دڵسۆزێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، خاتوو “کەژاڵ عەبدوڵڵاپووری” کچی عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاپووری ناسراو بە “وەستا عەوڵای خەیات” و هاوسەری کاک “سامان پەناهی”، دوای ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانێ دەگەڵ مەرگ، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی ٥٤ ساڵی و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی نۆڕوێژ کۆچی دوایی کرد.
خاتوو “کەژاڵ” لە بنەماڵەیەکی ناسراو و کوردپەروەری شاری سەردەشت چاوی بە ژیان هەڵێنا و کوردایەتی و دڵسۆزی بۆ نەتەوەکەی وەک تێکڕای ئەندامانی بنەماڵەکەی تێکەڵ بە خوێنی بوو و تا دواساتەکانی ژیانیشی وەفادار بە بەڵێنەکانی مایەوە.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ئەو کۆچە نابەوەختەوە، سەرەخۆشی لە تێکڕای بنەماڵەی “عەبدوڵڵاپووری” و “پەناهی” و سەرجەم خزم و کەسانیان دەکات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێ.