونە پێک بێنن کە بۆ وەڵامدانەوە بەو دۆخی پێویستە.

ئێستا کە ئیدی پێشەوا قازی محەممەد بووەتە ڕەمز و سیمبولی هەموو کوردان و ڕێبازی نەتەوەیی و، شوناسخوازیی کۆماریش بووەتە ڕێباز و ئامانجی هاوبەش بۆ خەبات؛ پتر لە هەموو کاتێ پێویستە کەسێتیی پێشەوا و ئەزموونی کۆمار ببنە وانەیەک بۆ ژیاندنەوە و بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی نەتەوەییمان. وانەیەک لە پێشەوا و کۆمارەوە بۆ هەمووان.