چاوپێکەوتنی نێوان بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی ح د ک و دکتور فیلیپا برانت لە پارلەمانی ئوسترالیا

 کاتژمێر ١١ی سەرلە بەیانی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جانیواری ٢٠١٩ی زایینی، بەڕێز سەلاح پورئەسەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوسترالیا، سەردانی پاڕلمانی ئەو وڵاتەی لە شاری کانبرای پایتەخت کرد و لەگەڵ ” دوکتور فیلیپا برانت” بەرپرسی دەفتەری سەناتۆڕ ” پنی وەنگ” لە حیزبی کرێکاری ئوسترالیا و وەزیری دەرەوەی سێبەر کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیە دا سەلاح پورئەسەد بە درێژە باسی سەرکوت و زیندانی کردنی ئەندامانی حیزبە کوردیەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانی کرد و ئاوڕی لە ئیعدامی چەند زیندانیەکی سیاسی دایەوە کە لە ماوەکانی ڕابردوو دا لەلایەن ئەو ڕژیمەوە ئیعدام کران. پاشان بە ئامار ژومارەی ئەو کۆلبەرانەی کە بە دەستڕێژی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون بە ئاگاداری دوکتور براند گەیاند. ھەروەھا باسی کردەوە تیرۆریستیەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵاتیش کرا و ئاماژە بە چەندین کردەوەی تیروریستی ڕێژیم و ئاشکرا بوونی چەند باندی تێروریستی ئێران کرا. پەرەپێدان و گەشەی هەڕەمەکی بەرنامەی موشەکی ڕژیمی ئیسلامی، کە یەکێک لە خالەکانی ڕێکەوتننامەی بەرجام بوو کە دەبوو ڕژیمی ئێران کۆتایی بە گەشەی موشەکی خۆی بێنێت و ڕۆژئاواش بە وردی چاوەدێری بکەن، بەڵام بینیمان کە لە سەر بنکە و بارەگانای حدک تاقێکرانەوە، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارە بوو. داوش لە حکومەتی ئوسترالیا کرا کە وێرای وڵاتانی دیکە، ئەو کردەوە و ڕەفتارانەی ڕێژیم لە قاو بدا، چوونکە ڕێژیم ئیسلامی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگای پێشکەوتووی جیهانی .
دکتر برانت، دانی بەوە دانا کە ڕێژیمی ئێران دەست لە کار و باری ناوچەکە وەر دەدا و لە شێواندنی هیوری و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەرکوتی خەڵکەکەی خۆی دەستێکی باڵای ھەیە. ناوبراو بەڵێنی دا باسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ سناتۆر “وەنگ” باس بکات و نیگەرانییەکانی نوێنەری حیزبی دیموکرات و گەلی کوردی پێ ڕابگەیەنێت. لە درێژەی کۆبوونەوەکە دا چەند بابەتی دیکەی جێگای بایەخی ھەر دو لا هاتنە بەر باس و خواس.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی ئۆسترالیا