هەواڵە پێوەندیدارەکان بە ڤایرۆسی کۆڕۆناوە

ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ماوەیەکی کورتدا بەهەموو جیهاندا بڵاوبۆوە و تا ئێستا ١٨٥ وڵاتی جیهانی گرتۆتەوە.

ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە لە وڵاتی چین سەری هەڵدا، تا ئێستاش هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە. لەم ماوە کورتەدا ١٨٥ وڵاتی جیهانی  گرتۆتەوە. ئەم ڤایرۆسە گیانی لە هەزاران کەس ستاندوە و ئاماری مەرگ و تووشبوان بە چرکە لە زیادبووندایە.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کاربەدەستانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانیان لە ڕێگەی کۆمپانیای ماهان کە سەر بە سپای پاسدارانە، ڤایرۆسەکەیان گواستەوە بۆ ئێران و دواتریش بەهۆی کەمتەرخەمی و ناکارامەییەوە ڕیگەیان دا بە هەموو ئێراندا بڵاوبێتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ڕایگەیاند کە وێدەچی ئاماری تووشبووان بە کۆڕۆنا لە ئێران پێنج بەرابەری ئەو ئامارە بێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردۆتەوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە لەئێران تێست تەنیا بۆ ئەو کەسانە دەکرێ کە لە دۆخێکی خراپدان و تەندروستیان ناجێگیرە.

ئێران دوای چین و ئیتالیا زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای هەیە و تا ئێستا بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم  پازدە هەزار کەس تووش بوون کە ٨٥٠ کەسیان گیانیان لەدەست داوە بەڵام ئامارەکە زۆر لەوە زیاتر باس دەکرێ.

لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە خەڵک خۆیان کەمتەرخەمن و هەموو کەس نەخۆشییەکەی بە جیددی نەگرتوە، لە لایەکی دیکەوە کاربەدەستانی دەوڵەت زۆر خەمساردانە و بە ناکارامەیی بڕیاری پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکەن و ڕێنماییەکان زۆر لاوازن و بەهۆی ٤١ ساڵ درۆ و فێڵبازیی ئەو ڕێژیمە، خەڵک لە زمان کاربەدەستانی ڕێژیمەوە باوەڕ بە ڕاستییەکانیش ناکا.

لەگەڵ ئەوەی کە سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران قوم بوو، ئاخوندە دەمارگرژەکان ڕێگەیان نەدا شارەکە قەرەنتینە بکرێ تا گەیشتە هەموو ئێران و ئێستا باس لە قەرەنتینە کردنی تارانی پێتەختی ئێران دەکرێ کە کاربەدەستانی ڕێژیم دەڵێن ناتوانین پێیتەخت قەرەنتینە بکەین و تەنیا دەتوانین خوێندنگە و بەشێک لە ئیدارەکان دابخەین.

لە کاتێکدا لە ڕاپرسییەکدا لە سەتا ٨٩ی خەڵکی ئێران پێیان باش بوو کە ئێران قەرەنتینە بکرێ، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم بێ گوێدانە پاراستنی گیانی خەڵک، بەردەوامن لە کوشتنی خەڵکی ئێران جا بە گوللە بێ یا بە کۆرۆنا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران،  لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون  و ١٢٩ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

هەر بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە لەمڕۆوە بۆ ماوەی دوو حەوتوو سنوورەکانی یەکیەتیی ئورووپا دادەخرێن.

بۆ هاوکاریی خەڵکی ئێران، ئەمریکا ڕێگەپێدانی هاوکارییە پزیشکییەکانی بۆ ئێران پەسەند کرد.

سەرۆک کۆماری فەڕانسە داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد کە لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینیەوە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.

دەوڵەتی فەڕانسە بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی وڵاتەکەی هەڵبژاردنەکانی دواخست، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانایەوە هەوڵی دەدا کە خەڵک بێنە سەرسندووقەکان و لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن و ڕاستییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای دەشاردەوە.